بارزانی و ئۆباما لە واشەنتۆن کۆبوونەوە
- بارزانی و ئۆباما لە واشەنتۆن کۆبوونەوە، بەپێی راگەیندراوی هەردوولا کۆبوونەوەکە زۆر سەرکەوتوو بووە. ئەندامانی شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، دەرباز کۆسرەت وەزیری ئاوەدانکردنەوە، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا پێکهاتبوو.
- لەبەردەم دادگای دەربەندیخان چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی خۆپیشاندانێکیان رێکخست و پشتگیری خۆیان بۆ سەروەرکردنی یاسا نیشاندا و داوایانکرد دادگاکان رۆڵی خۆیان ببینن و چەندان کەیس هەیە یەکلایی بکەنەوە.
- هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە گوندی سێ چارەی سەر بە ناحیەی گوێر، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەخەنە خوارەوە.
- لەپێجەم ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) گردبونەوەیەک لەشوێنی رفاندنەکەی لەنزیک کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر بەبەشداری کەسوکاری شەهید و ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسان ئەنجامدرا.
- رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، حکومەتی سوریا بە ناپاڵم مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج و نەخۆشخانە و خوێندنگەکانی ناچار کردووە لەژێر زەویدا کاربکەن، هێرشی حکومەتی سوریاشی بۆسەر مەدەنییەکان بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەسفکرد.
- گوتەبێژی کۆشکی سپی رایدەگەیێنێ، ئەمریکا لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا بەردەوامدەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان.
📌
کوردیپێدیا، رۆژانە (بێلایەنانە) مێژووی کوردستان تۆماردەکات... 📅 کڕۆنۆلۆژیای رووداوەکان