پەیامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بەبۆنەی دەستنیشانکردنی خاتوو نادیە موراد وەک باڵێوزی نەتەوە ی
📝 Քրդական փաստաթղթեր
خوشکان و دايکانی سەربەرزمان لە کوردانی ئێزیدی
خاتوو نادیە موراد..
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
ئاسوودەو بەختەوەرین بە دەستنیشانکردنی خاتوو نادیە موراد، وەک باڵیۆزی نیازپاکی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان..
بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەین، بەتایبەتی ژنان و کچانی شەرەفمەندی ئێزیدی و سەرجەم ژنان و کچانی تری قوربانی دەستی داعش..
ئێمە لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردەم پاڵپشتی خۆمان لە خاتوو نادیە موراد و مەینەتی و مەرگەساتی دایکان و خوشکانی ئێزیدیمان کردووە، کە دووچاری دڕندەترین تاوانکاری سەردەم بوونەتەوەو هەموو هەوڵێکمان بۆ رزگارکردن و زانینی چارەنووسی ئەوانەی تا ئێستا لە ژێردەستی تیرۆریستان ماون، بەو هیوایەین دەستنیشانکردنی خاتوو نادیە موراد تەکانێکی تر بە هەوڵ و کۆششەکانمان بدات بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ژنان و کچان لە قوربانیانی دەستی داعش، هەروها هیوای سەرکەوتن بۆ ئەرکی پیرۆزی نادیە خان دەخوازین، بەهەموو شێوەیەک و بەگوێرەی توانا رەخساوەکانی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەین تەواوی پشتگیریی لەم ئەرکە پیرۆزەی خاتوو نادیە بکەین.
بێگومان دەستنیشانکردنی خاتوو نادیە موراد بە باڵیۆزی نیازپاکی لە گەورەترین ناوەندی نێودەوڵەتی، کە ئەویش بریتییە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەنگدانەوەی پاڵپشتی و هاوسۆزی نێونەتەوەییە بۆمەرگەساتی ژنان و کچانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر کە بوونە قوربانی دەستی تیرۆریستانی داعش..
بەو هیوایەین هەموولایەکمان هاوکاری خاتوو نادیە موراد بکەین تا مەرگەساتی ئێزیدییەکان وەک جینۆسایدی سەردەم بناسرێت و هەموو جیهان پاڵپشتی ئەو مەسەلەیە بکات..
بەهیوای سەرکەوتنی خاتوو نادیە موراد لەم ئەرکە نوێیەی داو بەهیوای ئەوەی هەموولایەکمان پالپشتی کارو خەباتی خاتوو نادیە بکەین لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان هەردەم هاوکار و پاڵپشت دەبێت بۆ هەر هەوڵ و کۆششێک بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی خوشکان و دایکانی ئێزیدیمان و بەجینۆساید ناساندنی مەرگەساتی خوشک وبرایانی ئێزیدی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی..
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
16-09-2016
⚠️ Այս տարրը գրվել է (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) լեզվով, սեղմեք պատկերակը
բացել իրը բնագրի լեզվով
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!