لەماوەی 12 مانگدا هەرێم 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتوە
📊 ئامار و راپرسی
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێمان سەیرە هەرێم دەڵێت ناتوانین موچەی فەرمانبەران دابینبکەین، چونکە بەوتەی ئه و لەئایاری 2014 تا ئایاری ئەمساڵ بەبێ ئاگاداری ناوەند هەرێم بایی سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار نەوتی بۆ خۆی فرۆشتوە.
ئاوێنەنیوز: سەرۆکی کوتلەی ئیرادە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حەنان فەتلاوی ئەمڕۆ دوشەممە، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق پێیڕاگەیاندوە کە هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی و رێککەوتنی بەغدا، لە22ی ئایاری 2014وە "لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە نەوت هەناردە دەکات، لەکاتێکدا ئەمە پێشێلکردنی دەستورە".
باسی لەوەشکرد کە پرسیاری ئاڕاستەی عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت کردوه و لەوەڵامدا وتویەتی بەڵێ هەرێمی کوردستان بەبێ پرسی ئێمە نەوتی هەناردە کردوە، "بەتایبەت بەره و ئیسرائیل".
ئه و پەرلەمانتارە سەرسوڕمانی خۆشی دەربڕی لەوەی هەرێم دەڵێت ناتوانین موچەی فەرمانبەرانمان دابینبکەین و وتی "هەناردەکردنی نەوتی هەرێم هەندێک مانگ گەیشتوەتە حەوت ملیۆن بەرمیل و کۆی گشتی کەمتر لەساڵێکیش گەیشتوەتە زیاتر لە46 ملیۆن بەرمیل، کە دەکاتە زیاتر لەسێ ملیارو نیو دۆلار، بۆیە پێمان سەیرە دەبیستین دەڵێن پارەمان نییە بیدەین بەموچەی فەرمانبەران".
فەتلاوی راشیگەیاند، لەئایاری 2014 تا کانونی یەکەمی 2014 هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتوەتە 33539758 بەرمیل لەرێی بەندەری جیهانی تورکیا. ئاماژەشیدا، هەناردەی نەوت بەبێ ئاگاداری حکومەتی ناوەند لەکانونی دوەمی 2015 تا مانگی ئازاری رابردو گەیشتوەتە 13223846 بەرمیل و کۆی گشتی بۆ هەردو ساڵەکە گەیشتوەتە 46763604 بەرمیل.
- 05-05-2015