لەسەرەتای شەڕی داعشەوە تائێستا 131 کارمەندی مین بونەتە قوربانی
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
دەزگای گشتی کاروباری مین رایدەگەیەنێت، "لە سەرەتای شەڕی داعش تائێستا (131) کارمەند و فەرمانبەری دەزگای مین و رێکخراو و کۆمپانیاکان شەهید و برینداربوون" و زیاتر لە سێ هەزار کێڵگەش بە مینڕێژکراون و سەدان هەزار پارچە تەقەمەنیش بەجێماون.
دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێم، لە ساڵڕۆژی شەهیدانی مین بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کراوە، لەمیانەی پرۆسەی لابردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەکانی شەڕی داعش تائێستا (131) فەرمانبەر و کارمەندی دەزگای مین و رێکخراو و کۆمپانیاکان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەکی تریش پەککەوتە بوون.
دەزگای مین راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی شەڕ و رووداوە کاوڵکارییەکان بەتایبەت لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق زیاتر لە سێ هەزار و کێڵگە مینڕێژکراون و سەدان هەزار پارچە تەقەمەنی بەجێماون، هاوکات لە ماوەی 25 ساڵی رابردوو 506 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مینڕێژکراو لە خاکی هەرێم پاککراوەتەوە، رووبەری ئه و خاکەی کە ماوە لە مین پاکبکرێتەوە بریتیە لە سەدا 35.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە پێناو رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی دەزگای مین بەباش زانراوە رۆژی 10-28ی هەموو ساڵێک بکرێتە رۆژی شەهیدانی کاروباری مین، لەبەرئەوەی له و رۆژەدا پۆلێک کارمەندی دەزگای مین شان بەشانی هێزەکانی پێشمەرگە لە پاککردنەوەی مین شەهید و برینداربوون.
- 30-10-2016