دهۆک؛ دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 23ی تر بەروداوی هاتوچۆ برینداربوون
رەڤەند گوهەرزی
دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 23ی دیکە برینداربوون، ئەوەش بەهۆی حەوت رووداوی هاتووچۆوە تەنیا لەماوەی دوو رۆژی جەژنی قورباندا لەپارێزگای دهۆک.
رائید ئازاد تەها، بەرێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆ لەپارێزگای دهۆک بەخەندانی راگەیاند "لەدوو رۆژی جەژنی قورباندا لەسنووری پارێزگای دهۆک حەوت رووداوی هاتووچۆ روویانداوە".
لەرۆژی یەکەمی جەژنی قوربان (دووشەممە 12ی ئەم مانگە)، دوو رووداوی هاتووچۆ لەناو سەنتەری شاری دهۆک و یەکێکیش لەناو قەزای ئاکرێ روویان داوە، بەهۆیەوە پێنج هاوڵاتی برینداربوون وەکو رائید ئازاد دەڵێت.
هەروەها دەربارەی لەدووەم رۆژی جەژنی قوربان (دوێنێ سێشەممە)، بەرێوەبەری راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆ لەپارێزگای دهۆک وتی "لەسەر جادەی سەرەکی قەزای سێمێل بۆ زاخۆ و کومەڵگای مەهەتێ و ناحیەی کەڵەک بۆ قەزای بەردەڕەش، چوار رووداوی هاتووچۆ رویانداوە، بەهۆیانەوە دوو کەس گیانی لە دەستدا و 18ی تریش بریندار بوون".
رائید ئازاد ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێک له و رووداوانەوەی دوێنێ سێشەممە، لەنزیک کومەڵگای مەهەتێ لەقەزای شێخان بووە و ئۆتۆمبێڵکی بارهەڵگر لەجۆری دێر وەرگەڕاوە، بەهۆیەوە، سەرنشینێک گیانی لەدەستداو چوار کەسی تریش بەسەختی برینداربوون کە هەر هەموویان پێشمەرگە بوون.
- 14-09-2016