ئاماری دوو مانگی رابردووی کوژراوانی داعش لە سوریا
📊 ئامار و راپرسی
لە ماوەی دوو مانگی رابردووی هێرشی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانان بۆسەر داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکەی سوریا زیاتر لە 900 کەس کوژراون.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە: بەپێی ئامارەکانی بەردەستی کە لەنێوان 23ی ئەیلولی رابردوو تا 21ی تشرینی دووەم کۆکراوەتەوە، بەهۆی گورزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی، 910 کەس له و ناوچانە کوژراون کە داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکە دەستیان بەسەردا گرتووە.
بەگوێرەی ئامارەکە، زۆربەی کوژراوەکان لە ریزەکانی داعشن و له و ماوەیەدا 785 چەکداریان لێ کوژراوە، ئەمە جگەلە کوژرانی دەیان چەکداری دیکەی بەرەی نوسرە کە ئەوانیش بێبەش نەبوون له و گورزە ئاسمانییانە.
هەربەپێی ئامارەکەی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە کۆی ئه و ژمارەیە 52 هاوڵاتیی مەدەنیش کوژراون کە هەشت منداڵ و پێنج ژنیان تێدایە.
روانگەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە چاوەڕواندەکرێت زیانە گیانییەکانی ریزەکانی داعش زۆر لەوە زیاتر بێت کە راگەیەنراوە، بەڵام بەهۆی شاردنەوەی ژمارەی کوژراوەکان و سەختیی گەیشتن بە ئاماری دروست، قەبارەی دروستی زیانە گیانییەکانی داعش نازانرێت.
- 23-11-2014