پرسەنامەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ محەمەدی حاجی مەحمود
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان
هاوکاتی هەواڵە خۆشەکانی سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بەداخەوە بە بەردەوامی هەواڵی شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگەی قارەمانمان پێدەگات، کە خوێن و گیانی خۆیان دەکەنە فیدای خاکی پیرۆزی کوردستان.
برای بەڕێزم کاکە محەمەدی حاجی مەحمود/ سکرتێری حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان
روون و ئاشکرایە جەنابتان لەسەرەتای شۆڕشی نوێی گەلەکەمانەوە وەک پێشمەرگەیەکی قارەمان خەباتتان کردووەو تا ئەمڕۆ بەردەوامن لە خەبات کردن و دواجار دوێنێ لە رووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاکە عەتای سەرکردەی گەنج و ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان و کوڕی جەنابت شەهید بوو، لێرەوە پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمتان ئاراستە دەکەم و دەزانم و هەستی پێدەکەم کە ئازاری لەدەستدانی جەرگ و رۆڵە چەندە ناخۆشە، بۆیە هەموو کات و لەگەڵ بیستی هەواڵی شەهید بوونی هەر پێشمەرگەیەک ئاخ هەڵدەکێشم و دەڵێم یاخوا کەس ئازاری لەدەستدانی رۆڵە نەبینێ، بەڵام دڵنیام جەنابتان و هەموو دایک و باوکە شەهیدێکی کورد دەزانن کە خوێنی رۆڵەکەیان بەفیڕۆ نەچووەو شەهیدی پاراستنی خاک و نیشتمانن.
لە کۆتاییدا دووبارە پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەم و ئومێد دەکەم خوێنی ئەو پۆلە شەهیدانەی کوردستان دوا هەنگاوەکانمان بێ بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئاشتی و ئارامی لە کوردستان.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان