کوردیپێدیا، سەربە پارتییە! یان یەکێتی؟ و بەپارەی کێ ئەمە دەکات و (عاید)ی کێ...
کوردیپێدیا، سەربە پارتییە! یان یەکێتی؟ و بەپارەی کێ ئەمە دەکات و (عاید)ی کێیە!
زۆرجار ئەو پرسیارەم ئاڕاستەکراوە، ماوەیەکیشە هەمان پرسیار بە مەبەست یان بێ مەبەست لە کاک مانو بەرزنجیی هاوکارم دەکرێت، کە بەم دوادواییە کارە خۆبەخشەکانی لە کوردیپیدیادا جێگای خۆشحاڵییە و گوڕێکی زۆر باشە چ بۆ من کە بەتەنیا نەبم و چ بۆ کوردیپێدیاش..
کوردیپێدیا، ساڵی 2008 تەنها و تەنها لەسەر ئەرکی بەندە دامەزرا، سەرەتا بەسادەیی دەستم پێکرد و پاشان گەشەی کرد، خۆشبەختانە هەر زوو چەند هاوکارێکم بۆ پەیدابوون و پێکەوە لە کارێکی تاکە کەسییەوە بووە کارێکی ناوکۆیی و بەهۆی هەوڵەکانی هاوکارم کاک هەڤاڵ نەژاد، بوویشە رێکخراوێکی فەڕمی لە کوردستان و لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان تۆمارکرا..
ئێستا کوردیپێدیا بووەتە خاوەنی زۆرتر لە سەد و ئەوەندە هەزار بابەت، دەیان هەزار وێنە و فایلی پەیوەندیدار بە بابەتەکانییەوە پەیوەست کراون، سەرباری ئەوەش بووەتە یەکەمین پەڕتووکخانەی دیجیتاڵی کوردی کە ریپۆزیتۆرییەکەی زۆرتر لە شەش هەزار فایلی پی دی ئێفی پەڕتووکی دەربارەی کوردستان و کورد لەخۆی گرتووە..
ماڵپەڕەکەمان لە کایە مەعریفی و رۆشنبیرییەکاندا ئێستا باش ناسراوە، رۆژانە سەردانکەری زۆرمان هەیە و زۆرتر لە ملیۆنێک دۆکومێنت لەسەر ماڵپەڕەکەمان داونلۆدکراوە..
کارێکی لەم جۆرە لە کلتووری ئێمەدا ناکرێت و نابێت! بەسەربەخۆیی بمێنێتەوە، کلتووری ئێمە کلتووری (عاید بەکێیت)ە! و ئاسان نییە بتوانیت بەبێ ئەوەی سەربە هیچ لایەک بیت کارەکانی خۆت بەڕێوەبەریت!.. هەربۆیە من هیچ گلەییەک لەو پرسیارکەرانە ناکەم، چونکە ئێستا پەیجەکانی فەیسبووکیش عایدی لایەنێکن و لەوەوە بڕوانە بۆ رۆژنامە، گۆڤار، رادیۆ و تەلەڤزیۆنەکان..
کوردیپێدیا، عایدی هیچ لایەنێک نییە، هەر کاتێکیش کوردیپێدیا یەک فلس لە کەسێک یان لایەنێکەوە وەربگرێت لە بەشی کۆمەکدا بە بەڵگەی ناردنەکەیەوە بڵاودەکرێتەوە و هەموو کەسێک دەتوانێت سەیری ئەو لاپەڕەیە بکات.. کارەکانی ئێمە زۆر بێلایەن، تڕانسپەڕانت و پڕۆفیشناڵە و تکایە وازمان لێبهێنن با بەردەوام بین.. ئێمە عایدی یەک لایەنین، ئەویش ناوی دەستەبەرکردنی زانیارییە بۆ هەر تاکێکی کورد دەربارەی وڵات و نەتەوەکەی.. ئامانجمان ئەوەیە وەک هەر نەتەوەیەکی تر خاوەنی داتابەیسێکی نەتەوەییی خۆمان بین.. کە لەو رووەوە کوردیپێدیا دەبێتە یەک لە بەراییی پایەکانی..
لەگەڵ رێزی هاوڕێ باخەوان، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری رێکخراوی کوردیپێدیا
27-06-2015
لاهای - هۆڵندا