ئاماری رزگاربوانی کوردانی ئێزدی لەدەست داعش ئاشکرا دەکرێت
📊 ئامار و راپرسی
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی دوا ئاماری بەڕێوەبەرایەتیەکەیان هەزارو 483 هاوڵاتی ئێزدی لەدەست تیرۆرستانی داعش رزگاریان بووە.
خەیری بوزانی بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندانی راگەیاند: "بەگوێری ئەنجامی دوا ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم کە لە 16ی نیسانی 2015 ئامادەکراوە، هەزارو 483 هاوڵاتی ئێزدی لەدەست تیرۆریستانی داعش رزگاریان بووە".
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی راشیگەیاند: "لەو ژمارەیەی ئازادکراون 293 یان لە رەگەزی نێرو 724 یان رەگەزی مێ بووە، جگە لەو ژمارەیەش 241 منداڵی کوڕو 225 منداڵی کچ-یش لەناو ئازادکراوەکاندان".
خەیری بوزانی وتیشی: "ئەو ژمارەیە لەکۆی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی ئێزدی دێت کە لەسەرەتای مانگی هەشتی ساڵی رابردوو لەلایەن تیرۆریستانی داعش دەستگیرو بێ سەروشوێنکراون کە بەشی زۆریان لە رەگەزی مێن".
- 17-04-2015