یوونس رەزایی
یوونس ڕەزایی لەدایکبووی ساڵی 1975 (1354ی هەتاوی) لە
بۆکانبۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شاعیر و نووسەری کوردە.
یوونس ڕەزایی لە
مەهابادمەهاباد و بۆکان خوێندوویەتی. پاشان خولی کارناسی تەکنۆلۆژیای پەروەردەی لە زانکۆی تەورێز و ماستەری زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی زانست و توێژینەوەکانی تاران تەواو کردووە. لە بنکەی ڕاهێنانی هزری مناڵان و مێرمنداڵانی شاری بۆکان دامەزراوە. پاش چەند ساڵێک لەوێ وازی هێناوە و بۆتە مامۆستای قوتابخانە. لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا گەلێک نووسراوە و هۆنراوەی بڵاو بۆتەوە. سەرنووسەری گۆڤاری کانیزایەڵەوپەیژە و لە ساڵی 1379 هەتاوییەوە (2000) ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە بووە هەتا چەند مانگ بەر لە ڕاگیرانی.
یوونس ڕەزایی وەک داهێنەری شێعری شێت دەناسرێ و دوو کۆمەڵە شێعری بە ناوەکانی شین ترین بەتاڵ و منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان بڵاو کردووەتەوە، کە تایبەتمەندییەکانی ئەم شێوەشێعرییەیان لەخۆگرتووە. وەک یەکێک لە داوەرانی بەشی شێعری یەکەمین خەڵاتی ئەدەبیی کتێبی کوردی ئیبراهیم یوونسی هەڵبژێردراوە و لە هەڵسووڕاوانی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بووە. شێعر و چیرۆکی بە زمانی فارسیش وەرگێڕدراون. هاوکاری بنکەی ئینسایکڵۆپێدیای چیرۆکەکانی ئێران بووە.
لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانیشدا چالاکە و بەرهەمی چاپ کردوون. جگە لەوەش ئەندامی دەستەی نووسەرانی مانگنامەی ڕۆچنە بووە، کە تایبەتە بە مناڵان و مێرمنداڵان. هەر وەها یەکێک لە ئەندامانی چاودێری گۆڤاری مناڵانەی کانییە، کە پاشکۆی گۆڤاری مەهابادە و 95 ژمارەی دەرچووە.
لە بواری فیلمنامەشدا چالاکە و تا وێستا فیلمنامەی بۆ ژیان و بەرهەمی هونەرمەندی مۆزیکژەنی کورد موجتەبا میرزادە و شاخەوانی کورد محەممەد ئەوراز نووسیوە، کە لە تەلەفزیۆنە کوردیەکانەوە بڵاو بوونەتەوە.
[1]
بەرهەمەکان-
نووسین:
شینترین بەتاڵ، شێعر، 2001
منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان، شێعر، 2007
مامە میاو، چیرۆکی مناڵانەی ئاژەڵان، 2014
تەنیایی لە تیراژی پایزدا، شێعر، 2018
سەمفۆنی پێنجەمی باران، شێعر، 2018
نەشتەر بە ڕەنگێکی دیکەی ترەوە، شێعر، 2018
کایە بە ئەلف و بێی گریان، شێعر، 2018
وەرگێڕان:
ڕێوی مەنجەڵ بەسەر، چیرۆکی منداڵان، وەرگێڕان لە فارسییەوە، 2010
هەنگاوی یازدەهەم، چیرۆکی منداڵان، وەرگێڕان لە فارسییەوە.
بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان
و من عاشقانە انبوە میشوم بەفارسیکراوی هەڵبژاردەیەکی شێعرەکانی یوونس ڕەزایی، وەرگێڕ: ئارەش سەنجابی 2010
دستور زبان باران، بەفارسیکراوی کۆمەڵەشێعرێکی یوونس ڕەزایی، وەرگێڕ: ئارەش سەنجابی، 2016
نموونەی شیعر
نەشتەر بە ڕەنگێکی دیکەی ترەوە
بە کۆڵانەوە دەتبینم
لە تابووتی خۆت دا رووبارێکی تری
(واتە رابردووت کە وێنەیەکی لێڵ بوو لە دەریا...
واتە دەریا
نەک ئەو کاتانەی بڵێسەکانی شێتن
ئەو مەحەل کە دەفی مانگ زەرد و بێدەنگە
لە دیوانی شاعیران دا... کە ئاسمانێکی غەوارە
واتە ئاسمان تەختە رەشێک نەبوو
ئەسپێک تەقڵە کوت تێیدا شێعر بێ
زەمینیش جەغزێک نا بە دەوری... دۆزەخ دا
بە کورتی... باران لە کۆڵان دەبارێ و
من جگەرەیەک لە بەر پەنجەرەکەم دادەگیرسێنم
و هەر هیچ... باخێک بە زەمانەوە نابینم...
بێ ناسنامەیەک لە باڵێکی سوور)
بە تاریکەوە دەتدوێنم
وێڕای ناخی رەوەزێک مات...
(رەوەز بە واتاکانی ئینسانەوە نا... لە مێژوویدا
بە قەڵافەتی رابردووشەوە نا... کە بەرزە و:دوور لە رەنگەکان
بە قووڵایی شەوگارەوە... کە بێ سەروشوێن دەبێ:ئەسپێک لە بوومێک دا
کە سەوزە تا هەمیشە
سووریش واتای دیکەی جودا لە تەقینەوەی پرسووس و
ئاڵای چین و ریستوورانی تاڵی قاوە
سوور هێمای دی
هوتێلی تر
شێعری دیکەش
وە خەنجەرێکیش کە دڵۆپ دڵۆپ خۆتی... لە کالانی تەوەللا
بۆ من کە تابووتت لە سەر شانم... دەگمێنێ
-من تا لووتکە... تا بەرزایی خوێن... تا هەتاو
من تا باران... تا ناخی دار... تا لاپەڕەی روونی کانی
تەنیا تەنیا تابووتت ئەی مێژووم
بە زاراوەی خۆشم
ساڕێژ دەکەم.
وە دەتلێمەوە بە نووکی نەشتەرت دا
دەزانم... تا سنوورێکی کە مەزاری ئاورە....
لاپەڕەکانی دوێنێ دیسان بە شەقام وەربوون
لاپەڕەی یەکەم خەون بوو
دووەم خوێن و وێرانی هەتا سنوورێک لە ئاو
لاپەڕەکانی دی پەڕەوازەی ئاور و تەنیایی
دوا لاپەڕەم تەلەویزیۆنێکی مێوینە
-بمبوورە من میهرەبانی
واتایەکی دی بۆ خەنجەر
رێیک بۆ پەڕینەوە لە مەرگ... لە مێوینەکان دا دەبینم-
ویتییەک سەبارەت بە مێژووی ئوتریش و
ئۆپێڕی با
فیلمێک لە سەر دۆڵفینەکانی دووبلین و
تەنانەت بێڕلینیش... بەو هەموو شوورەیەوە... کە شوورەیی بوو
دوا لاپەڕەم درێژەی تابووتت نا کە ون بوو
رووبارێک دێر بە دێڕی سبەینێ
ماڵئاوا سوور!... بە واتایەکی دیکەوە
نەشتەر! بە رەنگێکی دیکەی ترەوە...
کە سوور نییە... لە زمانت دا شاراوە.