ژمارەی رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێم دوو هەزاری تێپەڕاندووە
📊 ئامار و راپرسی
رەهێل سەمەد
وتەبێژی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کاتی ئێستا دوو هەزار و 302 رێکخراوی ناحکومی ناوخۆ و بیانی و عیراقی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و 258 رێکخراوی تریش داواکاریان پێشکەشکردووە، بەڵام پرۆسەی تۆکارکردنی رێکخراوە ناحکومییەکان تا مانگی شەشی ئەمساڵ وەستێندراوە.
ئارام سەعدی وتەبێژی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی کوردستان بەخەندانی راگەیاند:"
لە ئێستادا ژمارەی رێکخراوە ناحکومییەکان، ژمارەیان بەرزبووەتەوە بۆ 2302 رێکخراو و له و رێژەیەشدا 142 رێکخراوی نێودەوڵەتین و 52 رێکخراویش عێراقین و 27 تۆڕی رێکخراوەکانیش تۆمارکراون و 212 رێکخراویش ئەوانەن کە پێش دەرچوونی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2011 هەبوون و هاتوون خۆیان لەگەڵ یاساکە لە فەرمانگە گونجاندووە، جگە لەوەش 258 دۆسێمان لەبەردەستدایە کە خەریکی پێداچونەوەین بۆیان کە بۆ تۆمارکردن پێشکەشی فەرمانگە کراون".
ئارام سەعدی وتیشی:" بۆ رێکخستنەوەی کاروباری ناوخۆی فەرمانگە، تایبەت بە تۆماری رێکخراوەکان، لە ئێستادا پرۆسەی تۆمارمان بۆ مانگی تەمموز وەستاوە، تا بتوانین هەندێک ڕێوشوێنی تایبەت هەیە بۆ رێکخستنەوەی کاروبارە ناوخۆییەکان و تۆماری رێکخراوەکان بیگرینەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکانی پرۆسەی بە ئۆنلاینکردنی پرۆسەی تۆمار بەردەوامە تا لە ئاییندەیەکی نزیکدا بکەوێتەکار".
لەبارەی بودجەی رێکخراوەکان، وتەبێژی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان وتی:" ئه و قەیرانە زۆر کاری کردووەتە سەر کاری رێکخراوەیی و تەنانەت خودی فەرمانگەش، بەدەر نییە لە گرفتە سلبیەکانی ئه و قەیرانە، بەڵام ئەوە تا ڕادەیەک فاکتەرێکی باش بوو تا فەرمانگە وەک لایەنێکی بەرپرسی حکومیی و رێکخراوەکان وەک کەرتێکی گرنگ لە بواری کۆمەڵگەی مەدەنی بتوانین لەرێگەی ئه و قەیرانە داراییەوە بەخۆماندا بچینەوە تا بتوانین شێوەی جیاواز هەنگاو هەڵبنێن بۆ پێداچوونەوە بە کارەکانمان، بەتایبەت ستراتیژی پاڵپشتی دارایی رێکخراوەکان".
- 08-04-2015