رونکردنەوەیەک لە ئاسیاسێل وە
📝 بەڵگەنامەکان
کۆمپانیای ئاسیاسێل لە بارەی گرانکردنی نرخی کارتی مۆبایلەوە رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.
لە رونکردنەوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ "خەندان" نێردراوە و تێدا هاتووە، ئەو بڕە زیادەیەی کە خراوەتە سەر نرخی کارتی مۆبایل، راستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە و هیچ برە پارەیەک کەم تا زۆر بۆ ئاسیاسێڵ نییە.
ئەمەش دەقی رونکردنەوەکەیە:
ڕوونکردنەوەیەک لە ئاسیاسێڵەوە بۆ رای گشتی سەبارەت بە دانانی باجی فرۆشتن لەسەر کارتی پڕکردنەوەی باڵانس وهێڵی پۆستپەید
سلێمانی، کوردستان، عێراق ـ کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگ لە بواری دابینکردنی خزمەتگوزاری پەیوەندییەکان لە عێراق، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەو خراپ تێگەیشتنەی دروست بووە دەربارەی بڕیاری حکومەتی عێراقی بۆ جێبەجێکردنی باجی فرۆشتن کە لە بڕگەی (أ)ی مادەی (33)ی یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2015 هاتووە لەگەڵ ڕێنماییەکانی ژمارە (5)ی ساڵی 2015 وبەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە لە وەزارەتی دارایی/دەستەی گشتی باجەوە هاتوون، لە 01-08-2015ەوە باجی فرۆشتن بە ڕێژەی 20%ی نرخی فەرمی دەستنیشانکراوی کارتەکانی پڕکردنەوەی باڵانس وپڕکردنەوەی ئەلیکترۆنی خزمەتگوزاری پریپەید وپسوڵەی خزمەتگوزاری پۆست پەید، وەکو باجی فرۆشتن خرایە سەر بەشداربووان.
لە کاتێکدا ئاسیاسێڵ پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی وئەنجومەنی نوێنەرانەوە رادەگەیەنێت، حەزدەکات ئەوەش بۆ بەشداربووە بەڕێزەکانی وڕای گشتی ڕوونبکاتەوە کە ئەو بڕە زیادەیە راستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراقیەوە و هیچ برە پارەیەک کەم تا زۆر بۆ ئاسیاسێڵ نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی سلبی دەکاتە سەر داهاتەکانی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ.
لەبەر ئەوە، بە پێویستمان زانی ئاگادارتان بکەین کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە سەپێنراوە وبڕیاری بودجەی فیدراڵیش لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکراوە کە باجی فرۆشتن دەخاتە سەر بەشداربوو لەکاتی کڕینی کارتی پڕکردنەوەی باڵانس ودانی پارەی پۆستپەید بە رێژەی 20% هەروەها بە چەند ڕێژەیەکی تر ئەو باجە لەسەر چەندین کەلوپەل و کاڵای تری جیاواز داندراوە.
ئاسیاسێڵ، بەو سیفەتەی کە کۆمپانیایەکی نیشتمانی هاوبەشە، بەشێوەیەکی شەفافانە رایدەگەیەنێت کە بەردەوامدەبێت لە پابەندبوون بە ئەرکە داراییەکانی بەرامبەر دەوڵەت بەم شێوەیەی خوارەوە:
1. ئاسیاسێڵ کرێی مۆڵەتی کارکردنەکەی کە 1،250،000،000 دۆلاری ئەمریکییە بەتەواوەتی داوە بە دەوڵەت (ملیارێک دوو سەد وپەنجا ملیۆن دۆلاری ئەمریکی).
2. ئاسیاسێڵ بە شێوەی ساڵانە باجی داهاتی کۆمپانیاکان (چریبە دخل الشرکات)دەدات بە دەوڵەت کە بڕەکەی 15%ی کۆی قازانجی کۆمپانیایە.
3. ئاسیاسێڵ مانگانە کرێی ڕێکخراوەیی (اڵجور التنڤیمیە) دەدات بە دەوڵەت کە بڕەکەی 15% ی کۆی داهاتی کۆمپانیایە.
4. ئاسیاسێڵ پابەندە بە دانی کرێی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی نەوەی سێیەم بە دەوڵەت کە بڕەکەی 307،000،000 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە (سێ سەد وحەوت ملیۆن دۆلاری ئەمریکی).
5. ئەمە سەرباری ئەو چەند بڕە پارەیەی تر کە دەیدات بە دەوڵەت.
بەکورتی، ئاسیاسێڵ زیاتر لە سێ ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلاری ئەمریکی داوە بە دەوڵەت کە دەکاتە زیاتر لە چوار تریلیۆن و سێ سەد ملیار دیناری عێراقی.
سەرەڕای ئەو هەموو بارودۆخە ناهەموارەی کە وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئاسیاسێڵ هەمیشە سووربوە لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی بە هاوڵاتیان بە تازەترین تەکنۆلۆژیای سەردەم کە لە جیهاندا بەردەستە، وئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی بەسەر هەموو ئەو بەربەستانەدا زاڵ ببێت کە دێنە ڕێی ئەویش لە رێگەی دابینکردنی پاسەوان بۆ تاوەرەکانی ودابینکردنی کارەبا بۆیان وچەندین کۆسپی تر. وئەم مەسەلانەش هەمووی پارەیەکی بێشوماریان تێدەچێت کە بارگرانین بۆ سەرشانی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ.
دواجار، بە پێویستی دەزانین کە ئاماژە بەو ڕاستییە بکەین کە بڕیاری باجی فرۆشتن بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی ئاسیاسێڵ نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کاریگەریەکی سلبی هەیە بۆ سەر فرۆش وداهاتی کۆمپانیاکە وبڕی ئەو قازانجەی دەیکات بە گوێرەی ئەو ڕێسا ئابورییە زانراوەی کە دەڵێت بەرزبونەوەی نرخ دەبێتە هۆی دابەزینی خواست.