ئاژانسی پاراستن و زانیاری: هێرشبەرەکانی کەرکوک لە 21-10-2016 هەڵبژاردەیەک بوون لە کەتیبە ئینغماسی و
📖 کورتەباس
ئاژانسی پاراستن و زانیاری \ زانیاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئه و چەکدارانەی داعش کە هەینی رابردوو چەند هێرشێکیان لەناو کەرکوک ئەنجامدا هەڵبژاردەیەک بوونە لە کەتیبە ئینغماسی و خۆکوژییەکانی ئه و رێکخراوه و "لە حەویجەوە نێردران بۆ سنوری داقوق و لەوێشەوە بە حەوت پاسی نەفەرهەڵگری بچوک لە سەعات سێی بەرەبەیان، گەیەندرانە ناو شار".
ئاژانسەکە ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە ئاماژەی بەوەکردووە "بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشار لەسەر سەرکردایەتی داعش لە شاری موسڵ و، بۆ تێکدانی باری سەقامگیریی کەرکوک و، لەئەگەری سەرکەوتنیشیاندا بۆ شکاندنی قەڵغانی بەرگریی لە کوردستانیبونی شارەکە، گروپی تیرۆریستیی داعش لە رۆژی 15ی 10ی 2016، پیلانی هێرشکردنە سەر شاری کەرکوکیان داڕشت".
ئەوەشی خستووەتەڕوو"بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ئەم ئۆپەراسیۆنە نەگریسەی داعش، بە رێنمایی سەرکردایەتی باڵای گروپەکە، و لەلایەن (ئەبو ئەحمەد) کە بەرپرسی ئەم ئۆپەراسیۆنەیە، بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو".
دەستپێکی هێرشەکانی داعش لەکەرکوک کاتژمێر 3:30 بەرەبەیانی هەینی بوو، کاتێک ژمارەیەک خۆکوژی داعش هێرشیان کردەسەر بینای کۆنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک و هەندێکیان خۆیان تەقاندەوەو دوانیشیان لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران.
هەروەها داعش لەگەڕەکەکانی یەکی حوزەیران و ئەسرەو مەفقودین و تسعین و دۆمیز هێرشیکرد و روبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس، هاوڵاتیانیش بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش چەکیان هەڵگرت.
ئاژانسی پاراستن و زانیاری\ زانیاری دەڵێت "لەم پەلامارەدا، نیوەشەوی21ی 10 ی 2016، (100) چەکداری داعش، لە حەویجەوە نێردران بۆ سنوری داقوق و لەوێشەوە بە حەوت پاسی نەفەرهەڵگری بچوک لە سەعات سێی بەرەبەیان، گەیەندرانە ناو شاری کەرکوک. ئەم (100) چەکدارە هاوکاریی کرابون بۆ هاتنە ناوەوەیان بۆ کەرکوک و ئاژانسی زانیاری بەدواداچونی ورد دەکات بۆ دۆزینەوەی ئه و کەسانەی کە هاوکاریان بوون. چەکدارە تیرۆریستەکان، کە هەڵبژاردەیەک بوون لە کەتیبە ئینغماسی و خۆکوژییەکانی داعش، بەسەر پێنج گروپی (20) کەسی دا بۆ داگیرکردنی بینای پارێزگاری کەرکوک، پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک، شکاندنی زیندانەکان و بەردانی تیرۆریستانی داعش لە کەرکوک و دەستبەسەرداگرتنی فەرمانگە ئەمنی و بینا بەرزەکانی کەرکوک دابەشکرابون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵام بەهۆی گیانفیدایی رۆڵە قارەمانەکانی کوردستان، تیرۆریستان نەیانتوانی ئامانجە چەپەڵەکانیان بپێکن و "لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانیاندا، ئۆپەراسیۆنەکەیان پەکخرا، و (ئەبو ئیسلام) ئەمیری سەربازیی ویلایەتی کەرکوک و گرنگترین ئەندامی گروپەکە و چەندین گەورە تیرۆریستی تر، دەستگیرکران و ئێستا لەبەردەستی هێزەکانی دەزگای دژە تیرۆرن".
بەپێی راگەیەنراوەکە، ئەم گروپە 100 کەسییەی داعش، تەفروتونا بوون، تەرمی 48 تیرۆریستیان لە پزیشکی دادوەری تۆمار کراوە و ئەوانی تریان بەهۆی ئەوەی تەقێندراونەتەوە یان کەوتونەتە بەر زەبری خەڵکی کوردستان و فرۆکەی هاوپەیمانان، پارچەپارچە بون و کۆناکرێنەوە.
- 23-10-2016