1. دروستکردنی هەژمار دەبێت وەک SlidShare.net یان calameo.com وابێت واتە بەکارهێنەر خۆی وشەی نهێنی دابنێت و بتوانێت بیگۆڕێت.
2. سڕینەوەی هەژمار هەڕەشەیە لەبەکارهێنەر. نابێت هەژماری هیچ بەکارهێنەرێک دوای دومانگ بسڕرێتەوە ئەگەر هیچ چالاکییەکی نەبوو بەڵکو دەبێت بۆ هەمیشە ئەو هەژمارە بمێنێتەوە چونکە نابێت بەکارهێنەر بێزار بکرێت لەبەرئەوەی دروستکردنەوەی هەژمار دەبێتە هۆی بێزاربوون و ماندوبوون و توڕەبوونی بەکارهێنەر، وا باشترە هەژمارەکەی هەمیشە بەزیندویی بمێنێتەوە و هەژماری هیچ کەسێک نەسڕرێتەوە و کەسیش سزانەدرێت لەبەر ناچالاکییەکەی.
3. ماڵپەڕەکە دەبێت بکرێت بە شوێنێک بۆ ئاسودەی دەروونی بەکارهێنەر. چۆن؟ پێویستە کاتێک کە بەکارهێنەر بۆ بوارێک دەگەڕێت، ئەنجامی دەست بکەوێت و نائومێد نەبێت لە گەڕانەکەی وە لەڕووی پیشەییەوە، بەکارهێنەر هەست بە بوون و گرنگی ئیشەکەی خۆی بکات. بۆ نموونە: کاتێک ئەندازیارێک لە پۆلی بابەتەکانی ویکپیدیادا دەگەڕێت بۆ پۆلی ئەندازیاری، هیچ ئەنجامێکی دەست ناکەوێت بەمەش ئەو ئەندازیارە دوچاری داڕوخانی دەروونی دەبێتەوە و هیچ هیوایەکی بە کوردیپێدیا نامێنێت وە هەرگیز شانازی بە کوردیپێدیاوە ناکات چونکە لەنێو پۆلەکاندا، پۆلی ئەندازیاری جیانەکراوەتەوە. زۆر پێویستە ڕێز و شکۆی هەموو پیشەیەک ڕەچاو بکرێت.
4. دەبێت هەموو کەس بتوانێت بەبێ هیچ گرفتێک بابەت و بەرهەم و فایلەکانی بار بکات بۆسەر ماڵپەڕەکە، جا هەر جۆرە فایلێک بێت وە ک: pdf یان doc یا فایلی دەنگی.... هتد، وە بەهیچ جۆرێک پێویست نەکات لەلایەن بەڕێوبەری ماڵپەڕەوە بابەتەکان ئەپروڤ بکرێن، چونکە ئەپروڤ کردن کاتی پێویستە و دەبێت بەکارهێنەر چاوەڕوانی بەڕێوبەر بێت تا بابەتەکەی بۆ ئەپروڤ بکات. دووبارە ئەمەش دەبێتە هۆی توڕەکردنی بەکارهێنەر چونکە چاوەڕوانی درختێک نییە لە باخی هەموو بەکارهێنەرێکدا بپشکوێت.
5. دەبێت ماڵپەڕ، بە گوێرەی حەز و ویست و خولیای بەکارهێنەربێت نەک بە ویست و خواستی بەڕێوبەری ماڵپەڕەکە، چونکە هەر وەک وتویانە: بۆ ڕاوەماسی دەبێت کرم ببەیت نەک کێک و کرێم. چونکە ماسی کێک و کرێم ناخوات.
6. پێویستە ماڵپەڕەکە ماڵێک بێت بۆ هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگا.
7. هەر پەڕتوکێک باربکرێتە سەر کوردیپێدیا، چاپەکانی داهاتوی بتوانرێت باربکرێتە سەر هەمان بەستەر واتە (بارکردنەوە Reupload) هەبێت بۆ بارکردنی چاپی تازەی پەڕتوکەکە.
8. بارکردنی پەڕتوک زۆر زۆر ئاڵۆزە لەسەر کوردیپێدیا. فۆڕمی بارکردنی پەڕتوک ئێجگار ئاڵۆزە. تکادەکەم بنیاتی فۆڕمەکە بگۆڕن. ئا ئەو هەموو زانیاریە هیچ پێویست ناکات بۆ تۆمارکردنی کتێب داوا بکرێت. تەنها ناوی پەڕتوکەکە و ناوی نوسەرەکە گرنگە. زانیاریەکانی تر هەمووی لە پەڕتوکەکەدا نوسراوە. هیچ پێویست ناکات لەکاتی بارکردندا ئەو هەموو زانیاریە پڕ بکرێتەوە. چونکە کاتێک ئێجگار زۆری دەوێت. بڕوام پێبکە چەند پەڕتوکێکی ئێجگار نایابم لایە. بەڵام ناوێرم باریان بکەم. پێشنیار دەکەم تەنها ئەم سێ شتە هەبێت بۆ بارکردنی پەڕتوک، ناوی نووسەر و ناونیشانی پەڕتوک وە ئایکۆنی بۆ بارکردنی پەڕتوک.
9. وە کاک هاوڕێ باخەوانی هێژا، چونە ژورەوە و چونە دەرەوە لە کوردیپێدیا هەر وەک slideShare.net بێت. لە کوردیپێدیا دا پێت ناڵێت لە ژورەوەیت یان لە دەرەوەیت.
لەبەرئەوەی کوردیپێدیا ڕۆژلەدوایڕۆژ گەشەدەکات و پەل دەهاوێت، بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانی کە ئەم. پێشنیارانە بخەمە خزمەتی ماڵە پڕزانستەکەمان. لە کۆتایدا پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت: نانکەرت نەبێت بەڵام تەگبیرکارت بمێنێت. ئەمە پێشنیارانە بۆ باشترکردنی ماڵەکەمانە. جارێک، باوکێک بە کوڕەکەی دەڵێت: کوڕم، ئەقڵی خەڵکی بۆ خۆت بدزە. کوڕەکەشی دەڵێت: باشە، باوکە، من چۆن عەقڵی خەڵکی بۆ خۆم بدزم؟! باوکی دەڵێت: کوڕم، لە کاروبارەکانتدا، ڕاوێژ بە خەڵکی بکە.
کاک هاوڕێ گیان، هیچ پێویست بە ترس ناکات. دەبێت لە کورترین ماوەدا ئەم کارانە بکرێت. هەنگاوی هێواش لەپێناوی چیدا؟ ئەگەر وابێت، وەک کەروێشکەکەمان لێدێت کە لە نیوەی ڕێگەکەدا دەخەوت، هەتا لە کۆتایدا کیسەڵەکە پێشبڕکێکەی لێبردەوە.
هەرشاد بیت
ڕەوەز جەلال ئەمین
02-06-2015