ئەگەر ئەو کارەساتە بەمشێوەیە بەردەوام بێت تاوەکو کۆتایی ساڵ، ڕەنگە ئەمساڵ بە ساڵی خۆکوشتن نێوببرێت لەشاری هەولێر.
ئامارێکی پۆلیس دەریدەخات تەنیا لە ماوەی 3 مانگ و نیوی ئەمساڵدا 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر خۆیان کوشتووە. پۆلیس دەڵێت ژمارەکە "زۆر زۆرە". کۆمەڵناسێکیش دراما دۆبلاژکراوەکان بەهۆکار دەزانێت.
بەپێی ئامارێکی پۆلیسی هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 17ی نیسان، 27 کەس (15 نێر و 12 مێ) بە ڕێگەی جۆراوجۆری وەکو (تەقە لەخۆکردن، خۆخنکاندن و خۆسووتاندن) خۆیان لەناوبردووە. ئامارەکە، پۆلیسی هەولێری تووشی شۆک کردووە کە دەڵێن هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ حاڵەتەکانی خۆکوشتن زۆر نەبوون.
کاروان خۆشناو، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی گوت "ئەو کەسانەی پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە، زۆربەیان گەنجن. بەشێکی زۆری هۆکارەکەشی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێو خێزانەکانیان دەگەڕێتەوە".
رووداوی خۆخنکاندنی کچێکی تەمەن 11 ساڵ لەڕێگەی خۆهەڵواسینەوە لە گەڕەکی سێتاقانی شاری هەولێر لە هەفتەی ڕابردوودا، کاریگەرترین ڕووداوی نێو 27 ڕووداوەکەیە.
ڕائید کاروان گوتی "ئەو ڕووداوە زۆر کاریگەر و سەرنجڕاکێش بوو بەلامانەوە، بۆچی کچێک لەو تەمەنەدا و بەو شێوەیە بیر لەخۆکوشتن بکاتەوە".
بۆ هۆکاری خۆکوشتنی کەسانی لەو تەمەنە، گوتەبێژەکەی پۆلیسی هەولێر پێیوایە هۆکاری سەرەکی ئەو دراما دۆبلاژکراوانەن کە لە کەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەکانی کوردستانەوە پەخش دەکرێن.
نزیکەی 50 کەناڵی ناوخۆیی لە شاری هەولێر هەن و زۆربەشیان شەوانە درامای دۆبلاژکراو بڵاودەکەنەوە، تەنانەت کەناڵیان تێدایە شەوانە چوار درامای دۆبلاژکراو بڵاودەکاتەوە. هەندێکیشیان تایبەتن بە فیلم و دراما.
کازم زرار مامۆستای بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سەڵاحەدین، سەیرکردنی بەردەوامی خەڵکی کوردستان بۆ ئەو درامایانە بەهۆکارێک دەبینێ بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو ڕەفتارانە.
ماوەی زیاتر لەساڵێکە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قورسی دارایی بووەتەوە، بەتایبەتیش ئەو کەسانەی فەرمانبەران و سەرچاوەی ژیانیان، مووچەکانیانە. هەروەها ئەو کەسانەش کە لەبازاڕدا کار دەکەن و ئیشیان کز بووە.
رائید کاروان و کازم زرار قەیرانی دارایی بەهۆکارێکی سەرەکی دەبینن بۆ دروستبوونی فشاری دەروونی لەسەر ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن.
مامۆستا کازم دەڵێ "لەبەرئەوەی ساڵانی ڕابردوو خەڵک بەخۆشی دەژیان، بەڵام ئێستا تووشی قەیرانی دارایی بوون و ناتوانن وەک پێشتر خواستەکانیان پڕ بکەنەوە، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن".
هەرچەندە ئەو کۆمەڵناسە دەڵێت قەیرانی دارایی یەکێک لە هۆکارەکانی خۆکوشتنە، بەڵام لە نێو ئەوانەی لە شاری هەولێر خۆیان کوشتووە، ئەفسەری تێدایە بە پلەی لیوا و نەقیب کە بە بەراورد بەو پۆلیس و پێشمەرگانەی پلەیان نییە، باری ئابوورییان زۆر باشترە.
زۆرجار ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن وا بیر دەکەنەوە کە بە خۆکوشتن کێشەکانیان چارەسەر دەبێ، بەڵام وەک کاروان خۆشناو دەڵێت، ئەو کەسانە دوای خۆیان چەندین گرفتی دیکە بۆ کەسوکاریان جێدێڵن "کەسێک خۆی دەکوژێ وا هەست دەکات کێشەکەی کۆتایی دێ، بەڵام نازانێ کێشەکانی دوای خۆکوشتنی گەورەترن، بۆیە دەڵێم خۆکوشتن چارەسەر نییە".
مامۆستا زرار باسی هۆکارەکانی دیکەی خۆکوشتن دەکات و دەڵێت "هەندێک لەوانەی خۆیان دەکوژن لە تەمەنێکی زوودا هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام کاتێک تووشی کێشە دەبن و چارەسەریان لا نییە، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن". هەروەها دەڵێت "زۆرجار کەسوکار ڕێگە بە گەنجان نادەن بە خواستی خۆیان شوو بکەن، بۆیە ئەو کەسە کە هیچ چارەیەکی نامێنێ پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات".
- 24-04-2015