کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان....
خەڵکی خۆڕاگرو تێکۆشەری کەرکوک...
جارێکی تر تیرۆریستانی شکستخواردوی داعش و ئەوانەشی چاویان بە ئازادی و سەرفەرازی و خۆشگوزەرانی کوردستان بە گشتی و شارە سەربەرزو کۆڵنەدەرەکەی ئێوە (کەرکوک) هەڵنایەو دەیانەوێت بەم هەوڵە نەزۆک و ترسنۆکانەیان کامەرانی و ئارامی ئێوە تێکبدەن و خۆشی و ئاهەنگی سەرکەوتنە یەکلەدوای یەکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرجەم بەرەکان کاڵبکەنەوە، بەڵام خۆشیان چاک دەزانن خەونەکانیان نەزۆک و بەتاڵەو خەیاڵیان خاوە، چونکە ئێوەی کەرکوکی لەسەر تێکۆشان و کۆڵنەدان و قوربانیدان و لە پێناو ئازادی سەرتاسەری کوردستان و بە کوردستانیکردنی شارەکەتان ڕاهاتون و، کانیاوی جەستەی ئێوە دەیان ساڵە لە پێناو برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکانی شارەکەتان خوێنی لێدەچۆڕێ، بەڵام ڕەنگە دوژمنەکانی ئازادی هەتا ئێستەش ئێوەو پێشمەرگە قارەمانەکانتان نەناسن، هەر دوێنێ بوو جلەولا و سەعدیەو مەخمورو گوێر و تەللوەرد و ناوچە کوردستانیەکانی دیکەیان لە چنگی ڕەش و دڵی پڕ لە قینیان دەرهێناو ئازاد کرد، سبەینێش بستێک لە خاکە پیرۆزەکەتان نامێنێ ئاڵای کوردستانی لەسەر هەڵنەکەین و نەشەکێتەوە.
کەرکوکیانی سەربەرز، کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکان...
درود و سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدەکانی دوێنێ ی ئێوەو سەرجەم شەهیدانی کوردستان،سەربەرزی و خۆڕاگری زیاتر بۆ ئێوەو تێکڕای کوردستانیان لە هەموو پارچەکانی تر.
کۆسرەت ڕەسول عەلی
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان