مارف جیاووک نوێنەری هەولێر..
لە نەخشەی سیاسی و ئەدەبی و خوێندەواری نەتەوەی کورددا، نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، سـەرەتایەکی روونی بـــووژاندنەوەو بە خۆداهاتن بوو، جووڵانەوەی شۆرشَگێرانەو داواکردنی مافەرەواکان گەیشتبووە ئاستی هەڵچوون، لەم بوارەدا دەستەیەک لە خـوێندەوارە ناسراوەکانی ئەو رۆژگارە تایبەتییە رەنجی فەرهادانەیان داوەو تاریکییان رەواندووەتەوە.
بۆ ئەم مەبەستەیش خوالێخۆشبوو (مـارف جیاووک 1885 – 14-01-1958) وەک نموونەو پێشەنگێکی رەزاسووکی خــزمەتگوزار دەخەینە بەر چاو.
خوالێخۆشبوو نووسەر و خوێندەوارێکی قەڵەم رەنگین و مێـژوونوسێکی کارامە بووە، ســـەرەرای دەیان وتارو بابەتی سیاسی و ئەدەبـــی کۆمەڵێ کتێبی وەک (القچیە الکردیە) و (ماساە بارزان المڤلومە) و (باربوو) و (هەزار بێژو بەند)ی بە چاپگەیاندووە. خوالێخۆشبوو دووجار بووە بە نوێنەری شاری هەولێر، یەکەمجار لە دەورەی دووەمـــی ئەنجـــومەنی نوێنەران کە لە مایــسی 1928 بە دواوە دەستیپێکرد و لە یەکی تەمووزی 1930 کۆتایی پێهات.
دووەمجار لە دەورەی سێیەمی ئەنجومەن دا کە لە یەکی تشرینی دووەمـی 1930 دا دەستیپێکــرد و لە رۆژی (5) ی تشرینــی دووەمی 1932 کۆتایی هات. دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد سەبارەت بە ئەندامێتی و دەوری کارای ئەم جوامێرە، چەندین هەڵوێستی بوێرانەی تۆمارکردووەو لە پاڵ خوالێخۆشبوو (محەمەد ئەمین زەکی) دا بەدوو کەسی نەترسی لە قەڵەم داون و سەرچاوەو تۆمارەکانی ئەو سەردەمە گەواهی ئەم راستییەن.
مارف جیاووک لە چلەی مێژوو نووسی گەورە (محەمەد ئەمین زەکـی 1880 – 1948) دا بە وتارێکــی بە ســـۆز بەشداری کــردو بەو پەڕی راستگۆییەوە وتی : (ئاە چ سوود، ئەو بە حـەسرەتی وەتەن و میللەتەوە ســەری نایەوە، زۆر ئارەزووی دەکرد کە بە چاوی خــۆی هەتاوی ئاسمانـــێ ببینێ کە کراســـی زێڕینی دایکی وەتەن بە هەتاوی ئەو ئاسمانە درەوشابێتەوە، چ سوود، ناڵەی مەزڵومانــی کـورد، فرمێسکی خوێنی غەریبانی کورد، ئەو زاتە گەورەیەی گریاند، بە ئاهو داخەوە بردییە گۆر، چــونکە تەرازووی عــەدالەت، بەیداخــی حەقی هێشتا لە ئاسمانا یەو لە دنیادا نییە، ئەوی ئـەڵێت هەیە درۆ ئــــەکا، لە دەستووری سیاســـەت، ناوی عەدالەت، حـــەقی خەبات نەنووسراوە،قووەت، زوڵـم ئیش دەکا، ئەوە فەلەستین لــە پێش چاومـــانە، ئەو زوڵمە کە لە خەڵـــکی فەلەستین کراوە لە تەئــریخــی عەسری حازردا هەر بە ئێمە کراوە).
سەرنج : مارف جیاوک لە رۆژی 14-01-1958 لە بەغـــدا کۆچــی دوایی کـــردو تەرمەکەی لە هــەولێر بە خــاک سپێردراوە و رۆژی
14-03-1958 لە بەغدا چلەی ماتەمینی بۆ سازکراو شاعیری خوالێخۆشبوو (شێخ سەلام) شیعرێکی بە سۆزی بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد.
نووسینی و ئامادەکردنی: عومەر مەعروف بەرزنجی