ساڵی 1956 لەسۆنەگۆلی شاری #کەرکووک# لەدایکبووەو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لەکەرکووک تەواوکردووە، پاشان ڕووی کردۆتە شاری #هەولێر# و لە 1979 خانەی مامۆستایانی تەواوکردووە، ساڵی 1977 پەیوەندیکردووە بەڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە و لەکۆتایی 1981 لەهەرێمی دووی کەرکووک لەلای شەهید ئەنوەر حەسەن دەبێت بەپێشمەرگە.
شەهید ئاسۆی پێشمەرگەو مامۆستا، تەمەنی پێشمەرگایەتی کورت دەبێت و لەڕۆژی 05-03-1982 لەداستانە خوێناوییەکەی گوندی (قازان) لەگەڵ 10 هەڤاڵی دیکەیدا کە (ئەنوەر حەسەن) سەردەستەی ئەو قافڵە شەهیدە بوو، شەهیددەبێت و دەگاتە کاروانە پڕ سەروەرییەکەی شەهیدانەوە.
.........
(مامۆستایەک بەکۆڵەپشتێکەوە، بارووت و کتێبی لەکۆڵناوەو ئەو مردووانە وەئاگا دێنێتەوە، کە لەجۆلانەی دارستانەکان نوستوون، ئەو باڵندانە بەئاگا دێنێتەوە کەدەڵێن لێرەدا ئاو هەیە، هەوا هەیە، دانەوێڵە هەیە، بەلام ژیان نییە.
مامۆستایەک، لەگەڕەکی چەوساوەکانەوە هاتووەو ئەوە دەزانێت ڕێگا لماوییەکانی قەدەر خۆیان کوشتووە، ئەو دەزانێت سبەینێ بەر لەدوێنێ مردووە، ئەو دەزانێت ئاسمان لەسەرمانەوە گیاندەداو زەوی لەژێر پێیاندا مردووە.
مامۆستایەک گوند بەگوند دەگەڕێت و قەفەزەکانی تەنیایی دەشکێنێ و حیکمەت وەک شەراب دابەشدەکات، ئەو خۆی لەناو کارەساتەکانەوە هاتووە، ئەو پەیامبەری شۆڕشێکە لەزەنگە هەمیشەییەکانی خەتەر، هەرگیز دڵی ڕاناچڵەکێ.
ئەو نەخشەی سەرفرازی ولاتێکی لەکۆڵ ناوەو نهێنی سەردابەکانی شادی دەخاتەڕوو. مامۆستایەک تەباشیری گوللەی بەدەستەوەو ئەو پرسیارەی ئاسمان ناتوانێت حەلی بکات، حەلی دەکات، چ مەتەڵێک قورسە، ئەو هەڵیدێنی و بەشەرمێکەوە پێمان دەڵێت: وێنەی تفەنگە دێرینەکانم بۆ بنێرن، وێنەی خەنجەری خوێناوی ناو برینم بۆ بنێرن، نەک وێنەی دڵدارانی بەر سێبەری درەختەکان.)