پێشبینی سەرهەڵدان و مەترسییەکانی داعش
نووسینی: مەلا بەختیار
ئامادەکردنی: کاروان یاروەیس
چاپی یەکەم سلێمانی
ساڵی 2015
لە دووتوێی ئەم کتێبەدا ژمارەیەک وتار، کۆڕ، چاوپێکەوتنی بەڕێز مەلا بەختیار بڵاوکراونەتەوە، کۆی ناوەڕۆکی بابەتەکان پەیوەستن بە پێشبینیکردنی مەترسییەکانی داعش و فراوانبوونی مەترسییەکانی لەسەر کۆی مرۆڤایەتی و رۆژهەڵاتی ناوین و عێراق بەتایبەتی. ئەگەرچی رەنگە بەشێک لە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە هەموو ناوەڕۆکەکەی تایبەت نەبن بە داعش، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی خوێندنەوەی هەلومەرجەکان، پێشبینی و شیکردنەوە بۆ داهاتوو، زەمینەکانی هەڵتۆقینی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکرییەوە دەچنەوە چوارچێوە گشتییەکەی قسەکردن لەسەر داعش و گروپە سەلەفییە توندڕەوەکانی تر.
لەکوردستاندا ناوەندی توێژینەوەی ئەوتۆمان نییە، کە پێشتر خوێندنەوە بۆ رووداو و هەلومەرجەکان بکات، یاخود کە دۆخێکی تازە، گۆڕانێکی گەورە، بابەتێکی هەستیار دێتەئاراوە، وەکو قۆناغێکی دیاریکراو دۆکیومێنتیان بکات و بۆ داهاتوو ببێتە سەرچاوەیەکی مێژوویی، فیکری ئەوتۆ سوودی لێببینرێت. لەم کتێبەدا لەمیانەی وتار و چاوپێکەوتن و کۆڕەکاندا، هەم پێشبینی مەترسییەکان، خوێندنەوەی هەلومەرجەکان، شیکردنەوەی فیکری بۆ هۆکار و زەمینەی دروستبوونی داعش و هاوشێوەکانی کراوە، بەدڵنیاییەوە دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ ئەم قۆناغە و داهاتووش.
رەنگە داعش وەکو فۆرمێکی تری سەلەفی توندڕەو، رێکخراوی تیرۆریستی، بەسەربچێ، بەڵام وەک چۆن دەمێک ساڵە سەلەفی توندڕه و رێکخراو و گروپی تیرۆریستی هەیە، ئاواش لەداهاتوودا بە فۆرمی تر ئەمجۆرە توندوتیژییانە سەرهەڵدەدەنەوە، هەربۆیە کۆکردنەوە و لەچاپدانی ئەم بابەتانە لە دووتوێی کتێبێکدا بایەخی خۆی هەیە و لەداهاتووشدا بەهای فیکری و رۆشنبیریی خۆی لەدەستنادات، چونکە ئێمە بۆ شەڕی تیرۆر و دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی، کە لە بەرەکانی شەڕ بووینەوە، پێویستە ئیدی شەڕی فیکری و زەمینەکانی دروستبوونی ئەمجۆرە گرووپانە دەستپێبکەین بەنەفەسێکی درێژەوە بیکەینە ستراتیژ، ئەم کتێبەش بەشێک دەبێت لە دەستپێکی ئەم هەوڵە، کە لەسەر پێشنیازی ئێمە و بە رەزامەندیی کاک مەلا بەختیار چاپکرا.
⚠️ تێبینی: ئەم پەڕتووکە فایلی پی دی ئێفی لەگەڵدا نییە، تکایە یارمەتیی کوردیپێدیا بدە بۆ بەدەستهێنانی!. 📕 ناردنی پەڕتووک