رۆژنیوز - سۆران محەمەد
پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، با هیچ کەس و لایەنێک بە ناڕوونی باس لە نەوتی کەرکوک نەکات، چونکە ڕۆژانە بڕی 105 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای تەنکەرەوە دەبردرێت.
پارێزگای کەرکوک بە بوونی زۆرترین نەوت و پاڵاوگەی نەوتیی ناسراوە وەکو بابەگوڕگوڕ و بای حەسەن و چەندانی تر، بەڵام لە ئێستادا هەناردەکردنی نەوتەکەی کێشەی ناوخۆی حزبەکانی لەسەرە و هیچ لایەنەێک هەوڵنادات سازش بکەن و نەوتی کەرکوک وەکو مووچە بەکار بێنن لەم کاتی قەیرانەدا کە رووی لە هەرێمی کورستان کردووە.
شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی، بە رۆژنیوز وت:'' هەرگیز نەمویستوە قسە لەسەر بابەتێک بکەم کە بەڵگەم لەسەری نەبێت، یاخود نەمویستوە ببمە توتی حزب ئەوەی بە نامە بۆم بێت باسی بکەم، تەنانەت حزبەکەی خۆشم، هەربۆیە دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی وردم کرد بۆم دەرکەوت بە پێی نوسراوێکی کۆمپانیای نەوتی باکور کە لە 22-8-2016 دەرچووە رۆژانە 105 هەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکوک لە دەرەوەی بۆری و ڕێکەوتنی نەوت لەگەڵ بەغداد بە ڕێگەی تانکەر لە کەرکوک دەرچووە، جگە لە 30 هەزاری دیکە کە بۆ پاڵاوگەی کەرکوک بەکاردێت.
شاخەوان عەبدوڵا، وتیشی: نە خەڵکی کەرکوک لە پترۆ دۆلارەکەی و نە خەڵکی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی داهات سودیان لە فرۆشتنی نەوتی کەرکوک نەبینیوە، ئەو تانکەرانەش بۆ کۆمپانیایەک لە سلێمانی و بڕی 30 هەزاری بۆ ئێران و 25 هەزاری بۆ عێراق بۆ وێستگەی کارەبای قدس رۆیشتوە، تەنها یەک فلسیشی لێنەخراوەتە سەر داهاتی هەرێم بۆ ئەوەی هاوکاری حکومەت بێت بۆ پێدانی مووچە بە مووچەخۆران، تەنها داهاتی بۆری کە تا ئێستا بڕی 50 ملێون دۆلارە دراوە بە کەرکوک وەک پترۆ دۆلار".
ئەو پەرلەمانتارە، باسی لەوەشکرد:" بۆمدەرکەوتووە هەندێک کەس وە ناتوانم بڵێم لایەنێک، چونکە هیچ لایەنیک بە شێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ گەندەڵیدا نین، ئەو کەسانە ئەمڕۆ بەدوای فیتنە و ئاژاوەوەن لەنێوان خەڵکی کەرکوک و حزب و لایەنە سیاسیەکان و تەنانەت بە دوای دووبەرەکی دەگەڕێن لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەش لە کەرکوک، سەرنجم داوە لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەی لەدەرەوەی وڵات یان دەرەوەی کەرکوک دەژین زیاتر هەوڵی تێکدانی برایەتی نێوان خەڵک و لایەنه سیاسەکانی کەرکوک دەدەن ".
🗄 سەرچاوەکان |
[1] | 📡 ماڵپەڕ | 🏳️ کوردیی ناوەڕاست | ماڵپەڕی رۆژنیوز - |