وەلی مەحمود حەمەد
ناوی تەواوی: وەلی مەحمود حەمەد رەسوڵ
نازناوی بنەماڵە: شێخانی
شوێن و ساڵی لەدایک بوون: لە 24-06-1963 لە گوندی (ئیلنجاغی گەورە) ی سەر بە شاری (کۆیە) لەدایک بووە.
شوێنی نیشتەجێبوون: باشووری کوردستان شاری کۆیە
پیشە: مامۆستای زانکۆ لە بواری زانستی کیمیا. لە 27-01-2015 وەک سەرۆکی زانکۆی کۆیە دەست بەکاربووە و تا ئێستا بەردەوامە.
پسپۆڕی ورد: کیمیای فیزیایی
کورتەیەک لە ژیاننامەی:
لەساڵی 1963 لە گوندی (ئیلنجاغی گەورە) سەر بە شاری کۆیە لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەولێر تەواوکردووە.
لە ساڵی 1982 لە زانکۆی سەڵاحەدین کۆلێژی پەروەردە بەشی کیمیا وەرگیراوە. لە خوێندنی زانکۆدا خوێندکارێکی زیرەک و سەرکەوتوو بووە لە ساڵی دووەمی خوێندنی 1984 بەهۆی بەشداری نەکردنیان لە (سوپای میلی حزبی بەعس) یاخود (جەیشی شەعبی) ئەم ساڵە لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکاراندا لە خوێندن دوورخرانەوە. لەساڵی 1987 خوێندنی بەسەرکەوتووانە تەواوکردووە وە پلەی یەکەمی لەسەر بەشەکەی بەدەست هێناوە.
ساڵی 1990 بڕوانامەی ماستەری لە بواری کیمیا لە پسپۆڕی (کیمیای روو) surface chemistry کە بەشێکە لە پسپۆڕی کیمیای فیزیاوی physical chemistry.
لە ساڵی 1991 وەک مامۆستا لە بەشی کیمیا لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدین دامەزراوە.
لە راپەڕینی ساڵی 1991 یەکێک بووە لەو مامۆستایانەی ئەرکی پاراستنی کەل و پەلەکانی زانکۆی سەڵاحەدینیان لە ئەستۆ گرتووە و توانیان کەل و پەلێکی زۆری ئەو زانکۆیە کە تاوەکو ئەمڕۆش هەندێکیان سوودی لێ دەبینرێت لەدەستی تاڵانکردن بیپارێزن.
ساڵی 1994 بووە بە بەڕێوبەری گشتی چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین هەتا ساڵی 1996 بەهۆی باروودۆخی سیاسەوە لەم پۆستە دووردەخرێتەوە.
ساڵی 2001 بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی بەغداد (کۆلێژی زانست) لە بواری کیمیا لە پسپۆڕی کریستاڵە شلەکان liquid crystals بەدەستهێناوە.
لەساڵی 1991 هەتا ساڵی 2004 وەک مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین کاری کردووە.
ساڵی 2004 وەک راگری پەیمانگای تەکنیکی کۆیە دەستبەکاربووە هەتا ساڵی 2010 راگری ئەو پەیمانگایە بووە.
یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی زانکۆی کۆیە. وە سەرپەرشتیاری دامەزراندنی کۆلێژی زانستی کردووە لە زانکۆی کۆیە سەرەڕای ئەرکی راگرایەتی پەیمانگای تەکنیکی کۆیە.
لە ڕۆژی 27-01-2015 بووە بە سەرۆکی زانکۆی کۆیە.