Kütüphane Kütüphane
Arama

Kurdipedia Dev Kürtçe bilgi Kaynağıdır


Arama Seçenekleri





Gelişmiş Arama      Klavye


Arama
Gelişmiş Arama
Kütüphane
Kürtçe isimler
Olayların kronolojisi
Kaynaklar
Tarih
Kullanıcı koleksiyon
Etkinlikler
Yardım iste
Kurdipedi yayınları
Video
Sınıflamalar
Olayla ilişkili konu
Öğe kaydı
Yeni başlık kaydı
Görüntü gönder
Anket
Yorumlar
İletişim
Ne tür bilgilere ihtiyacımız var!
Standartlar
Kullanım Koşulları
Ürün Kalitesi
Araçlar
Hakkında
Kurdipedi arşivcileri
Bizim hakkımızda makaleler!
Kurdipedia'yı web sitenize ekleyin
E-posta Ekle / Sil
Ziyaretçi istatistikleri
Makale istatistikleri
Font Çevirici
Takvim - Dönüştürücü
Yazım Denetimi
Sayfaların dil ve lehçeleri
Klavye
Kullanışlı bağlantılar
Google Chrome için Kurdipedia uzantısı
Kurabiye
Diller
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
Benim Hesabım
Oturum Aç
Destek verme
Şifremi unuttum
Arama Öğe kaydı Araçlar Diller Benim Hesabım
Gelişmiş Arama
Kütüphane
Kürtçe isimler
Olayların kronolojisi
Kaynaklar
Tarih
Kullanıcı koleksiyon
Etkinlikler
Yardım iste
Kurdipedi yayınları
Video
Sınıflamalar
Olayla ilişkili konu
Yeni başlık kaydı
Görüntü gönder
Anket
Yorumlar
İletişim
Ne tür bilgilere ihtiyacımız var!
Standartlar
Kullanım Koşulları
Ürün Kalitesi
Hakkında
Kurdipedi arşivcileri
Bizim hakkımızda makaleler!
Kurdipedia'yı web sitenize ekleyin
E-posta Ekle / Sil
Ziyaretçi istatistikleri
Makale istatistikleri
Font Çevirici
Takvim - Dönüştürücü
Yazım Denetimi
Sayfaların dil ve lehçeleri
Klavye
Kullanışlı bağlantılar
Google Chrome için Kurdipedia uzantısı
Kurabiye
کوردیی ناوەڕاست
کرمانجی - کوردیی سەروو
Kurmancî - Kurdîy Serû
هەورامی
Zazakî
English
Française
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
Nederlands
Svenska
Español
Italiano
עברית
Pусский
Norsk
日本人
中国的
Հայերեն
Ελληνική
لەکی
Azərbaycanca
Oturum Aç
Destek verme
Şifremi unuttum
        
 kurdipedia.org 2008 - 2024
 Hakkında
 Olayla ilişkili konu
 Kullanım Koşulları
 Kurdipedi arşivcileri
 Yorumlar
 Kullanıcı koleksiyon
 Olayların kronolojisi
 Etkinlikler - Kurdipedia
 Yardım
Yeni başlık
Biyografi
İbrahim Küreken
14-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
Kemal Astare
14-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
Çiller Özel Örgütü TBMM Susurluk Komisyonu\'na Sunulan Dosya ve Belgeler
13-04-2024
Sara Kamele
Biyografi
Ekrem Cemilpaşa
11-04-2024
Rapar Osman Ozery
Kütüphane
MARDIN \'i DINLERKEN MÜZEYLE BAŞLAYAN DEĞİŞİM
08-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
MARDİN 1915
08-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
KOMÜNİST
07-04-2024
Sara Kamele
Biyografi
Vedat Türkali
07-04-2024
Sara Kamele
Biyografi
Abdullah Zeydan
07-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
TÜRKİYE: KÜRT SORUNUNUN ÇÖZÜMÜ VE PKK
07-04-2024
Sara Kamele
Istatistik
Makale  516,355
Resim 105,193
Kitap PDF 19,086
İlgili Dosyalar 95,696
Video 1,281
Parti ve Organizasyonlar
Kürt İstiklâl Komitesi
Biyografi
Ekrem Cemilpaşa
Şehitler
Seyit Abdülkadir Efendi
Kısa tanım
Kadınlar Dünyası’nın Kürt k...
Kısa tanım
Dünya yeni bir savaşın eşiğ...
بۆچوونێکی دی جیاواز، لەسەر بنەچەی ئێزدیان
Çalışmalarınızı iyi bir formatta Kurdipedia'ya gönderin. Onları sizin için arşivleyeceğiz ve sonsuza dek saklayacağız!
Grup: Kısa tanım | Başlık dili: کوردیی ناوەڕاست
Paylaş
Facebook0
Twitter0
Telegram0
LinkedIn0
WhatsApp0
Viber0
SMS0
Facebook Messenger0
E-Mail0
Copy Link0
Değerlendirme
3 Ses 4
Mükemmel
Çok iyi
Orta
Kötü değil
Kötü
Favorilerime ekle
Bu makale hakkında yorumunuzu yazın!
Öğenin tarihçesi
Metadata
RSS
Seçilen konunun resmini Google'da arayın!
Seçilen konuyu Google'da arayın.
Kurmancî - Kurdîy Serû0
English0
عربي0
فارسی0
Türkçe0
עברית0
Deutsch0
Español0
Française0
Italiano0
Nederlands0
Svenska0
Ελληνική0
Azərbaycanca0
Fins0
Norsk0
Pусский0
Հայերեն0
中国的0
日本人0

بۆچوونێکی دی جیاواز، لەسەر بنەچەی ئێزدیان

بۆچوونێکی دی جیاواز، لەسەر بنەچەی ئێزدیان
لێکۆڵینەوە و نووسینی: شاسوار هەرشەمی
لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەڵ و جیاوازە لەسەر ئێزدیەکان، کە لە19-10-2014 نووسیوییەتی، لە حەوت بەش پێکهاتووە.
-بەشی یەکەم:
ئێزدی: هەروەها ئێزیدی. یەزیدی. کریڤ. داسنی. چەند ناوێکن، لە زمانی کوردی، بۆ پێڕەوان و لایەنگرانی ئایینی ئێزدی بەکاردێن. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی زووتری من، کە لە کتێبی (مێژوی ئارامیەکان لە کوردستاندا) بڵاوم کردۆتەوە، ئێزدیان، پاشماوەی ئایین و باوەڕی کۆنینەی (حەڕانی)یانن. واتا توخمە سەرەکیەکانی ئایین و باوەڕی ئێزدیان، لانی کەم بۆ سەردەمی دەستەڵاتی ئیمراتۆریەتە زلەکانی ئاشوری، بابلی و میدی دەگەڕێتەوە. بێگومان، بە درێژایی ڕۆژگار، توخمی ئایینەکانی دیش، چ بە ویستی خۆیان بووبێت، یان وەک بەشێک لە خۆپاراستن و خۆ گونجاندن بووبێت، تێکەڵ بە ئایین و باوەڕیان بووە. توخمەکانی جولەکەیی، مەسیحی و ئیسلام، شان بە شانی باوەڕی فەلسەفی و میتۆلۆژیای گرێکی، لەو ئایینەدا بە زەقی دەبیندرێن. ئەوان تا سەدەکانی ناوەڕاست، بەو ناوانەی کە لە سەرەوە دا ئاماژەم بۆ کردوون، نەک هەر نەبیندراون، بەڵکو لای مێژونوسانیش، ‌نەناسراو بوون.
دوای وێرانکردنی شاری حەڕان لە لایەن سوپای مەغۆلەوە (1260ز) و، ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی، ئینجا ئێزدیان لە ناوچەکانی دی نزیکی حەڕان، واتا هەر لە ناو کوردستان دەرکەوتن و بڵاوبوونەوە. بە تایبەت لە شار و گوندەکانی مەڕەش، ئورفە، سەرێکانی، بۆتان، ماردین و، دواتریش بە درەنگەوە باعەدرێ، یان شێخان و دەوروبەری. لەوەش درەنگتر لە شنگاڵ.
ئێزدیان بەهۆی بیروباوەڕی جیاوازیانەوە، چەندان جار، توشی ڕەشەکوژی هاتوون و، سنورەکانیان بەرتەسک بۆتەوە. ڕاوەدوو نراون و ناچار بە چۆڵکردنی ناوچەکانیان کراون. بوونیان لە ناوچە شاخاویەکانی شنگال، بۆ هەمان هۆکاری ڕاونان و خۆپاراستن دەگەڕێتەوە. ئەوان لە کێشە ڕامیاریەکانی ناوچەکەش ئاڵاون. لە ململانێی نێوان میری سۆران و بادیناندا، ئەوان لایەنگری میری ئامێدی بادینان بوون، بۆیە پاشا کۆرەی میری سۆران، لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، زەبرێکی کوشندەی لێ وەشاندن و، میرەکەشیانی کوشت. هەندێک نوسەر، ئەم هەڵمەتەی پاشا کۆرە، تەنیا بۆ هۆکاری ئایینی دەگێڕنەوە، بەڵام من وای نابینم. خۆ لە سنوری ژێردەستی پاشا کۆرەدا، چەندان دێی جولەکە و مەسیحی هەبوون و، توشی هیچ کێشەیەکیش نەهاتوون. بەڵام دڵنیام پاشا بۆ هاندانی شەڕکەرانی، سۆزی ئایینیانی بەکار هێناوە و سودی لێ وەرگرتووە.
ئێزدی چی دەگەیەنێت؟
واتای وشەی ئێزدی، زۆر ڕوون نیە. لەوانەیە لە (ئێزد)ەوە هاتبێت، بە واتای خودا. دووریش نیە بۆ سەر وشەیەکی کۆنی ئارامی بگەڕێتەوە. هەرچی (یەزیدی)یە، ئەوا تەنیا لە گۆکردنی هەڵەی وشەی (ئێزدی)یەوە هاتووە و، بۆ عارەبی ناوچەکە تێگەیشتنی ئاسانتر بووە. ئەم هەڵە گۆ کردنەشە، که دواتر دەرگایەکی دی لێوە کراوەتەوە تا ئایینەکە، بۆ سەر یەزیدی کوڕی مەعاویە بگێڕدرێتەوە. لە سەربوردەی یەزید دا، هەرگیز بۆنی لاردینی، یان دامەزراندنی ڕێچکە و ڕێبازی ئایینی و سۆفیگەری تێبینی نەکراوە، بۆیە ئەمە تەنیا چەکێکی دی خۆ شاردنەوە و، خۆ گونجاندن بووە لەگەڵ دەوروبەر، کە هەموو ئایینە بچوکەکان پێڕەویان لێ کردووە. ‌واتا لێکچوونی ناوەکان، لە لایەن ئێزدیە درەنگترەکانەوە، کە هاموشۆی عارەبەکانی ناو موسلیان کردووە، وەک جۆرێک لە (تەقیە) و خۆپاراستن، خۆشیان ویستبێتیان ناوە عارەبی و ئیسلامیەکە، وەکو چەترێک بەکاربێنن.
بۆ وشەکانی کریڤ و داسنی، لە لێکۆڵینەوە زووترەکانمدا ئاماژەم بۆ کردوون. لە کۆتایی ئەم بابەتەشدا، دیسان لێیان دەدوێم.
زانیاریە هەڵەکان لەسەر کوردانی ئێزدی
زانیاری لە بارەی ئێزدیان، باوەڕ و ئایینیان، هەروەک پێکهاتە و باری کۆمەڵایەتیان، چ بە زمانی کوردی و، چ بە زمانەکانی دیش، پڕە لە تەمومژ و نادیاری. لە باشترین باریشدا توشی بۆچوون و لێکدانەوەی دژ بە یەک دەبینەوە. بەشی زۆری ئه و شتانەی کە لە بارەی ئێزدیانەوە نوسراون، بریتین لە نوسینی ئه و کەسە، نا ئێزدیانەی، کە وەک کارمەند و کاربەدەستی میری، ماوەیەک له و ناوچانە کاریان کردووە، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی ئێزدی بوون. دیارە سەرچاوە بیانیەکانیش، لە دەمی گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناساندا، هەر بریتین لە دیتن و تێکەڵاوی لابەلا. واتا نوسینە بیانیەکانیش، نەیانتوانیوە بچنە ناو بابەتە تیۆلۆژیەکان و مێژوییەکان.
من چەند دانەیەک لە ژمارەکانی ساڵانی 1897 تا 1920ی گۆڤاری ڕێکخراوی مسیۆنێرانی سویدیم سەیر کردووە، کە چەندان گوتاریان لەسەر ئه و ئێزدیانە بڵاو کردۆتەوه کە لە ناوچەکانی قەفقاس دەژیان و، بە شێوەی جۆراوجۆر، تێکەڵاویان بە مسیۆنێرەکانەوە هەبووە‌.
هەندێک لە کوردانی ئێزدی دانیشتووی زووی قارس(سەرحەدێ) و وان و دەوروبەری، کە دوای دامەزرانی دەوڵەتی یەکیەتی سۆڤیەت، بە ناچاری و، وەک پەنابەرانی شەڕ، لەگەڵ ئەرمەنان، لە زێدی خۆیانەوە ئاوارەی ناوچەکانی قەفقاس بوون. ئەوان لە شوێنی تازەیاندا، هەلێکیان بۆ هەڵکەوت تا پەرە بە نوسین بە زمانی کوردی بدەن. ئەوان لەم کارەیاندا، ڕووبەڕووی دوو کێشەی گەورە ببوونەوە. یەکەمیان ئەوە بوو، کە هەر هەموویان بە تێکڕایی نەخوێندەوار بوون. کەواتە دوای خوێندەوار بوونیان، تەنیا فۆلکلۆر فریایان کەوت، کە بە سینگ و ئەزبەرکردن، لە سینگەوە، لەگەڵ خۆیان بردبوویان. ئەوان لە کەلەپوری گەورەی نوسراوی کوردی، تەنانەت لە زۆرێک لە دەقە ئایینیەکانی ئێزدیش بێبەش بوون. من کاتێک کە لە مۆسکۆ دەمخوێند، لە دیدارمدا لەگەڵ چەندان ڕۆشنبیری کوردی ئەرمەنستان و گورجستان، ئەم ڕاستیە تاڵەم بۆ دەرکەوت، کە ڕەنگیشی لە نوسینەکانی دواتریان داوەتەوه. دووەمیشیان ئەوە بوو، کە ئەوان لەوێ کەوتبوونە ناو ژینگەیەکی دژوار و دژ بە کورد. ئەرمەنەکان، بە هۆی ڕووداوەکانی سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانەوە، بە توندی دژی کوردان بوون. ئامادە نەبوون کە بوونێکی کوردی لە ناو خاکی ئەرمەنستان بسەلمێنن. کوردانی ئێزدی، ناچار کرابوون کە باری نەتەوەیی خۆیان، بە ئێزدی تۆمار بکەن. من بە سەرسوڕماویەوە، لە ساڵانی 1989 و 1990 پێناسی نەتەویی (ئێزدی)م، لەسەر پاسپۆرتی چەندان کوردی دانیشتووی ئەلەگەز و ئێریڤان دیت. تەنانەت کێشەیەکیش کەوتبووە نێوان نەوەی کۆن و نوێوە. لاوان خۆیان بە ئێزدی دەناساند و، دەیانگوت کە ئێمە کورد نین و، لەسەر پاسەکانیشمان وا نوسراوە. دیارە کوردە موسوڵمانەکانی لاچینیش، بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی ڕەفتاری فاشیانەی تورکانی ئازەری ببوونەوە. من دەیان کوردی ئازەربێجانم دیوە، کە چیتر زمانی کوردیان نەدەزانی، چونکە پتر لە دوو نەوە بوو، کە لێیان قەدەغە کرابوو. دیارە لە کاتی شەڕی دووەمی جیهانیش دا، ئەوان بە کۆمەڵ ڕاگوێزرانە ناوەڕاستی ئاسیا و، تا ئێستاش لە کۆمارەکانی کازاخستان و ئوزبەگستان دەژین.‌
لە دوای ساڵانی 1970وە، چەند نوسەرێکی ئێزدی، دانیشتوی باشوری کوردستان، هاتنە مەیدان و، کەوتنە بڵاوکردنەوەی هەندێک دەق و ڕووداوی ئایینی. ئەمانیش لە دوای ئاشبەتاڵەکەی 1975 و باڵا دەست بوونی ڕژێمی پان عارەبیستی بەعسی ئێراق، پەکیان خرا، چونکە ڕژێم نەیدەویست ڕۆشنبیرانی ئێزدی، خۆیان بە کورد دابنێن و، دەقە ئایینیە پیرۆزەکانیان، کە بە کوردین، وەک خۆی چاپ بکرێن.
کەمی سەرچاوەی جێباوەڕ لەسەر ئێزدیان، هەمانە لەسەر هەموو دەستە و باوەڕدارە تایبەتیەکانی کەمینان. واتا هەمان شتە لە بارەی کاکەییان (یارسانەکان)، حەمە سوریەکان، حەقەکان، خورشیدیان، شەبەکەکان. هۆیەکەیشی کەمن و زۆریش ڕوونن‌:-
یەکەم: ئه و ئایینانە، هەموویان ئایینی سینگین. واتا دەق و نوسراوی ئایینی، یان هەر نەبووە، یان ئەگەر هەشبووبێت، ئەوا ئه و پیرۆزیە خوداییەی پێ نەدراوە، وەک لە سێ ئایینە ئاسمانیەکانی دی ناوچەکە هەیە. واتا دەقی ئایینی ئەم ئایینانە، بریتی بوون له و دەقە بە کێش و سەروایانەی کە لە سینگێکەوە، بە شێوەی ئەزبەر، بۆ سنگی نەوەیەکی دی دەگوازرایەوە. ئەمەش وای دەکرد کە سەرچاوەکانی ئه و ئایینانە، بۆ کەسانی دی نادیار و ون بن.
دووەم: باوەڕدارانی ئایینی کەمینە، لە ترسی ئەوەی شتێک لە باوەڕیان دەربکەوێت و، ببێتە هۆی توڕە بوونی ئایینی زال و سەردەسته، کە ئەنجامەکەی بە ڕاونان و کوشتن و قەدەغە کردنی داب و نەریتە ئایینەکانیان کۆتایی دێت. واتا ڕژێمی خۆپاراستنیان پێڕەوە دەکرد. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم ڕژێمەش، بریتی بوو لە دروست کردن و قەبە کردنی شتی وێکچوو لەگەڵ ئایینی باڵادەست. وەک کە کاکەییەکان خۆیان لە ژێر سمێڵی زبری ئیمام عەلی حەشار داوه. هەروەک ئێزدیەکان ژمارەیەکی دیار و بەرچاو لە توخمە ئیسلامیەکان و ناوەکانی ئیسلامیان، تێکەڵ بە ئایین و میتۆلۆژیای ئایینی خۆیان کردووە.
سێیەم: ئێزدیەکان، بە درێژایی مێژوی ناسراویان، چەندان جار کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی پاکتاو کردن. ئەمەش بۆتە هۆی لەناوچوون و پەرتەوازە بوونیان. هەروەها شوێن گۆڕین و کۆچ کردنیان بۆ ناوچەی شاخاوی دوورەپەرێزی وەک شنگال. هەروەک هێرشەکان بۆتە هۆیەک بۆ ناچار کردنی زۆریان، تا ئایینیان بگۆڕن. دیارە هەموو ئەوانە بونەتە هۆی ون بوونی بەشێک لە دەقە ئایینیەکانیان، یان ناچار بوون بە گۆڕین و گونجاندنیان لەگەڵ بار و دۆخی تازە پێشهاتوویان. ‌‌
هەڵە زۆر باوەکانمان لەسەر ئێزدیان
1- زۆر جاران، لە نوسراوی ڕۆژنامەیی، گوتاری سیاسی، یان لێدوانی کەسانی نەتەوەپەرست و کەم شارەزا لە بوارەکانی مێژوو و تیۆلۆژی، ئێزدیەکان بە زەردەشتی ناوزەد دەکرێن. کار گەیشتۆتە سەر ئەوەی کە هەندێک لە شارەزایانی شوێنەوار، وێنە و هەڵکەندراوەکانی مەزارگای پیرۆزی ئێزدیان لە لالش، بۆ سەر ئاتەشگەدەی زەردەشتیان، یان ئاورگەی میتراییان ببەنەوە، بێ ئەوەی لەوەیان کۆڵیبێتەوە کە ئاخۆ لە کەیەوە ئێزدیان له و شوێنە مێژوییە کۆنە دان.
لە ڕاستیدا باوەڕ و ئایینی ئێزدیان، نە لە دوور و نە لە نزیکەوە، ناچێتەوە سەر باوەڕ و ئایینی زەردەشتی، یان میترایی. بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە توخمی ئایین و باوەڕی زەردەشتی، شوێنەواری لە باوەڕی ئێزدیان دا دەبیندرێت. ئێمە دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە.
2- دیسان زۆرێک لە نوسەرانی عارەب و، هەندێک لە نوسەرانی کوردیش، لایان وایە کە ئێزدیان، لە بنەڕەتدا دەستەیەکی هەڵبڕاو و دابڕاوی ئیسلامین. دیارە مێژووی دوور و نزیکی ئیسلام، پڕیەتی لە دەستەی هەڵگەڕاوە له و ئایینە. هەر بۆ نمونە، دەستە ئایینیەکانی، هەقە، حەمەسوریەکان، خورشیدیان لە کوردستان و، دروزەکان لە وڵاتانی سوریا، لوبنان و ئیسرائیل، هەموویان لە بنەڕەتدا دەستەی ئیسلامی جیاجیا بوون. هەرچی ئێزدیە، ئەوا بنەچەی ئایینەکە و، مێژووی بوونیان زۆر لە ئایینی ئیسلام کۆنترە. دیسان بە دڵنیاییەوە دەڵێم، کە توخمی ئایین و باوەڕی ئیسلامیش، شوێنەواری لە باوەڕی ئێزدیان دا دەبیندرێت. ئێمە دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتەش‌.
3- گەلێک لە نوسەران، بە هەمان شێوە کە لەناو خەڵکیدا باوە، وای دادەنێن کە ئێزدیەکان باوەڕیان بە بوونی خودا نیە. لە بەرامبەر ئەمە شەیتان، یان ئەهریمەن دەپەرستن. ئەم بۆچوونە لە بن و بۆتکەوە هەڵەیە و، دوورە لە ڕاستیەوە. هاوکات دەشبێت بڵێم کە، ئەم گوتەیە هەروا لە خۆڕایی نەگوتراوە‌ و، هۆکارێکی دیاری هەیە، کە کەسانی دی، بە هەڵە لێکیان داوەتەوە. دواتر دێینەوە سەر ئەم بابەتەش.
4- هەندێک کەسی دیش هەن، کە وا دەزانن، ئێزدیەکان، باڵندەیەک، یان ڕوونتر مەلی تاوس دەپەرستن، یان بە پیرۆزی دەزانن. ئەمە بە ڕوواڵەت وا دیارە. قەواڵەکانی ئێزدی، کاتێک کە بەناو گوندە ئێزدیەکاندا دەسوڕێنەوە، بۆ کۆکردنەوەی پیتاک، پەیکەری مەلێکی تاوسیان پێیە. هەروەک لە زۆر شوێن و جێگایان، باڵندەکە وەک سیمبولێکی ئێزدیان داندراوە. من هەر لەم گوتارەدا، ئەم بابەتە لە ڕووی ئێتیمۆلۆژیەوە ڕوون دەکەمەوە و، دەری دەخەم ئەم تێکەڵیە لە چیەوە هاتووە.
5- نزیکەی لە هەموو نوسراوە کوردیەکاندا، هەروەک لە گەلێک نوسینی دی ناکوردی لەسەر ئێزدیان، وا دادەندرێت کە ئەوان خاوەنی کتێبێک، یان دوو کتێبی پیرۆزن. واتا ئه و دوو نوسراوەی بە (جیلوە) و (مسحفا ڕەش) ناسراون. من دەمەوێت بە پێداچوونەوەیەکی مێژوویی، هەروەها لێکدانەوەیەکی شیکاری لەسەر زمان و ناوەرۆکی ئەم دوو نوسراوە، دەری بخەم کە ئایینی ئێزدی چ کتێبێک، یان نوسراوێکی پیرۆزی نیە. هەموو سریمۆنیاو داب و نەریتە ئایینیەکانی ئێزدیان، بە باوەڕ و میتۆلۆژیاشەوە، هەر ئەوانەن کە نەوە دوای نەوە و، لە سینگێکەوە بۆ سینگێکی دی گواستراونەتەوە. بەم درەنگانەوە، دەقە ئایینیەکانیان، لەلایەن چەند نوسەرێکی دڵسۆزی ئێزدی کۆکراونەتەوە، کەچی تا ئێستاش، لە دیالۆگ و وتووێژەکاندا، ڕێبەرانی ئێزدی، پەنا بۆ نوسراوەکان نابەن و، بۆ سەلماندنی هەڵوێستێک، دەقی تایبەت بەوە، ئەزبەر دەخوێننەوه.
دەبێت ئێزدیەکان کێ بن و لە کەیەوە هەبن؟
لە بەدووا داچوون و گەڕانمان دا، لای مێژونوسانی کۆن و، تا ئەوانەی سەدەکانی ناوەڕاستیش، بە هیچ جۆرێک توشی ناوی ئێزدیان نایێینەوە. واتا کەسانێک، ئایینێک، دەستەیەک کە به و ناوەوە ناسرابن، سەرنجی هیچ مێژونوس و گەڕیدەیەکی ڕانەکێشاوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە نوسەرانی کۆن، ناوی دەیان دەستە و تاقم و ئایین و ئایینزا و، دەستەی دی لە ئایینە ناسراوەکان هەڵگەڕاوەیان، بۆ تۆمار کردووین و، زانیاریان لەسەریان بۆ بەجێهێشتووین. ئەمە هەر وا ماوەتەوە تا درەنگانێکی سەدەی پازدە و شازدەی زایینی. لە ناو کوردان دا، شەرەفخانی بدلیسی، لە کتێبە بە نرخەکەیدا (شەرەفنامە)، لەسەریانی نوسیوە. دوای ئەویش، نوسەری عوسمانی سەدەی حەڤدە، ئەولیا چەلەبی، لە (سیاحەتنامە) پڕ لە زانیاریەکەی، بە درێژی لێیان دواوە.
هەر ئەم لەپڕ دەرکەوتنەی ناوی ئێزیدیانە، کە وای لە هەندێک نوسەران کردووە، کە بیر لەوە بکەنە‌وە، مێژوی دامەزراندنی دەستەکە، نابێت زۆر کۆن بێت. بۆ نمونە، گەلێک نوسەر، وایان داناوە کە (شێخ عودەی مسافر)ی خەڵکی شام، هاتۆتە (گەلی لالش) بۆ خواپەرستی. خەڵکی ناوچەکە لێی کۆبونەتەوە و، پێڕەویان لە بۆچوونەکانی کردووە. بەڵام نەیانزانیووە چۆن چارەسەری ئەوە بکەن، کە عودەی سۆفیەکی ئیسلامی بووە و، لایەنگرانی وی لە گەلی لالش، زۆر له و ئیسلامەتیە دوورن!. دیارە تەنیا لێکچوونێک کە بیردۆزەکەی لەسەر بنیاتنراوه، بوونی مەزارگەی (شێخادی)یە لە لالش، کە لای ئێزدیەکان شوێنێکی زۆر پیرۆزە. دەکرێت شێخ عودەی، یان شێخ ئادیەکی دی خۆماڵی، درەنگانێک لە لالش سەری دەرهێنابێت و، دوای مردنی، گۆڕەکەی بووبێتە مەزار، بەڵام ئەمە بەڵگە نیە کە دەستەکە، لەسەر دەستی ئه و شێخە دامەزراوە و، پێش دەرکەوتنی وی، نە لە لالش و، نە لە چ شوێنێکی دی کوردستان، ئێزدی نەبوون. ‌
بە گوێرەی ئه و بەڵگانەی کە لەبەر دەستم دان، من لام وایه ئایین و باوەڕی ئێزدیان، با لە ژێر ناوی دی بووبێت، یەکێکە لە باوەڕە هەرە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا. واتا باوەڕی ئێزدیاتی، لە ئایینی زەردەشتی و، سێ ئایینە ئاسمانیەکانی دی زۆر کۆنترە. دیارە کەسانی دیش هەن کە لایان وایە ئایینی ئێزدی، بۆ سەردەمی دەستەڵاتی بابلی دەگەڕێتەوە، بەڵام ڕەنگە بەڵگەکانمان وەک یەک نەبن. ‌
بۆ ئەوەی هیچ کەس بە هەڵە لێم تێنەگات، ناڵێم کە بنەچەی ئایینی ئێزدیان، بۆ بابل، یان فەرهەنگی بابل دەگەڕێتەوە. ئەوەی دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە ئەمەیە، کە بنەچەی ئایینەکه لە سەرچاوە بابلیەکاندا ئاماژەی بۆ کراوە. هەروەک هەندێک لە سریمۆنیە کۆنە باوەکانی وڵاتی میزۆپۆتامیا، هێشتا لای ئێزدیانی ئەمڕۆ، یادیان دەکرێتەوە.
بە گوێرەی ئه و زانیاریە مێژوییانەی کە لەبەر دەستمان دان، بنەچەی باوەڕی ئێزدیان، بۆ باوەڕ و ئایینی خەڵکی شاری مێژویی "حەڕان" دەگەڕێتەوە. پێش ئەوەی بێمە سەر بەراوردکردنی، توخمە لێکچووەکانی، هەردوو باوەڕی حەڕانی و ئێزدیان، هەروەها لێکدانەوە مێژوییەکانی بەردەست، وا باشترە پێشتر شاری حەڕان و باوەڕی خەڵکەکەی بناسێنم.
-بەشی دووەم:
حەڕان
ناوی حەڕان، هەندە کۆنە، کە لە تابڵۆ قوڕیەکانی پێش زایین دا هاتووە. بە هۆی نوسراوە کۆنەکانەوە، ئێمە کەم و زۆر، ئاگاداریمان لەسەر باوەڕ و ئایین و ڕۆڵی دانیشتوانی شارەکە بە تایبەتی و، ناوچەی حەڕان بە گشتی، لە سەردەمە کۆنەکاندا هەیە. لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا، مێژونوسانی موسوڵمان، بابەتی زۆریان لەسەر خەڵکی شارەکە و، باوەڕ و ئایینیان نوسیوە. هەندێک نوسراوی کۆنی حەڕانیەکان خۆشیان هێشتا ماون و، وەک خۆی یان بە وەرگێڕدراوی لەبەر دەست دان. جگە لەمانە، پاشماوە ئەرکیۆلۆژیەکان و، هەندێک نوسراوی ڕۆژئاواییەکانیش لەسەر حەڕان هەن. ‌
حەڕان لە مێژودا
وەک گوتمان، حەڕان یەکێک بووە لە شارە هەرە کۆنەکانی مێژوی مرۆڤایەتی. بە پێی ئەفسانەکان، حەڕان یەکەمین شار بووە، کە دوای لافاوە مەزنەکه (لافاوی نوح)‌ دروست کراوە. ئه و شارە، لە هەموو سەردەمە مێژوییە ناسراوەکاندا، ڕۆڵی گرنگی تێدا گێڕدراوە. تەنانەت شوێنی داتەپین و ڕووخانی چەندان ئیمپراتۆریەتی مەزنی مێژویی، به و شارەوە بەندن. لەوانە: دەوڵەتەکانی ئاشوری. بابلی. ئەمەوی و ئەییوبی. بۆیە دەکرێت بڵێین شارەکە، لەم لایەنەوە سەرەخۆرە بووە.
لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی یەکەمی بابلیدا، ناوی شارەکە، بە "حەڕانو" تۆمار کراوە. لە سەردەمی ئاشوریەکانیشدا، ناوەکە بە "ئورو حەڕان- شاری حەڕان" ناوی هاتووە. گوایا ناوی شارەکە، لە وشەیەکی ئەکەدی هاتووە. واتاکەی بریتی بووە لە وێستگە، یان ناوەندی بازرگانی، یان بازاڕ. حەڕان، بۆ ماوەیەکی درێژ، خاڵی بەیەکتر گەیشتنی ڕێگاکانی میزۆپۆتامیا و ئاسیای بچوک و سوریا بوو. گرێکەکان به و شارەیان دەگوت "کاپاف". ڕۆمانەکانیش ناویان لێنابوو "کارییە". دەستەڵاتدارانی کلێساش، بە شارەکەیان دەگوت "هێلینۆ پۆلس"، بە واتای شاری بت پەرستان. مێژونوسانی موسوڵمان، بە "حەڕان" ناویان بردووە. کوردانی ئەییوبیش، کە تا ڕووخانی شارەکە، تێیدا دەستەڵاتدار بوون، هەر پێیان گوتووه حەڕان.‌
مێژوی شارەکە، بۆ سەدەکانی بەرایی هەزارەی سێیەمی پ.ز، یان هێشتا کۆنتریش دەگەڕێتەوە. حەڕان، هەروەکو شاری ئوڕ و ئوڕۆک لە سەردەمی سومێریاندا، ناوەندی پەرستنی خوداوەندی مانگ، یان بە زمانی ئه و کات "سین" بووە. واتا وەک شارە پیرۆزەکانی ئەمڕۆی قودس، مەککە و ڕۆما، پیرۆز بووە. هەروەها تۆماریش کراوە کە، لەبەر پیرۆزی شارەکە، زۆر پەیمان و پێکهاتن و لێکهاتنی پاشا و دەستەڵاتدارانی کۆنی تێدا بەستراوە.
ئاشوریەکان، لە سەردەمی دەستەڵاتی ئەداد نیراری یەکەم، (...- 1280پ.ز)، دەستیان بەسەر شاری "حەڕان، خەڕانی" داگرت. لە سەردەمی شالمانسەری سێیەم (859- 824پ.ز)، پەرستگای بەناوبانگی خودای مانگ، یان سین، کە بە (ئەی- هۆل- هۆل) ناسرابوو، نوژەن کراوەتەوە. ئەسەرهەدۆن (680-669پ.ز) و ئاشورپانیپال (668-626پ.ز)، هەردووکیان، لە سەرەتای هاتنە سەر تەختی دەستەڵات، هاتوونەتە شاری حەڕان، بۆ ئەوەی خودای مانگ (سین)، تاجی پاشایەتی و دەستەڵاتیان لێ پیرۆز بکات. ئەمانە هەمووی گرنگی و بایەخی شارەکە دەردەخەن، لە ڕوانگەی ئایینیەوە.
کاتێک کە هێزێکی هاوبەشی میدی و بابلی، لە ساڵی 612 پ.ز، نەینەوای پایتەختی ئاشوریەکانیان گرت و سوتاند، دەستەڵاتی ئاشوریان، وەک باوە، دەمودەست کۆتایی پێ نەهات. سەرکردەیەکی ئاشوری، بە ناوی "ئاشور ئپبالیت"، پەنای بردە بەر دیواری قاییمی شاری حەڕان. ئه و لەوێ، بە یارمەتی هێزێکی میسری، کە "نخۆی دووەم، لە ساڵی 611- 610 پ.ز بۆی ناردبوو، خۆی قاییم کرد و، توانی تا ساڵی 606 پ.ز دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکە ڕانێت. ئه و ساڵە. هێزێکی بابلی، بە فەرماندەیی نابۆکادنەسر(604-562پ.ز) بە هاوکاری سکیتەکان، کە هۆزێکی هیندۆروپی بوون، پەلاماری شارەکەیان دا و گرتیان. دوای گیرانی حەڕان، ئەوجا ناوی ئاشوریەکان لە سەر لاپەڕەکانی مێژودا ون بوو.
حەڕان، لە سەردەمی بابلیەکانیش دا، بایەخی ئایینی خۆی، بە گەشی پاراست. نابۆنید (556-539پ.ز) دوا پاشای بابل، پەرستگای (ئەی-هۆل-هۆل)ی، دیسان نوژەن کردەوە. ئه و دەستێکی ئاوەدانی باشیشی بە شارەکەدا هێنا و، ناوی لە حەڕان نا (شاری سروشتی من). دایکی نابۆنید، بووە گەورە کاهینی پەرستگای شار. بایەخ دانی لە ڕادە بەدەری پاشای بابل بە شاری حەڕان، سەرەنجام سەری خوارد. بابلیەکان، بایەخدانی پاشایان بە پەرستگای خودای سین، بەوە لێکدایەوە کە ئەوە پشتگوێ خستنی "مەردۆخ"ی خودای بابلە.
بابلیەکان لە دژی نابۆنید ڕاپەڕین. سەرەنجام کۆرش (559-530پ.ز) سودی لە پشێوی ناو شار وەرگرت و، ساڵی 539پ.ز، توانی بە چاوساغی و یارمەتی ڕاپەڕیوانەوە، بێتە ناو شاری بابل و، بۆ هەتا هەتایە کۆتایی بە دەستەڵاتی دێرینی ئه و شارە ئەفسانەییە بێنێت.
لە سەردەمی دەستەڵاتی دارای یەکەمدا(522-486پ.ز)، زمانی ئارامی، بوو بە زمانی دیوانیی بەشی ڕۆژئاوای دەوڵەت. شاری حەڕان له و سەردەمەدا، ڕۆڵێکی دیاری ژیاری و ڕامیاری نەدەبینی، بەڵام خەڵکەکەی هەر بەردەوام بوون لەسەر پەرستنی مانگ و ڕۆژ و هەسارەکانی دی. ئا له و سەردەمانە دابوو، کە شوێنەواری باوەڕ و ئایینی زەردەشتی، بە سەر دیواری پەرستگاکانی حەڕانەوە دەرکەوتن. دیارە دەبێ زووتریش لە باوەڕی ڕۆژانەی خەڵکەکە دا ڕەنگی دابێتەوە.
لە سەردەمی ئەسکەندەری مەکەدۆنی(337-323 پ.ز) شارەکە و هەموو ناوچەکەش، کەوتە دەست گرێکەکان. فەرهەنگی باڵادەستی هێلینی، یان گرێکی، بۆ هەتا هەتایە، کاریگەری قوڵی خۆی، لە سەر بیڕوباوەڕی ئایینی خەڵکی شارەکە بەجێهێشت. ئەم کاریگەریە، لە میتۆلۆژیای ئایینی شارەکە، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، بە ڕوونی دەرکەوتووە، بەڵام خەڵکەکە، سەرەڕای ئەم کاریگەریانەش، هەر بەردەوام بوون لەسەر پابەند بوون و پەرستنی خودا کۆنەکانی خۆیان.
بە هاتنی ڕۆمانەکان، شارەکە بە تایبەتی و، ناوچەکە بە گشتی، بوون بە ناوەندێکی ململانێی سنوریی. یەکەمجار لە نێوان ڕۆم و پارتەکاندا، دواتریش لە نێوان ڕۆمی بێزەنتی و ساسانیاندا. لە سەدەکانی بەرایی زایینیدا، ناوچەی حەڕان، بووە ناوەندێکی گرنگی بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی، بەڵام خەڵکی حەڕان، بە شێوەیەکی زۆر منجڕانە، هەر سوور بوون لەسەر پەرستنی ئەستێرەکانیان و، شارەکە جمەی دەهات لە پەرستگای ئەندازە سەیر و سەمەرە و، ڕەنگاو ڕەنگ. لە ساڵی 217ز، کاراکاللای ئیمپراتۆری ڕۆم، لە کاتی گەشتێکی سەربازی خۆیدا، سەرێکی له و شارە دا، کە پێشتر دوو ئیمپراتۆریەتی ڕووخاندبوو. ڕۆژێکیان کاراکاللا لە پەرستگای سینەوە، بۆ کۆشکەکەی دەگەڕایەوە، هەر لە ناو حەڕان. لەسەر ڕێگا، بە دەستی سەربازێک کوژرا و، حەڕان بووە دوا گۆڕی.
ساسانیەکان، لە سەردەمی شاپوری دووەمدا، لە ساڵی 359ز شارەکەیان گرت و وێرانیان کرد. خەڵکەکەی هەر ئه و ساڵە، دیسان دروستیان کردەوە. جولیانی ئیمپراتۆری ڕۆم، کاتێک کە خەریکی لەشکرکێشی بوو بۆ سەر ساسانیان، لە ساڵی 363ز، سەردانێکی پەرستگای گەورەی شاری حەڕانی کرد و، کڕنوشی بۆ خوداوەندی شار، واتا سین برد.
حەڕان ساڵی 639ز، بە بێ شەڕ، کەوتە دەست عارەبان. لە سەردەمی ئومەو‌یاندا، حەڕان شارێکی گەورە و زۆر ئاوەدان بووە. دانیشتوانی، هەروەکو جاران، بەردەوام بوون لە پەرستنی مانگ و ڕۆژ و هەسارەی دی. لە پەرستگا و فێرگەکانی ئه و سەردەمی حەڕاندا، وانەکانی فەلسەفە و پزیشکیی و زانستەکانی دیش، بایەخی زۆریان پێدەدرا. لەبەر ئاستی بەرز و پێشکەوتووی زانستی پزیشکی، خەلیفەی ئەمەویان، عومەری کوڕی عەبدولعەزیز (717-720ز)، فێرگەی پزیشکی، لە شاری ئەسکەندەریەی وڵاتی میسر، بۆ شاری حەڕان گواستەوە. دوا خەلیفەی ئەمەویان، مەروانی دووەم (744- 750ز)، کە لە دایکەوە کورد بوو، خۆی لە بەرامبەر لەشکری ئەبو موسلیمی کوردی خوڕاسانی نەگرت و، بە ناچاری دیمەشقی پایتەختی بەجێهێشت. ئه و شاری حەڕانی کردە پایتەخت. زۆری نەبرد، لە شەڕێکیدا لەگەڵ ئەبو موسلیم، لە سەر زێی بادینانی ڕۆژئاوای هەولێر، شکا و ڕای کرد. ئه و دوای ماوەیەک کوژرا. بەمجۆرە حەڕان بەشی خۆی لە ڕووخانی ئیمپراتۆریەکی دیش بەرکەوت.
ڕووداوی هەرە گرنگ لە ژیانی خەڵکی شارەکە، بریتی بوو لە سەردانی خەلیفەی عەباسی، مەئمون (813- 833ز) بۆ شارەکه،‌ لە هەمان ساڵی 833ز، واتا ساڵی مردنیدا. تەنیا دوای ئه و سەردانە بوو، کە مێژونوسانی موسوڵمان، بایەخیان بە شارەکە و، بیروباوەڕی ئایینی خەڵکەکەی دا.
لە سەدەی دوازدەی زایینی دا، حەڕان و ڕوها و ناوچەکە بە گشتی، بوونە مەیدانی شەڕ و ململانێی نێوان خاچپەرستانی ئەوروپی و سەلجوقیان. دواتریش خاچپەرستان و کوردانی ئەییوبی. خەڵکی شارەکە، له و شەڕە دوو سەدەییەدا، بوونە هاوپەیمانی موسوڵمانان. لە کاتێکدا هاوسێ مەسیحیەکانی ناوچەکە، وەک سۆزی ئایینی، کەوتنە پاڵ خاچپەرستان. سوڵتان ئەشرەف موسا ئەییوبی(1210-1237ز)، لکێکی فەرمانڕەوایەتی خانەدانی ئەییوبیانی له و گۆشەیەی کوردستان ئاوەدان کردەوە و، نازناوی (خاوەنی حەڕان و ڕوها و ئەخڵات)ی لە خۆی نا. ئەم میرنشینیە، بە دەستی لەشکریانی مەغۆل کۆتایی پێهات. لەشکریانی مەغۆل، کە زوربەیان مەسیحیەکانی ناوچەکە بوون، تۆڵەی ئەوەیان لە خەڵکی حەڕان کردەوە، کە لە سەردەمی شەڕی 200 ساڵەی خاچپەرستاندا، ئەوان لایەنگیریان لە موسوڵمانان و ئەییوبیەکان دەکرد. بۆیە ئەوان لە ساڵی 1260ز، شاری حەڕانیان لە بن و بۆتکەوە هەڵتەکاند و خاپوریان کرد. ئەوان پەرستگای بەناوبانگی سین و، پەرستگای ئەستێرەکانی دیشیان، هەموو هەڵوەشاندەوە. ئیدی شارەکە هەرگیز جارێکی دی، ئاوەدان نەکرایەوە. شارەکە و میرنشینی ئەییوبی کوردی، بەیەکەوە پێچرانەوە و چوونە ناو مێژوەوە. ئیبن شەداد، مێژونوسی تایبەتی سوڵتان سەلاحەددینی ئەیوبی، ساڵی 1280ز، واتا دوای تێپەڕبوونی بیست ساڵ بەسەر وێران کردنی شارەکە، لەبارەیەوە وای نوسیوە:(خەڵکەکەیان بۆ ماردین و شارەکانی دی ئه و ناوە دوور خستەوە. مزگەوتی هەینی شاریان وێران کرد. گوزەرگاکانیشیان بە دیوار گرت و، وەک توێکڵێکی بەتاڵ بەجێیان هێشت). ئه و مزگەوتەی کە ئیبن شەداد ناوی هێناوە، لە ڕاستیدا بنکەی فەرمانڕەوایی مەروانی دووەمی، دوا خەلیفەی ئەمەوی بوو، کاتێک کە دیمەشقی دۆڕاند و، ویستی لە حەڕان خۆی بگرێتەوە. شوێنی مزگەوتەکە، لەسەر پەرستگایەکی کۆنی شارەکە دروست کرابوو. سوڵتان سەلاحەدینی ئەییوبی (1171- 1193ز)، لە کۆتایی سەدەی دوازدەدا، مزگەوتی حەڕانی، بە بەردەکانی کاتیدرائیەی شاری ڕوها نوژەن کردەوە.
لە ڕاستیدا، حەڕان بەر لەوەی وێران بکرێت، لەبەر بێ ئاوی لە گیانەڵا دا بوو. ئاوی شارەکە، لە جۆگەیەکەوە دابین دەکرا، کە 15 کیلۆمەترێک دوور و، لە ڕۆژئاوای شار هەڵکەوتبوو. ئه و تاکە سەرچاوەی ئاوە، لە ساڵی 1104ز، لە لایەن مەسیحیەکانی شاری ڕوها و، هێزێکی فەرەنگی مۆڵ خواردو له و شارە، داگیر کرا و، ئاراستەی ئاوەکەیان گۆڕی، تا چیدی نەگاتە شار. زانای ئەندەلوسی "ئیبن جوبەیر"، ساڵی 1184ز، لە حەڕان مزگەوتێکی ئاوەدانی بینیوە، بەڵام لە شارێکی بێ سەوزایی و سێبەردا. ئاوی شیرین، تەنیا چەند مانگێکی زستانان و بەهاران، لە چەند بیرێکەوە هەڵدەهێنجرا. کە مەغۆلەکان، بە یارمەتی مەسیحیان داگیریان کرد، شارەکە لە وشکیان، چی وای نەمابوو خۆی چۆڵ بێت و کۆتایی پێ بێت. ئەوەی کە ماشبوو، لە پەرستگا و کڵێسا و مزگەوت، ئەوان بە ڕقەوە ڕووخاندیان و، لە تەپ و تۆزی وشکی شارەکەیان نقوم کردن.
شوێنەواری شارەکه،‌ تا ئێستاش نەدۆزراوەتەوە. چەندان شوێنەوار و کەلوپەلی ئه و سەردەمە، لە ناوچەیەکی بەرینی باکوری کۆبانی و ڕۆژهەڵاتی ڕوها دۆزراونەتەوە. ئێستا لە باکوری کوردستان، بە ناوەندی ناحیەی "ئاڵتین بەشاق" دەگوترێت حەڕان. ئەم شارە، سەر بە ویلایەتی ئورفە (ڕوها)یە. شاری ئێستای حەڕان، لە نزیک سنوری تورکیا- سوریا هەڵکەوتووە، لە نێوان هەردوو شاری ڕۆژئاوای کوردستانی سەرێ کانی و کۆبانی.
ئایین و بڕوای حەڕانیان
حەڕانیەکان تا وێران کردنی شارەکەیان، لە ساڵی 1260ز، دیاردەکانی سروشتیان دەپەرست. خودای گەورەی شارەکە، مانگ یان "سین" بوو، لەگەڵ "ئەشتار"ی کچی و، "شامش"ی کوڕی. لە پاڵ ئەوانەدا، چەند هەسارە و ئەستێرەش، لە پێکهاتەی ئاڵۆزی پەرستنەکانیان دەبیندران.
مێژوی پەرستنی خودای مانگ، "سین"، لە میزۆپۆتامیا، زۆر کۆنە. حەڕان هەر لە هەزارەی سێیەمی پ.ز، ناوەندێکی ناسراوی پەرستنی سین بووە. شاری ئوڕی سومێریش، لە سەر فڕات و لە باشوری میزۆپۆتامیا، وەکو ناوەندێکی دی پەرستنی خودای سین ناسرابوو. شا ئورنامۆ (2112- 2059 پ.ز)، لە شاری ئوڕ، زەقوڕەیەکی گەورەی بۆ سین دروست کرد. سومێریەکان، بۆ ڕێزگرتنی پتر له سین، پێیان دەگوت "ناناڕ". خودی وشەی مانگ بە سومێری، "زوئەن"ی پێدەگوترا، کە بە واتای خودای زانین دێت. لێکۆڵەرەوان لایان وایه،‌ کە وشەی سینیش، هەر لە زوئەن هاتووە و، بە تێپەڕینی کات، لە سەر زاران گۆڕاوە.
لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ شاری حەڕان ناوەندێکی کۆنتری پەرستنی سین بووە، یان شاری ئوڕ، بیروڕای جیاواز هەیە. وەک دەردەکەوێت، سین خودای هاوبەشی هەموو میزۆپۆتامیا بووە. زوربەی شارەزایان لایان وایە کە سومێریان، لە باکوری میزۆپۆتامیاوە، بەره و دەشتاییەکانی باشور کۆچیان کردووە. دوور نیە ئەوان له و کۆچەیاندا، نەریتی پەرستنی سینیان، لە باکورەوە، لەگەڵ خۆیان بۆ باشور بردبێت. هەروەک جاران ئەوەش باو بووە، کە حەڕان، یەکەم شاری ئاوەدانکراوی دوای لافاوە گەورەکەی سەردەمی نوح بووە. واتا ناوی شارەکە، به و ئەفسانە ئایینیەوە بەستراوەتەوە، کە ئەمەش ڕادەی کۆنی حەڕانمان بۆ دەردەخات.
مانگ، یان سین، لە میتۆلۆژیای ناوچەکەدا، بە پارێزەری دەستەڵاتی پاشایان داندراوە. لە داستانی ئافراندنی ژیانی بابلی دا، کە بە " ئێنوما ئێلیش" ناسراوە، سین بە خودای تاج "بیل ئاکی" ناوی هاتووە. لە دەستورەکەی حامۆڕابیدا نوسراوە، ئەوەی دەستدرێژی بکاتە سەر یاساکان، سین لە تاجی پاشایەتی بێبەری دەکات. حامۆڕابی خۆیشی بە (نەوەی ئه و پاشایەی کە سین ئافراندویەتی) ناو بردووە. ناوی سین، وەک نازناوی چەندان ناوی کەسیی ئاشوریش هاتووە. هەروەک سین، لە ژمارەیەک ڕێککەوتنی کۆن دا بەکارهاتووه، بۆ دڵنیایی لایەنەکانی ڕێککەوتوو، کە لێی لانادەن. وەک ڕێککەوتنی نێوان شا زیمریلیم لە ماری(1777-1746 پ.ز)، لەگەڵ تیرەیەکی ناوچەکە، کە لە پەرستگای حەڕان مۆرکراوە. هەروەها پەیمانی نێوان پاشای هیتیەکان، شوپیلو لیوما(1385-1345 پ.ز) و پاشای میتانی شاتیوازا، کە نزای تێدایە بۆ هەردوو سین و شامش (ڕۆژ)، لە حەڕان. لە شارەزوریش، شوێنەوار دۆزراوەتەوە کە ناوی سینی تێدا هەڵکەندراوە.
خۆشبەختانە، حەڕانیەکان خۆیان، چەند کتێبێکیان لەسەر ئایین و باوەڕ و، خوداکانیان و، پەرستگاکانی شارەکەیان نوسیوە. کتێبەکان بە زمانی ئارامی نوسراون، کە ئه و سەردەم، تاکە زمانی نوسین و دیپلۆماتی ‌بوو، لە هەموو ڕۆژهەڵات. هەندێک له و نوسراوانە، لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە کراونەتە عارەبیش. سەرچاوە مەسیحیەکانیش، زانیاری زۆریان لەسەر ئایینی شارەکە، بۆمان بەجێهێشتووە. بەردیسان(154-222ز)، باسی باو بوونی پەرستنی (حەوت) هەسارەکەی کلدانی- بابلی دەکات لە حەڕان. هەروەها لەسەر ناوەرۆکی هەندێک لە کتێبەکانیانیشی نوسیوە، کە لەسەر کاریگەری هەسارە و ئەستێرەکان نوسراوە، کە لە کەلوە جیاوازەکانەوە، دێنە سەر بازنەی کەلوێکەوە. فێرکاریەکانی ئەددای، کە لە ساڵی 400ز کۆکراونەتەوە، باسی پەرستنی ئەستێران لە حەڕان دەکات. ئەم کتێبە، بە تایبەت باسی ڕۆڵی مانگ و ڕۆژ دەکات، کە لای خەڵکی شارەکە ڕێزی تایبەتیان هەبوو. یاکوب ساروگ(450-521ز)، لە کتێبی (گوتاری ئایینی لە کەوتنی بتان)دا، باسی سین دەکات وەک یەکێک لە خوداکانی حەڕان.
ڕووداوی هەرە گەورە، لە مێژو و ژیانی خەڵکی شارەکەدا، سەردانی خەلیفەی عەباسیان مەئمون بوو بۆ شارەکە، لە ساڵی 833زدا. مەئمون کاتێک کە بۆ شەڕی ڕۆمی بێزەنتی دەچوو، لە حەڕان لایدا. خەڵکی شارەکە و دەوروبەری، بانگهێشت کران، تا بە ناوی بەخێرهێنانی خەلیفە، باج و جزیەی بدەنێ. ئیبن نەدیمی مێژونوس، ئاوا باسی چاوپێکەوتنەکە دەکات: (هەندێک لە خەڵکی حەڕان هاتن. جلەکانیان بریتی بوو لە کەوای کورت. پرچیان درێژ و بسکیان شۆڕ بوو، وەک بسکی "قوڕەی باپیری سەنانی کوڕی سابیت". مەئمون جلوبەرگیانی بە دڵ نەبوو. لێیانی پرسی ئێوە چ کەسانێکن؟ وەڵامیان دایەوە کە ئێمە حەڕانین. مەئمون پرسی ئێوە مەسیحین؟ گوتیان نا. گوتی کەواتە جولەکەن؟ گوتیان نا. گوتی کەواتە دەبێت مەجوسی بن؟ گوتیان نا. پێیانی گوت کە ئێوە چ نوسراو و پێغەمبەرێکتان هەیە؟ لە وەڵامدا کردیانە منگە منگ. ئەویش پێیانی گوت، کەواتە ئێوە زندیقن و لە بت پەرستانن!. دوای ئەوە، هەر بە گوێرەی گێڕانەوەکەی ئیبن نەدیم، مەئمون ئامادە نابێت، باج و جزیەیان لێ وەربگرێت، چونکە جزیە تەنیا له و کەسە ناموسوڵمانانە‌ وەردەگیرێت، کە خاکیان کەوتۆتە بن دەستی موسوڵمانان و، پێڕەوی لە پێغەمبەرێکیش دەکەن کە ناوی لە قورئاندا هاتووە. مەئمون پێیان دەڵێت ئێوە سەرپشک دەکەم، تا لەم گەشتەم دەگەڕێمەوە، یان دەبنە موسوڵمان، یان دەچنە سەر یەکێک له و ئایینانەی، کە خودا لە قورئاندا ناوی بردوون، ئەگەر نا سەرتان دەبڕم و، کۆتایی بە کارە چەپەڵەکانتان دێنم. دوای ئه و هەڕەشەیە، ئەوان لە ترسان، شێوەی جلوبەرگ و پرچی خۆیان گۆڕی. بسکیان بڕی و وازیان لە پۆشینی کەوای کورت هێنا. کار بەمەندە نەوەستا، زۆریان چوون بوونە مەسیحی. هەندێکیشیان بوونە موسوڵمان. کەمێکی دیشیان، هەروا بە سەرلێشێواوی مابوونەوە و، نەیاندەزانی چی بکەن باشە. ئەوانە پیرەمێردێکی دنیادیتەی حەڕانیان لێ وەڕاست گەڕا. پیرە پێیانی گوت، کە مەئمون هاتەوە، پێی بڵێن کە ئێمە سابیئین، چونکە سابیئەکان لە قورئاندا ناویان هاتووە. ئێوەش بەمە لە سزادان دەرباز دەبن. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دۆزینەوەی ڕێگا چارە، زۆرینەی حەڕانیەکان ڕایانگەیاند کە ئەوان سابیئەن. زوربەی ئەوانەش کە ببوونە مەسیحی، دوای کەمبوونەوەی ترس، جارێکی دی پەشیمان بوونەوە. سەرەڕای ترسی زۆریان لە هەڕەشەی خەلیفە، مەئمون هەرگیز له و گەشتەی نەگەڕایەوە و مرد. ئەوانەی کە ببوونە موسوڵمان، جارێکی دی، نەوێران بگەڕێنەوە سەر ئایینەکەی جارانیان، چونکە ئیسلام ڕژاندنی خوێنی ئەوانە بە ڕەوا دەزانێت، کە لێی هەڵدەگەڕێنەوە. دوای ئەم ڕووداوە، کە سەری مەئمونی تێدا چوو، مێژونوسانی موسوڵمان کەوتنە بایەخ دانێکی زۆر، بە خەڵکی شارەکە و باوەڕی ئایینیان. دیارە دوای ئەوە، ئەوان لای نوسەرانەوە، پتر هەر بە سابیئە ناو دەبران، بەڵام لە سابیئە مەندائیەکانی باشوری میزۆپۆتامیا جیادەکرانەوە. جگە لە ئیبن نەدیم، نوسەرانی دی وەک حەمزەی ئەسفەهانی و ئەلمەسعودیش لەسەر حەڕانیان نوسیوه و سەردانی شارەکەیان کردووە‌.
-بەشی سێیەم:
سریمۆنیای ئایینی لای حەڕانیان
بۆ ئەوەی دواتر بتوانم، باشتر بەراوردێکی شیکاری بکەم، لە نێوان بیروباوەڕ و ئایینی حەڕانیان، لەگەڵ ئه و لێکچوونانەی، کە لە باوەڕ و ئایینی ئێزدیاندا ماون، وا پێویست دەکات گەشتێکی خێرا، بەناو توخمەکانی باوەڕی حەڕانیاندا بکەم. هەروەها ئاماژە بە شوێنی کۆنی ژیانیان و شوێنەکانی بوونی دواتریان دەکەم، کە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە شوێنە باوەکانی بوونی ئێزدیان و، باوەڕی لە ئێزدی چووەوە هەیە.
وەک ئاماژەمان بۆ کردووە، حەڕانیەکان حەوت ئەستێرە، یان هەسارەیان دەپەرست. ئەمەش پەیوەندیەکی توندی بە باوەڕی بابلیەکانەوە هەبوو، کە لە پاڵ خوداوەندی گەورەی مەردۆخ، هەر هەمان حەوت ئەستێرەیان دەپەرست. حەڕانیەکان، جگە له و حەوت ئەستێرەیە، ڕێزێکی تایبەتیشیان بۆ دوازدە کەلوەکە هەبوو. ئەوان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، لە نوسراوەکانیاندا، لایان وابوو کە لە سەروی ئه و دوو کۆمەڵە ئەستێرەیەی سەرەوەدا، بوونێکی گەورە و دەستەڵاتدار و پیرۆزیش هەیە.
لە شار و هەرێمی حەڕانێ، هەر یەک له و حەوت ئەستێرانە، پەرستگای تایبەت بە خۆیان هەبوو، کە ئەندازە و شێوەیان لەگەڵ یەک جیا بوو. هەر یەکێکیشیان، ڕەنگێکی تایبەت بە خۆی هەبووە. ئەوانە سریمۆنیای یادکردنەوەی جیاواز و تایبەتیشیان هەبووە. بە گوێرەی تێگەیشتنی وان، ئه و ئەستێرە و کەلوانە، بە شێوەی لێکجیا، کاریگەری ڕاستەوخۆیان بەسەر سیفاتە مرۆییەکانی تاکە کەسەوە هەبووە، وەک ڕق، خۆشەویستی، ئاستی زانیاری و تێگەیشتن، بەخشندەیی، ڕژدی و چروکی و.... دیاردەیەک کە تا ئەمڕۆش، بە ملیۆنان کەس باوەڕی پێیەتی و، سەیری کاتی لێکتێپەڕینی کەلوەکان دەکات. هەروەک دەیان گۆڤار و بەرنامەی تەلەفزیۆنی تایبەت، بە کاریگەری ئەم کەلوانە، بڵاودەکرێنەوە.
حەرانیە درەنگەکان، لایان وابوو کە حەوت ئەستێرە و دوازدە کەلوەکە، هێزێکی ناوبژیکەرن لە نێوان مرۆڤ و دەستەڵاتی باڵای سەروی مرۆڤ. حەوت ئەستێرەکە بریتی بوون لە: کەیوان. بەرجیس. بەهرام. ڕۆژ. ناهید. تیر. مانگ. حەوت ڕۆژەکەی هەفتەش، بە یەکسانی بەسەر ئەم ئەستێرانە دابەش کرابوون. دیارە هەر ئەستێرەیەک، جگە لە ڕەنگی تایبەتی خۆی، کانزایەکیشی بۆ کرابووە نیشانە. هەر ئەستێرەیەکیش کاریگەری پتری بەسەر چینێکی ناو کۆمەڵگاوە هەبووە و، ئەستێرەی بەختی ئه و چینە بووە.
حەڕانیەکان، لە سەدەکانی ناوەڕاست، چەندان کتێبیشیان لەسەر سریمۆنیای ئایینی خۆیان، بە هەردوو زمانی دیوانی ئه و کات، واتا سریانی و عارەبی، نوسیوە. گرنگترینیان کتێبی پاپای حەڕانیە، کە بە هەردوو زمانی سەرەوە هەن، بە جیاوازی دیاری نێوانیان. یەکێکی دی، بریتیە لە کتێبی (پێنج نهێنیەکان)، کە ئیبن نەدیم دانەیەکی پەڕپوتی بینیوە و سودی لێ وەرگرتووە. کتێبێکی دی حەڕانیان، کە لەم دواییانە دا، لە هەندێک سەرچاوەی کوردی، بە هەڵە خراوەتە ڕوو، بریتیە له و کتێبەی، کە (ئیبن ئەلوەحشیە)، لە زمانی ئارامی کۆنەوە، کردویەتیە عارەبی. ناوی کتێبەکە بریتیە لە (ئەل- فیلاحاتو ئەل- نەبتییون، al-fillahatu al-nabtiyyun). ناوەرۆکی کتێبەکە، لەسەر چۆنیەتی پەرستنی حەوت هەسارەکە و، هەندێک سریمۆنیای ئایینی دیە، وەک مردو ناشتن، پێشکەش کردنی مرۆڤ، وەک قوربانی بۆ خوداکان. هەروەها هەندێک کاری جادویی دی لە حەڕان. هێشتا ‌وردەکاری دی زۆر، لەسەر داب و نەریتی پەرستنەکانیان ناسراوە، بەڵام من بەمەندە واز دێنم.
حەڕان، چەقی بەیەک گەیشتنی شارستانیەکان
ئایین و بیرکردنەوەی حەڕانیان، بە شێوەیەکی سەرەکی، درێژە پێدانی ڕاستەوخۆ و بێ پسانەوەی، ئایین و بیرکردنەوەی ئایینی هەرە کۆنی دانیشتوانی میزۆپۆتامیا بوو. هەروەک دەشزانین کە میزۆپۆتامیا، بە درێژایی مێژو، لە هەموو لایەکەوە سنورەکانی کراوە بووە و، خەڵکی تێڕژاوە. دەستە و تیرە ئایینیەکان، هەروەک کاریان تێکراوە، کاریگەریشیان لەسەر دەستە درەنگ هاتووەکان، بۆ ناوچەکەیان بەجێهێشتووە. حەڕان وەکو سیمبولێکی شارستانیەتی کۆن و هاوبەشی ناوچەکە، تا سەرەتاکانی سەدەکانی ناوەڕاستیش، لاسارانە خۆی بە پێوە ڕاگرت. ئەوان هەروەک چۆن کە کاریگەری بابلیانیان بەسەرەوە دیار بوو، بە هەمان شێوەش، کاریگەری شارستانیەتەکانی دی ناوچەکەیان بەسەرەوە بووە. هەموو ئەمانەش بە ڕوونی لە بیروباوەڕەکانیان دا ڕەنگی داوەتەوە. شوێن پێی فەرهەنگی گرێکی، دوا بە دوای بیری میزۆپۆتامی، بە ئاشکرایی دەبیندرێت و، جیاکردنەوەی بۆ شارەزایان کارێکی ئاسانە. واتا حەڕانیەکان، زۆرێک لە توخمەکانی میتۆلۆژیای گرێکیان، تێکەڵ بە ئایین و بیرکردنەوەی ئایینی خۆیان کردبوو. تەنانەت هەندێک لە پاڵەوانەکانی ئەفسانەی گرێکیان، ڕۆڵی پێغەمبەریان لە ئایینی حەڕانیان بینیوە.
سەرهەڵدان و دەرکەوتنی بیرۆکەی بوونی بوونەوەرێکی بەرز و بە دەستەڵات، لە سەروی توانا و کاریگەری هەسارە و ئەستێرە وکەلوەکانەوە، دوور نیە لە ژێر کاریگەری (تاک خودایی) جولەکەکان، یان درەنگتر، مەسیحیەکانەوە هاتبێتە ناو ئایینی حەڕانیانەوە. دەشێ واشی دابنێین کە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە ئایین و بیرکردنەوەی زەرڤانی و، دواتریش زەردەشتی هاتبێت. وەک دەزانین، هەر لە ساڵی 722 پ.زیەوە، ئاشوریەکان 27290 جولەکەیان لە ئیسرائیلەوە بۆ کوردستان ڕاگواست. ئەمانە زوربەیان لە زاخۆ و ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر کرابوون. ئەمە چ لە بەڵگەنامەی ئاشوریان و چ لە تەورات پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەک ناوچەکە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی مەسیحیەتیشەوە، پێگەیەکی دیاری ئه و ئایینە بووە. واتا حەڕانیان زوو ئاشنایەتیان لەگەڵ هەردوو ئایین پەیدا کردووە.
دوای دەرکەوتنی ئیسلامیش، تێبینی ئەوە کراوە، کە حەڕانیان لە نوێژەکانیان دا، وەکو موسوڵمانان ڕوویان لە باشور دەکرد. تەنانەت (لەوانەیە بە هۆی لێکچوونی نوێژی حەڕانیان و موسوڵمانانەوە بێت، کە ئه و ئایینە توانی خۆی بپارێزێت و، نەکەوێتە بەر هەڕەشەی زۆر زووی موسوڵمانانەوە). حەڕانیەکان لە کاتی نوێژ کردن دا، دادەهاتنەوە سەر ئەژنۆیان. ئەوان تەنیا سێ نوێژیان لە شه و وڕۆژێکدا هەبوو. کاتێ کە خۆر لە ئاسمان دەردەکەوت. کاتێک کە خۆر دەگەیشتە چەقی ئاسمان و کاتێکیش کە خۆر ئاوا دەبوو و، زەردەپەڕی مابوو.
ئەم بایەخ دانە تایبەتیەی حەڕانیان بە ڕۆژ و ڕووناکی، بیرمان بۆ ئەوە دەبات کە لەوانەیە بیرو باوەڕی حەڕانیان، جۆرە نزیکیەک، یان کاریگەریەکی ئایینی زەردەشتیشی بەسەرەوە هەبووبێت. مێژونوس ئەلبەیرونی، کە لە نزیکەوە ئاگاداری باوەڕی حەڕانیان بووە، لەم بارەیەوە بە ئاشکرا دەنوسێت: (پەیوەندی لە نێوان زەردەشتی "مەجوسی"و ئایینی حەڕانیان هەیە). ئیبن مەیمونیش، کە جولەکەیەکی لە دایک بووی قورتوبەی ئەندەلوس بوو، دواتر بووە پزیشکی تایبەتی سوڵتان سەلاحەددینی ئەیوبی، نوسیویەتی (ڕۆژ لە بڕوای حەڕانیان دا، دەستەڵاتی هەبوو، بەسەر هەردوو دنیای ژۆر و ژێردا. ڕۆژ، شان بە شانی مانگ، لە خودا هەرە مەزنەکانیانە). جوگرافیزانی سەدەی چواردە، شەمسەددین موحەمود ئەلدیمەشقی، سەردانی پەرستگای مانگی کردووە، لە ناو کەلاوە ڕووخاوەکانی حەڕان دا، کە بە "مەدڕاق" ناوی دەبات. ئەلدیمەشقی دەنوسێت: لەسەر دەرگاکەی، هەندێک نەخش هەبوون، بە پەهلەوی نوسرابوون، کە زمانی ساسانیەکان بوو).
جگە لەمانە، یەکێک لە خوداکانی حەڕانیش، ناوی "هورمس" بوو. ئەبو سەعید وەهەب دەنوسێت: (حەڕانیەکان، هەموو ساڵێک، لە گوندی "سەبتە" ی نزیک دەرگای سەڕابی شاری حەڕان، گایەک بۆ هورمسی خودا دەکەنە قوربانی). هەروەها شەهرەستانیش نوسیویەتی: هورمس یەکێک لە خوداکانی حەڕان بوو. ئەلبەیرونیش تێبینی جەژنی هورمسی لای حەڕانیان کردووە، کە هاوکات و هاودەم بووە لەگەڵ جەژنی هەسارەی بەهرام. وەک دەشزانین، هورمز، یان هورمس، ناوێکی دی ئاهورامەزدایە لە ئایینی زەردەشتی دا. دەبێت ئەمەش بڵێم کە هەندێک جیاوازی زۆر زەقیش، لە نێوان باوەڕی زەردەشتی و حەڕانی دا هەبووە. وەک ئەوەی کە لە ئایینی زەردەشتی دا، حەوت هەسارەکە ئەهریمەنین. هەروەک دوانەیی لە باوەڕی زەردەشتی دا زۆر ئاشکرایە و، بوار بۆ بوونەوەری دی هاوتا نەهێڵدراوەتەوە، کەچی ئەمە لە حەڕانی دا، به و شێوەیە دەرنەکەوتووە.
زۆر وردەکاری ئایینی و پەرستنی دیش لای حەڕانیان هەبوون. لەوانە، کە لە سەرچاوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەرکەوتوون، وەک حەڕانیان لە ئێسک و ئەندامەکانی وەک باڵی پەلەوەر و، ئێسکی گیانەوەر و بەرد، نزا و وێردیان دەخوێند، تا لە نەخۆشی و چاوو زار دووریان بخاتەوە و، ژیانێکی بەختەوەریشیان بۆ بێنێت. هەروەها باوەڕیان بە زیندوو بوونەوە و دیسان ژیانێکی دی نەبوو. لە جیاتی ئەمە، لایان وابوو، کە هەر 36425 ساڵ جارێک، جیهان جارێکی دی، بە جۆرێکی دی تازە و نوێ، ڕێک دەخرێتەوە.
حەڕانیەکان، لە کۆتایی سەدەی نۆیەمی زایینی، بە هۆی لێکدانەوەی جیاوازی لاهوتی و تیۆلۆژیەوه،‌ بۆ دەرکەوتنی (بوونەوەری باڵا، یان دەستەڵاتی هەرە بەرز)، لێک ترازانیان تێ کەوت و، بوونە چەند دەستەیەک. سابیت ئیبن قوڕە (835-900ز) ناسراوترین کەسە، کە لە ئەنجامی جیاوازی بیروباوەڕەوە، شارەکەی خۆی بەجێهێشت و، ڕووی لە بەغدا کرد. سابت لە بەغدا، زۆر زوو، وەکو پزیشک و فەیلەسوف ناسرا و، جێگای خۆی لە کۆڕی زانایان کردەوە. ئه و چەندان کتێب و نوسراو و بەرهەمی، لە زمانەکانی گرێکی و سریانی، کردنە عارەبی. موعتەزید بیللای خەلیفەی عەباسی(857-902ز)، لە کۆشکەکەی خۆی، پێشوازی لە سابت کرد. ئەگەر چی ئه و تا مردیش، وازی لە ئایینی حەڕانی نەهێنا، بەڵام زانایی و شارەزایی، ئەوی باڵادەست کرد و، ڕێزی خۆی بەسەر دەوروبەریدا سەپاندبوو. له و سەردەمەدا، واتا لە سەدەی نۆیەمدا، فێرگەی پزیشکی و فەلسەفی شاری حەڕان، گرنگترین ناوەندی زانستی هەموو ڕۆژهەڵات بوو. حەڕانیەکان چەندان زانا و شارەزا و کارمەندی دیشیان پێشکەش بە کۆمەڵگای ئه و سەردەم کردووه، کە ئێرە جێگای گونجاو نیە بۆ ناوبردنیان‌.
حەڕانیەکان، دوای وێرانکرانی شارەکەیان
دوای وێران بوونی شاری حەڕان، لە ساڵی 1260 ز، ئیدی بۆ چەندان سەدە، ناوی ئه و شارە ناسراوەی مێژو‌ لەبیر کرا. هەواڵ و دەنگوباسی دانیشتوانی شارەکەش، بۆ هەتا هەتایە ون بوو. ئیدی وەک ئەوەی کە لە دوای خاپور کردنی شارەکە، دانیشتوانەکەیشی، خۆیان و ئایین و بیروباوەڕیان، ژێر گڵ کرابن و، لە هیچ گۆشەیەکی ئەم سەر گۆی زەویە، سەریان بە دەرەوە نەمابێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە وا نیە. حەڕانیەکان، بە شێوەیەکی دی و، لە ژێر ناوێکی دی دا، تا سەرەتاکانی سەدەی بیستیش، لە کوردستان و، زۆر دووریش نا، لە شوێنی داپیرە و باپیرانیان، هەر مابوون. بیر و باوەڕی وان، تا ئێستاش، بە شێوەیەکی دی گونجاو، لەگەڵ بارو دۆخی داسەپاوی دواتر، هەر ماوە. هەروەک دەزانین، دوای وێرانکرانی حەڕان، دانیشتوانەکەی پەرتەوازەی دۆڵ و دەشت و شارەکانی ناوچەکە بوون. ئیبن شەداد دەڵێ (خەڵکی شارەکەیان بۆ ماردین و شارەکانی دی دوور خستەوە).
دوای نزیکەی 400 ساڵ، لەپڕ هەواڵی بوونی ڕۆژپەرستانمان لە ماردین بەر گوێ دەکەوێت. یۆران بۆریێ، لەم بارەیەوە دەنوسێت:(کاتێک کە سوڵتانی عوسمانی، مورادی چوارەم(1623-1640ز)، لە ساڵی 1639ز دا، لە شەڕێک دەگەڕایەوە، بە ماردیندا تێپەڕی، لەوێ بۆیان باس کرد، کە چەند سەت خێزانێک لە شارەکە هەن، کە لەوانەیە تێکڕا 800 کەسێک دەبن، ڕۆژ دەپەرستن. هەر لەبەر ئەوەشە کە پێیان دەڵێن "شەمسییە". چونکە ئەوان بە خاوەن کتێب دانەدەندران، لە نێوان سێ هەڵبژاردە دا سەرپشک کران: یان ئەوەتە دەبێت بچنە سەر یەکێک لە سێ ئایینە ئاسمانیەکە، یان دەبێت ماڵەکانیان بەجێبێڵن و بار بکەن، دەنا دەکوژرێن. کێشەکە بەوە چارەسەر کرا، کە پاتریارکی سریانی ئەرتەدۆکس "یەعقوبی" سۆزی خۆی بۆیان پیشان دا و، لە کۆمەڵەکەی خۆی وەریگرتن. ئەوان هێشتا فریا نەکەوتبوون تا هیچ شتێک لە ئایینی مەسیحی بزانن و فێر ببن، بۆیە مەسەلەکە هەمووی، لە سۆز جوڵانەوە بۆیان بەولاوە، هیچی دی نەبوو. کاتێک کە هاتە سەر کردار، ئەوان بە هیچ جۆرێک پێیان خۆش نەبوو، دەستبەرداری نەریتی سەردەمی بت پەرستی خۆیان بن. ئه و نەریتەی وا دیارە کە، ڕەگی لە نەریتێکی زۆر کۆنی ئێرانیەوە هاتبێت).
جارێکی دیش، لە ساڵی 1760ز، لە لایەن پاشایەکی دیەوە، سەرپشک کران، بۆیە ئەوان وەک ناچاریەک، پتر خۆیان بە کڵێسای سریانی ئەرتەدۆکسیەوە گرێ دا.بەڵام هێشتا 90 ساڵ دوای ئەوەش، جوگرافیزانی ئەڵمانی، "پێتێرمان" هەستی بەوە کردووە، کە مەسیحی بوونی ئەوانە، هەر سەرزارەکیە و، تەنیا هەندێک جوڵەی دەرەکیە. ئەوان ڕێگا دەدەن بە جەم "تەعمید" کردنی منداڵەکانیان لە کڵێسا. لە کاتی نزا و پاڕانەوەکانی کڵێساشدا، ئامادە دەبن. بەڕۆژوش دەبن. جلوبەرگیشیان وەکو مەسیحیانە. بەڵام ئەوان هێشتا لە گەڕەکێکی جیا و سەربەخۆ دەژین. هەرگیز لە دەرەوەی دەستەکەی خۆشیان، ژن و ژنخوازی ناکەن. بە نهێنیش، نەریتەکانی سەردەمی بت پەرستیان بەجێ دەگەیەنن.
بۆریێ بەردەوام دەبێت لە نوسین (له و هەموو دیاردانەی بت پەرستی، کە لەگەڵ پەرستنی ڕۆژ دا یەکیان گرتبوو، ئەوان هەرە دیار و نەمرەکەیان هێشتبۆوە‌ و، دەیانگوت: ئێمە بۆ هەتا هەتایە، سەر لەنوێ لە دایک بوونەوەی ڕۆژ و سەرکەوتنی، جەژن دەگێڕین. کڵێسای مەسیحی، ئه و جارەش، وەک زۆر جاری دی، وەڵامی بۆ ئەمە، خۆگونجاندن بوو لەگەڵیاندا، بە یەکبوون و گرتنە خۆی ئه و نەریتە کۆنەی ئەوان. بەڵام ئەگەر سەکۆی گوتار لێدانی کڵێسا، "وەک ئەوان دەیانویست"، ڕووی لە ڕۆژهەڵات بایە، ئەوا ئەوەی دەگەیاند، کە کەشەش، ڕوو لە نەریتی یادکردنەوەی لەدایکبوونی ڕۆژ دەکات، بە هەمان شێوە کە ڕێبەرانی ئایینی ڕۆژپەرستەکان دەیانکرد. لە دێری بەناوبانگی "زەعفەران" لە نزیک شاری "ماردین"، کولانکەیەک لە دیواری دێرەکە ماوە، کە یادگاری کۆنی ئه و کەسانەیه،‌ کە یادی دەرکەوتنی تیشکی ڕۆژیان، لە مانگی دیسێمبەر، تێدا دەکردەوە. واتا ئه و یادەی کە تا ئێستاش لای کوردان، ئێرانی و ئەفغانیانیش دەکرێتەوە بە ناوی "شەوی یەڵدا".
نوسەرێکی دی سویدی، بە ناوی ئەلێکسیس کویلێنشێڕنە، لە 1ی ئەپریلی ساڵی 1898ز، دەچێتە شاری ماردین. ڕۆژپەرستەکانی ئەوێ، سەرنجی ویش ڕادەکێشێت. ئه و ئاوا باسیان دەکات:(مرۆڤ لێرە دەتوانێت ئایینی دی ببینێت، کە لەوانەیە مەسیحی، یان موسوڵمان بن، بەڵام بیروباوەڕی ڕاستی ئەوان، باوەڕێکی کافرانەی کۆنە. ئەوان ناویان "شەمسیە"یە، یان ڕاستتر بڵێین ڕۆژپەرستن. ئەوانە کافری گەورەن. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە له و ناوچەیەدا، کۆمەڵێک ئایینی جۆراوجۆر هەن و، بۆ ئێمەی ئەوروپی، کە هاتوینەتە دەوڵەتی عوسمانی، نەناسراون).
کویلێنشێڕنه درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات و دەنوسێت (کەشەی ڕۆژپەرستەکان، پەرستگای خۆی هەیە، کە کۆبوونوەی تێدا دەکەن. ئەمانە لە میزۆپۆتامیاش هەبوون. کەشەکانی ئەوان، وەک خەڵکی ئاسایی هاتوچۆیان دەکرد. لە کاتی هاتنی سوپای مەغۆلان، ئەوان خۆیان شاردەوە و، پەرستگاکانی خۆیان تەقاندەوە. خۆیان لە شاخ و دەشتەکانی نێوان دیاربەکر و ماردین شاردەوە. سەرەڕای ئه و کارەساتانەش کە بەسەریان هاتووه، کەچی هێشتا کەشەیان هەیە، ئەگەرچیش زۆر کەم بوونەتەوە. ئەوان ئێستا ناوێرن زۆر بە ئازادی بسوڕێنەوە. هەر لە دکۆتایی هاتنی سەدەی هەژدە دا، ئەوانە لەژێر مەترسی هەڕەشە و ئازاردان دان.... ئەوان ئەمڕۆ، بە دیوانی خۆیان وەک مەسیحی یەعقوبی دەردەخەن، بەڵام بە دزی و لە ژێرەوە، بە تەواوی پەیڕەوی لە ئایینی خۆیان دەکەن. ئەوان زۆر بە ورەن، بەڵام وا خەریکە بەرە بەرە ئایینی کۆنی خۆیان لەبیر دەچێتەوە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژپەرستەکان بەره و کەمبوونەوە بچن، بە تایبەتی لە شاری ماردین. ئه و کەمبوونەوەیان لە ناو شار، لەوانەشە لە ئەنجامی کۆچ کردن و گرتن و ڕاونان و زۆرداری لێکردن بووبێت.)
-بەشی چوارەم:
ئێزدیەت.. پاشماوەی بیروباوەڕی میزۆپۆتامیای کۆنە و، ئێزدیەکانیش نەوەی هەمان حەڕانیانن‌ لە کوردستان.
ڕۆژپەرستانی ماردین، کە لە پێشەوەدا لێیان دواین، ئەگەر خودی حەڕانیەکانیش نەبن، بێگومان لە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی ئەوان دا بوون. لێرە دا ئەم پرسیارە دێتە پێشێ: گەلۆ، ئەوا زانیمان کە بەشێکی ئه و حەڕانیانە، ناچار کراون تا ببنە مەسیحی. بوونی مەسیحیانی ئەرتەدۆکس، تا ئەمڕۆش لە ماردین و میدیات و دەورو بەری، گەواهی ئەمە دەدەن. ئەی ئه و حەڕانیانەی دی، کە دوای ڕووخاندنی شارەکەیان، ڕوویان لە شوێنە نزیکەکانی دی کوردستان کرد، چیان بەسەر هات؟ هەروەها ئەوانەش کە ئایین گۆڕینیان نەپەژیراند و، ناچار بوون لە ترسی مەرگ، بار بکەن و خۆیان بشارنەوە، یان خۆیان بە شێوەیەکی دی جیاواز دەربخەن، ئێستا لە کوێن؟ ئایا نەوەی حەڕانیەکانی دوێنێ، یان ئایین و بیرو باوەڕی حەڕانیان، هەروەها کاریگەریەکانی ئه و ئایین و باوەڕانە، بەسەر ئایین و باوەڕی دی هاوچەرخی کوردستان دا ماوە؟ من لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا، بە وشیاری و ئاگایانە، لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاریانە، لە نێوان توخمە ناسراوەکانی ئایین و باوەڕی حەڕانی و ئایینی ئێزدیان دەکەم.‌
وەک لە سەرەتای بابەتەکەشدا ئاماژەم بۆ کردووە، بە لێکۆڵینەوەیەکی سادە دەردەکەوێت، کە ئایینی ئێزدی و ئێزدیان، یان ڕاستتر وەک ناوی ئێزدی، وەک دەستەیەکی جیاوازی مرۆڤ، تا سەدەکانی ناوەڕاستیش، هیچ دەرکەوتن و بوونێکی نەبووە. مێژونوسانی ئه و سەردەمانە، لە نوسراوە بەجێماوەکانی خۆیاندا، باسی دەیان دەستە و تاقم و ئایین و ئایینزا و، دەستەی لە ئایینان هەڵگەڕاوەیان کردووە، کەچی کەسیان ناوی ئێزدیەکان و ئایینەکەیانیان نەهێناوە. ماوەیەکی زۆر دوای پەلاماری مەغۆلان و، تێکدانی حەڕانیش، هێشتا ناوی ئێزدیان نابیستین. یەکێک له و سەرچاوە کۆنانەی کە لەسەر ئێزدیانی نوسیوە، شەرەفخانی بدلیسیە، لە کتێبە بە نرخەکەیدا (شەرەفنامە)، کە بە فارسی نوسیویەتی‌. دوای ئەویش، نوسەری عوسمانی سەدەی حەڤدە، ئەولیا چەلەبی، لە (سیاحەتنامە) پڕ لە زانیاریەکەیدا، لێیان دواوە. دوای ئەوە سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان، بەردەوام لەسەر ئێزدیانیان نوسیوە، کە تا ئێستا کەمی لای کوردان ناسراون.
ئێزدیەکان پێش ئەوەی لە سەدەی نۆزدە دا بکەونە بەر ڕاونان و چەوساندنەوە، هەر لە ناوچە جوگرافیەکانی نزیک حەڕان دەژیان. کویلنشێڕنە لە ساڵی 1898ز نوسیویەتی: (لە ماردین، وەک موسڵ، ئێزدیەکان زۆر بە دەگمەن لە ناو شار دەبیندرێن، بەڵام لە دەشتاییەکان گوندیان زۆرە. دەتوانم بڵێم کە تەواوی گوندەکانی نێوان ماردین و داراشار ئێزدین). خوێنەر بە سەرنج دانێک لە دابەش بوونی ئەمڕۆی ئایینی، له و ناوچەیەی کە کویلنشێڕنە، تەنیا سەت و شازدە ساڵ پێش ئێستا باسی بوونی بەرفراوانی ئێزدیانی تێدا کردووە، بۆی ڕوون دەبێتەوه،‌ کە چ گۆڕانکاریەکی گەورە، بە زیانی ئێزدیان تەواو بووە. ئەمڕۆ تەنیا بە شێوەیەکی پەرت و بڵاو، هەندێک ئێزدی، هێشتا لە ناوچەی ماردین، سەرێ کانی، کۆبانی، عفرین و چەند شوێنێکی دی ماون. وەک وا دەبینین، ناوچەکە بە هۆی پەلاماری توندڕەوانی ئیسلامی، وا دیسان کەوتۆتە بەر هەڵمەتێکی گەورەی پاکتاوی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی. ئێزدیان تا ئێستا، قور‌بانی سەرەکی ئەم پەلامارانە بوون و، لە شنگال و ناوچەی کۆبانی توشی زیانی گەورە بوونەتەوە. چارەنوسی هەموو ناوچەکه،‌ هێشتا لە تاریکی دایە و، نازاندرێت دواڕۆژ جی بۆیان هەڵگرتووە.
ئێزدیایەتی، یان فەرهەنگ و بیروباوەڕی ئێزدیان، فەرهەنگێکی سێکتی، یان دەستەیی نیە. واتا کەسێک، پیرێک، یان شێخێکی دیاری سەر بە ئایینێکی ناسراو، دانەری داب و نەریتی ڕێچکەیی نەبووە بۆ لایەنگر و مریدانی خۆی. ئەگەر بە وردی سەرنجی بدەینێ، بۆمان دەردەکەوێت کە ئایینی ئێزدی، تێکەڵاوێکی ناهاوتای فەرهەنگ و نەریتی میللی و ئایینی جۆراوجۆری ناوچەکەی لە خۆ گرتووە. توخمەکانی زەردەشتی، یەهودی، مەسیحی و ئیسلامی، بە زەقی پێوە دیارە. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێی بکۆڵینەوە، توخمی باوەڕی حەڕانیه،‌ لە بەشە بنچینەییەکانی ئایینی ئێزدیان. لە ڕێگای حەڕانیشەوە، دیاری کردنی توخمە کۆنەکانی بیری میزۆپۆتامیایه، ‌(سومێری- بابلی) له و ئایینە دا.
ئەگەر وای دابنێین، کە ئایینی ئێزدی، هەروا لە پڕ وەک کوارگە بەهارە، سەری دەرنەهێناوە، ئەوا دەبێت لای ئەوان، بە دوای حەڕانیە ون بووەکان دا بگەڕێین. ئێمە دەتوانین لە زۆر ڕووەوە، توخمی وێکچووی باوەڕی هەردوو لا، لە بەرامبەر یەکدی دابنێین.
ئێزدیەکان، لە بەرامبەر حەوت ئەستێرەی حەڕانیدا، حەوت خودایان هەیە. ئەوان چ لە ژێر کارتێکردنی مەسیحی- ئیسلام دابێت، یان بۆ شاردنەوەی بیروباوەڕیان، بە مەبەستی لادانی هەڕەشە لەسەر خۆیان، خوداکانیان سەرەتا بە فریشته و، دواتریش بە شێخ ناودێر کردوون، بێ ئەوەی کە لە پلە و پایەیان داگیرابێت. لە ناوەکانی ئێستای ئەم خودا، یان فریشتانەدا، کاریگەری ئایینە باڵادەستەکانی جولەکەیی، مەسیحی و ئیسلام، بە ڕوونی دەبیندرێت. دیارە ئەمانە هەرگیز تاکە خودای گەورە و، بە دەستەڵاتی ڕەها نین.‌ لایەنێکی دی ئەم وێکچوونە، لەوە دایە کە، ئەوانیش هەروەک حەڕانیان، بۆ هەر یەکێک له و خوداوەند، یان شێخانە، ڕۆژێکیان داناوە. واتا بەراوردەکە بەمجۆرەی خوارەوه دەردەکەوێت‌:
حەڕان ئێزدی ئێزدی ڕۆژی..
ڕۆژ عیزرائیل مەلەک تاوس یەکشەم
مانگ دەردانائیل شێخ حەسەن دووشەم
بەهرام ئیسرافائیل شێخ شەمس سێشەم
تیر میکائیل شێخ ئەبوبەکر چوارشەم
بەرجیس جوبرائیل سوجادین پێنجشەم
ناهید شمنائیل ناسرەلدین هەینی
کەیوان تورائیل فەخرەدین شەممه
باوەڕ بە حەوت فریشتەکە، توخمێکی بنچینەیی باوەڕی ئێزدیانە.
دەرکەوتنی دەستەڵاتی هەرە بەرز، یان بوونەوەرێکی باڵاو بە توانا، کە لە زمانی کوردیدا، بە ناوی دی وەک یەزدان، خودا ناو دەبرێت، لای حەڕانیەکاندا، هەر لە سەرەتاکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا، لێکدانەوەی تیۆلۆژی جیاوازی بۆ دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی لێکترازان و لێکجیابوونەوەیان. دیارە بوون و باوەڕهێنان بە بوونەوەر و دەستەڵاتێکی باڵا، لە سەروی هەموو شتە پیرۆزەکان، هەر له و سەردەمانەدا خۆی چەسپاندووە و، تا دوایی ماوەتەوە. لە باوەڕی ئێزدیانیش دا، باوەڕ بە خودا، دیاردەیەکی چەسپاوە و، بواری گومان لێکردنی نیە. لە دەقە ئایینیەکانیان دا، ناوی خودا و ڕۆڵی خودا، بە ڕوونی دەبیندرێت.
یەکێک لە توخمە ئاڵۆز و، هاوکات هەرە ناسراوەکانی ئێزدیان، بێ سێ و دوو لێکردن، بریتیە لە "مەلەک تاوس". دەبینین ئیبنولنەدیم، لە کتێبە نایابەکەیدا "ئەلفەهرەست"، ناوی "تاعوز"ی هێناوه، وەکو یەکێک لە خودا ناسراوەکانی حەڕانیان. مێژونوس عەبدولقادر بەغدادیش، باسی "تایوس" دەکات، بەڵام وەک پێغەمبەرێکی حەڕانی ناوی بردووە. وەک دەبینین، ئەم دوو ناوە، لە ناوی مەلەک تاوسی ئێزدیان دەچێت. (من دواتر دێمەوە سەر شیکار کردنی زمانەوانی ناوەکە). هەندێک لە نوسەرانی دی، ناوەکەیان لەگەڵ (تەموزا) تێکەڵ کردووە. من بە دووری نابینم کە ئەم تێکەڵیە، زووتر هەر لای خودی حەڕانیەکان وەدیهاتبێت. دەبینین ئەلبەیرونی، ئه و خودایەی لای حەڕانیان، به "تەموزا" تۆمار کردووە. ئیبن مەیمونیش، هەر بە "تەموز" ناوی دەبات. ئیبنولنەدیم دەنوسێت: (ژنانی حەڕان، لە مانگی تەمموز، بۆ تاعوز دەگریان). دیارە ئەگەری ئەمەش زۆر بەهێزە، کە هەردوو ناوەکە، بۆ دوو خوداوەندی لێکجیا بەکار هاتبن.‌ ئەمە ئاشکرایە، کە تەموزا، یان دموزی، هەمان خودای بەپیتی و زۆربوونی سومێریەکان بووە. لە میتۆلۆژیای سومێریدا، دموزی، لە کۆتایی هەموو ساڵێک دا "لە کەژی پایز" دەکوژرا. ئەوانیش، بە هەمان شێوەی عاشورای شیعەکان، لە یادی کوژرانی حوسێن، ساڵانە شینیان بۆ دموزی دەگێڕا. دیارە ژنانی حەڕانیش، ئه و یادەیان کردۆتەوە. لە سەری ساڵی تازەشدا، کە دەکەوتە مانگی نیسان، ئەپریلەوە، دموزی زیندو دەبووەوە، بۆیە خەڵک ئاهەنگیان بۆ دەگێڕا. لە میتۆلۆژیای بابلی دا، دموزی دۆستی شاژنە ئەشتار بووە. تێبینی ئەوە بکە، کە سەری ساڵی ئێزدیانیش، دەکەوێتە سەرەتای مانگی نیسانەوە. هەروەک لە میتۆلۆژیای ئایینی ئێزدی، مەلەک تاوسیش بە شەهید ناوی هاتووە. له دەقی ‌ "نزای بەیانی" ئێزدیان دا، لەسەر مەلەکێ تاوس هاتووە: ئەی پاشای شەهید، ئەی سوڵتانی ئێزدی....
ڕۆژ لە ئایین و باوەڕی ئێزدیەکان دا، شوێنێکی تایبەتی هەیە. یەکێک لە حەوت فریشتەکان، یان شێخەکانی ئێزدی، ناوی "شێخ شەمس"ە. ئێستا کە من وا ئەم چەند دێرانە دەنوسم، مەزاری شێخ شەمسی ئێزدیان، لە پاڵ چیای شنگال، کەوتۆتە بەر پەلاماری دڕندانەی چەکدارانی ئیسلامی داعشەوە، کە دەیانەوێت هەڵیتەکێنن و، بە دەردی شاری حەڕانی بەرن. گرنگی ڕۆژ لەوەوە دەبیندرێت، کە نوێژی ئێزدیان، وەک حەڕانیان، پەیوەندی بە هەڵهاتنی ڕۆژەوە هەیە. حەڕانیان، لە مانگی مایس، مای، ئاهەنگیان بۆ ڕۆژ دەگێڕا. هەروەک هەموو ساڵێک، لە 15ی مانگی نیسان، قوربانیان پێشکەش ئه و خوداوەندە دەکرد. ئەم ڕۆژە، دیسان سەرە ساڵی ئێزدیانمان دێنێتەوە یاد، کە دەکەوێتە 12ی نیسان.
ئێزدیەکان لە ناو دەرو دراوسێکانیاندا، بە شەیتان پەرست ناو دەبردرێن. ئەمە ئاشکرایە کە دیدی ئێزدیان بۆ شەیتان، که لای ئایینە ئاسمانیەکان،‌ بوونەوەرێکی بە توانای نەفرەت لێکراوە، هەمان شت نیە. ئەوان بە ترسەوە تێی دەڕوانن و، ناوێرن بە خراپە ناوی بەرن، یان هەر ناوی ناهێنن. ئەمە لە ڕەفتاری ڕۆژانەی هاوڵاتی ئێزدی دەبیندرێت. لە هەندێک لە قەولەکانیشیان دا، ئاماژە به و ڕێزلێنانە کراوە. گوایە ئەمە جۆرێکە لە خۆپاراستن لێی. دیارە گەلێک لە نوسەرانیش، بە هۆی ئه و خۆپارێزیەی ئەوان لە شەیتان، شەیتان پەرستنیان داوەتە پاڵ ئێزدیان. دەبینین، لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا، واتا پێش دەرکەوتنی ناوی ئێزدیان، نوسەرانی ئه و سەردەم، بە هەمان شێوەی ئێستا بۆ ئێزدیان، ڕەفتاری شەیتان پەرستیان داوەتە پاڵ حەڕانیانەوە. ئیبنولنەدیم، لە کتێبەکەی "ئەلفەهرەست"دا، باسی ئەوە دەکات کە حەڕانیەکان، شەیتان و جنۆکەیان دەپەرست. ئەلبەیرونیش، باسی ئەوەی کردووە کە، حەڕانیەکان شەیتان پەرست بوون. بە قسەی ئەلبەیرونی، "سالوغاش" میری شەیتانەکانیان بووە. وەک ئه و نوسیویەتی، حەڕانیان ساڵانه، لە ڕۆژی 2ی مانگی مایس، ئاهەنگیان بۆ شەیتانەکان دەگێڕا.
وەک دەزاندرێت، ئێزدیان ڕۆژانە سێ نوێژیان هەیە. کاتی هەر سێ نوێژەکە پەیوەندیان بە هەڵهاتن و چوونە چەقەوە و ئاوابوونی ڕۆژەوەیە. وەک لە پێشەوە دەرمانخستووە، حەڕانیەکانیش تەنیا سێ نوێژیان لە شه و وڕۆژێکدا هەبوو. کاتێ کە خۆر لە ئاسمان دەردەکەوت. کاتێک کە خۆر دەگەیشتە چەقی ئاسمان و کاتێکیش کە خۆر ئاوا دەبوو و، زەردەپەڕی مابوو. واتا کاتەکانی نوێژی ئێزدیەکان، هێشتا وەکو خۆی، یان سەردەمی جارانی حەڕان، ماوەتە‌وە و نەگۆڕاوە.
جگە له و وێکچوونانەی، کە لە سەرەوە دا، بە کورتی پیشانمان داون، جل و بەرگ و، سەر و قژ و ڕیشی هەندێک لە چینەکانی ئێزدی، شێوەی سەر و ڕیش و جل و بەرگی ناوازەی حەڕانیانمان بیر دەخاتەوە، کە مێژونوسانی کۆن لێیان دواون.
جگە له و کارە بەراوردکاریانەی سەرەوە، کە لە هەموو ڕووەکانی باوەڕی، ئایینی، جل و بەرگ و شێوە، مێژویی، جوگرافی، زەق و دیار و بەرچاون‌، هیچ نوسراوێکی مێژویی لەمبارەیەوە نیە. ڕەنگە تەنیا شتێک، کە دەست من کەوتبێت، ئه و سەرە داوە لاوازە بێت، کە مێژونوسی سەدەکانی ناوەڕاست، عەبدولقادر بەغدادی، لەبارەی پەیوەندی نێوان حەڕانیان و، دەستەیەکی هەرتەکی (لاردین)ی ئیسلامی بە ناوی "یەزیدی" دەمانداتێ. بەغدادی دەنوسێت: (یەزیدیەکان لایان وایە، ئه و کەسانەی کە بە سابیئە ناسراون و، لە واسیت و حەڕان دادەنیشن، سابیئەی ڕاستی نین. بە لای ئەوانەوە، سابیئەی ڕاستی، پێڕەوکەرانی پێغەمبەرێکی ئێرانین، کە خودا لە داهاتوودا، دەینێرێت). بەغدادی درێژەی پێدەدات و دەنوسێت: (ڕەچەلەکی حەمدان قەرمەتی، دامەزرێنەری دەستەی "باتینیە، الباطنیة"ی ئیسلام، لە حەڕانەوە هاتووە. دیارە سەرەڕای ئەوەی، کە ئەم ناوهێنانە زووەی ئێزدیان و، بەستنەوەیان بە حەڕانەوە، لاواز و پچڕاوە و، نوسەرانی دی هیچیان لەسەر نەنوسیوە، یان بە دەست ئێمە نەکەوتوون، بەڵام بایەخێکی مێژویی زۆری هەیە. هەروەک لەم کورتە نوسینەدا، ئەمەشمان بۆ دەردەکەوێت کە حەڕانیان، کاریگەری چالاکانەیان بە سەر ژیانی ڕۆشنبیری سەردەمی خۆیانەوە هەبووە.
دیارە جگە لە ئێزدیان، کە بە گومانی ئێمە، پاشماوە و، میراتی هەرە کۆنی ئایین و باوەڕی حەڕان و میزۆپۆتامیان، باوەڕی میزۆپۆتامی، چ ڕاستەوخۆ بووبێت، چ لە ڕێگای کاریگەری ئایینی زەردەشیتەوە بووبێت، شوێنەواری خۆی، بە سەر باوەڕی هەموو دەستە و چین و توێژێکی کۆمەڵگای کوردستانی جێهێشتووە و، پاراستووە. بۆ نمونە دیاردەکانی دەرکەوتنی حەوت لە نەریتی کوردی دا، وەک حەفتیانەی بوک. حەفتانه منداڵی ساوا‌. حەوت ئاسمان. حەوتەوانە. سفرەی حەوت سینی نەورۆزان. حەوت برای چیرۆکەکانمان.
لە ئایینی زەردەشتیشدا، ئاهورامەزدا، لە ململانێی خۆیدا لەگەڵ ئەهریمەن، پشتی بە "ئەمشا سپەنتان، یان هێزی پیرۆزی نەمر" بەستووە، کە حەوتن. هەروەک ئەهریمەنیش، لە بەرامبەر ئەوە دا، پشت بە حەوت هەساره، یان ئەستێرە ‌ دەبەستێت.
لە باوەڕی یارسانەکانیش دا، حەوت فریشتە هەن، کە لایەنی جۆراوجۆری گەوهەری خوداوەندن. ئەوان زۆر جاران، لەم سەر زەویە دا، خۆیان بە شێوەی مرۆڤ دەرخستووە. هەروەک "حەفت تەن" بایەخێکی میتۆلۆژی گەورەی، لە باوەڕی یارساناندا هەیە. حەوت فریشتەکەی باوەڕی یارسانان، (تا ئێستا) پێنج جاران، لە سەر زەوی دەرکەوتوون، بۆیە هەر یەکە و، پێنج ناویشی هەیە. بۆ نمونە، جاری سێیەم، به و ناوانەی خوارەوە دەرکەوتووە: (میکائیل. قەنبەر. کاکە. ڕەدا. داوود. یارجان. ئەڵماس بەگ. خان ئەڵماس).
دیاردەی دیش زۆرن، کە وەک مێژونوسان ئاماژەیان پێکردووە، لە ناو حەڕانیاندا باو بوون، کەچی بە شێوەیەکی گشتی، تا ئێستا، بە بەشێک لە دابو نەریتی گشتی ناو کوردەواری دادەندرێن. واتا ئه و نەریتە باوەڕیانەی کە،هەر لە ناو ئێزدیان نا، بەڵکو لە ناو هەموو کورداندا ماونە‌تەوە. وەک سوێند خواردن بە مانگ و ڕۆژ و ئاگر. یان بەکارهێنانی ئێسکی پەلەوەر و گیانەوەر، بۆ بەخت باشی، وەک لای حەڕانیان باو بووە. لای کوردان، جگی جومگەکانی‌ گورگ، بۆ بەخت باشی هەڵدەگیرێت. خوێنی پەپو سلێمانە، بۆ شەیدایی. قەپێلکی کیسەڵ و کەلە سەری کەر، بۆ چاوزاری دەغڵ و دان، لە ناو کێڵگە هەڵدەواسرێن. ئێسکە ماسی، لە سەری منداڵی ساوا دەبەسترێت، تا لە چاوی بەد بە دووربێت و...
-بەشی پێنجەم:
‌ ‌ ‌شوێنی ئێستا و شوێنی پێشوی ئێزدیان
ئەگەر باوەڕمان بەوە هێنابێت، کە ناوەندی بڵاو بوونەوەی باوەڕی ئێزدیاتی، لە ناوەندی ناسراوی شاری حەڕانەوه،‌ یەکەم پزیسکی چەخماخەی داوە، ئیدی دەبێت لە خۆمان بپرسین، گەلۆ بۆچی ئێزدیان، لە زێدی کۆنی خۆیان دا، کە دەکاته ئەوپەڕی ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای کوردستان (ویلایەتی ڕوها، یان ئورفە)، شوێنەوار و بوونیان نیە و، دەمێکە له و ناوچانەدا نەماون؟‌
مێژوی دەماو دەمی ئێزدیەکان، وەڵامێکی باشی ئەوەمان دەداتەوە. ئەوان تا ئێستا پتر لە 70 جار کەوتوونەتە بەر (فەرمانێ). فەرمان، لە زمانی کوردیدا، بە واتای بڕیار دان دێت. دیارە لێرەدا، بڕیاری لەشکرکێشی پاشا و میر و سوڵتانان بووه بۆ ڕەشەکوژی ئێزدیان‌. کوردان، بە گشتی وشەی فەرمان، بۆ هەڵمەتی لەناو بردن و قڕ کردن بەکار دێنن. ئەمە لە دەیان داستان و لاوکی کوردیدا تۆمار کراوە. کەواتە ئێزدیەکان، بە هۆی بیروباوەڕی جیاوازیانەوە، هەمیشە کەوتوونەتە بەر فەرمانی لەناوبردن و، هێرشیان کراوەتە سەر. ‌ دەکرێت بۆ دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنی ئه و فەرمانانە، هەر لە ساڵی 1260 ز دەست پێبکەین. واتا ئه و ساڵەی کە حەڕانی تێدا خاپور کرا و، دانیشتوانەکەی ئاوارە و دەربەدەر بوون. بێگومان پێش ئەوەش، کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی لەناوبردن. هەر بۆ نمو‌نە هەڵمەتی ساسانیان بۆ سەر شارەکه،‌ لە ساڵی 359 ز دا.
کەمایەتی ئایینی و ئەتنی، بۆ خۆ پاراستن لە پەلامار و هەڕەشەکانی سەریان، زوربەی جاران، پەنا بۆ بە ئەمەکترین شوێن دەبەن، کە بریتیە لە شاخ و چیا و دۆڵە سەخت و هەڵەموتەکان.
تا سەرەتاکانی سەدەی بیستیش، ئەوان زۆر دووریش نا، لە شوێنی داپیرە و باپیرانیان، هەر مابوون. هەروەک دەزانین، دوای وێرانکرانی حەڕان، دانیشتوانەکەی پەرتەوازەی دۆڵ و دەشت و شارەکانی ناوچەکە بوون. ئیبن شەداد دەڵێ (خەڵکی شارەکەیان بۆ ماردین و شارەکانی دی دوور خستەوە).
ئێمە وەک پێشتریش ئاماژەمان بەوە کردووه،‌ کە ئێزدیەکان، پێش ئەوەی لە سەدەی هەژدە و نۆزدە دا، بکەونە بەر ڕاونان و چەوساندنەوە، هێشتا لە ناوچە جوگرافیەکانی نزیک حەڕان دەژیان. کویلنشێڕنە لە ساڵی 1898ز نوسیویەتی: (لە ماردین، وەک موسڵ، ئێزدیەکان زۆر بە دەگمەن لە ناو شار دەبیندرێن، بەڵام لە دەشتاییەکان گوندیان زۆرە. دەتوانم بڵێم کە تەواوی گوندەکانی نێوان ماردین و داراشار ئێزدین). کەچی ئەمڕۆ تەنیا گوندێکیشیان له و سنورانەدا نیە.
دوای ڕاوەدوونان و چەوسانەوەی بەردەوام، تا دەگات بە ناچار کردنیان بە ئایین گۆڕین، دەنا کوشتن، هەموو ئەوانە، بەشێکی ئێزدیەکانی ناچار کردووە، تا ئایینی خۆیان بگۆڕن. هەروەک زۆری دیشیان، سەریان تێچووە و، کوژراون، ئەوانەش کە ماونەتەوە، ناچار‌ بوون بۆ خۆپاراستن، ڕوو لە شاخ و پەنا وپەسیوان بکەن، تا لەبەر چاوان دیار نەبن. ئا له و کاتانە دا بووه،‌ کە ئێزدیەکان بۆ شێخان و دواتریش شنگال کۆچیان کردووە. بە دڵنیایی، لەم هەڵاتن و ڕاوەدوونان و کوشت و بڕانەدا، زۆرێک لەوانەی کە دەقە ئایینیەکانی ئێزدیایەتیان لەبەر بووە، لەناو چوون. بەمەش هەندێک لایەنی گرنگی بیر و فەلسەفەی ئایینی ئێزدیەکان، بۆ هەتا هەتایە لەناو چووە و، چیتر لەبەر دەستدا نیە و نەماوە.
سیمبولە ناسراوەکانی ئێزدیان:
من لێرە بە دواوە، بابەتەکان بۆ هەندێک سیمبولی ناسراوی ئێزدیان تەرخان دەکەم و، دەمەوێت لێکدانەوەیەکی هەمەلایەنەیان لەسەر بکەم تا بتوانین باشتر لە توخم و ڕەگەزەکانی پێکهاتنیان و، واتا و مەبەستەکانیان بگەین. هەروەک بایەخ و گرنگی ئه و سیمبولانە، لەسەر باوەڕی ئایینی ئێزدیان و، ڕاست کردنەوەی هەندێک لێکدانەوە، کە پێشتر بە هەڵە و، بە شێوەیەکی ڕووکەش لە بارەیانەوە کراون.
گومبەزی پەرستگای لالش، وەک سیمبولێکی ئایینی:
نزیکەی هەموو ئەوانەی کە لەسەر ئێزدیانیان نوسیوە، لە نوسینەکانیان دا، وایان داناوە کە بوونی ئێزدیان لە ناوچەی شێخان و باعەدرێ (بێث عەذرا)، بوونێکی کۆن و هەمیشەییە. واتا پەرستگای پیرۆزی لالشیش، هەر داهێنان و دروستکراوی ئێزدیانە. من گومانم لەوە هەیە. لام وایە لالش زۆر پێش دەرکەوتنی درەنگی ئێزدیەکان لە ناوچەکە، هەر پەرستگا بووە. واتا پەرستگای ئایینە زووەکانی دی بووە. گومان هەیە پەرستگایەکی میترایی بووبێت، کە ڕۆژیان دەپەرست. لەوانەیە مەسیحیانیش، لەوێ پێگەیان هەبووبێت. ئێستاش بوونی مەسیحیانی کلدانی، لە هەمان شوێندا، دیار و بەرچاوە. بێگومان ئەرکیتێکتۆری، یان باری تەلارسازی پەرستگای لالش و، پەرستگاکانی دی ئێزدیان، کە گومبەزەکانی سەریان، وەک سیمبولێکی ئایینی وان، چاوی لێ دەکرێت، ڕەنگە دوای هاتنی ئێزدیان دروست کرابێت. دوور نیە، ئەم گومبەزەی بۆتە سیمبولی ئایینی لای ئێزدیان، لاسایی کردنەوەی هەمان شێوەی پەرستگا کۆنەکانی شاری حەڕان بووبێت و، بە میرات مابێتەوە.
نوسەران و مێژونوسان، بە وردەکاری زۆر، لە پەرستگا گەورە و، ئاوەدان و ڕەنگاوڕەنگەکانی حەڕان دوواون. من وەک نمونه، تەنیا ئاماژە بۆ شێوە ئەندازەییەکانی پەرستگاکانی حەڕان دەکەم‌: پەرستگای هەسارەی کەیوان، شەشلا بووە و، لە بەردی ڕەش دروستکراوە. پەرستگای هەسارەی بەرجیس، سێگۆشە بووە و، ڕەنگی سەوز بووە. پەرستگای هەسارەی بەهرام، بە لای شەهرەستانی و ئەلمەسعودیەوە، لاکێشەیی بووە. هەرچی دیمەشقیە، بە چوارگۆشەی ڕەنگ سوری ناو بردووە. پەرستگای پەرستگای تایبەتیی ڕۆژ، بازنەیی و ڕەنگ زەردی زێڕین بووە. پەرستگای هەسارەی ناهید، پەرستگایەکی سێگۆشەیی، لە ناو دیوارێکی لاکێشەییدا، بە ڕەنگی شین. پەرستگای هەسارەی تیر، سێگۆشەیی بووە، یان لای هەندێکان، لە ناو دیواری لاکێشەیی و، وەک سەرچاوەی دیش نوسیویانە، چوارگۆشەیی بووە، بە ڕەنگی زیویین. پەرستگای گرنگی سین یان مانگیش، بە گوێرەی سەرچاوەی لێکجیا، هەشتلایی، یان پێنجلایی بووە، بە نەخشی زێڕینی و زیویینی.
بە داخەوە تا ئێستا پشکنینی زانستی شوێنەواری بۆ لالش نەکراوە، تا وردەکاریەکان و، تەمەنی ساختمانەکه و، هەندێک وێنەی هەڵکەندراوی سەر دەروازەکەی‌ بزاندرێت.
شێخادی:
دەرکەوتنی شێخادیش، وەک موتیڤێکی گرنگ لە باوەڕی ئێزدیایەتی، مایەی لەسەر وەستان و، سەرنجڕاکێشانە. ئایا بەڕاستی شێخادی، هەمان سۆفی ناسراوی عارەبی ئیسلامی (الشیخ عدي) بووە؟ یان کەسایەتیەکی دی ئێزدی بووە؟ ئاسان نیە لە ئایینێکی بێ نەریتی نوسین و بە بەڵگەنامە کردن، وەڵامێکی بەڵگەداری ئەم پرسەمان دەست بکەوێت. دەرکەوتنی شێخادی لە لالش، لانی کەم ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئه و کەسایەتیە، مێژوی دەرکەوتنی له و شوێنە، بۆ دوای جێگیر بوونی ئێزدیان لەوێ دەگەڕێتەوە. بەڵام بە هۆی نادیاری و تەمومژی زۆر، ئەگەری ئەمەش دوور ناخەمەوە، کە لەوانەیە شێخادی، بەشێک بووبێت لە زنجیرە ناوە گۆڕاوەکانی دی ئێزدیان، وەک شێخ فەخرەددین، شێخ حەسەن، شێخ شەمس، شێخ ئەبوبەکر و.... دەرکەوتنی ئەم هەموو شێخانە، هاوتای ناوی کۆنتری هەسارەکانی سەردەمی گەشاوەی حەڕانن‌. هەروەک جۆرێک بووە لە خۆگونجاندن و خۆپاراستن، لەگەڵ دەرکەوتن و زاڵ بوونی باوەڕ و ئایینی تازە لە ناوچەکانیان. واتا گۆڕینی ناوەکان پێویستیەک بووە، تا بتوانن باوەڕیان، گەر بە گۆڕانیشەوە بێت، بپارێزن.
ئەگەر وەک نوسەرانی عارەب، واشی دابنێین کە شێخادی، هەمان سۆفی بەناوبانگی ئیسلامە، ئەوا بۆچوونەکەمان پڕ دەبێت لە کەلێن و کەموکوڕی. چۆن دەبێت شێخێکی موسوڵمان، پێڕەوکەرانی موسوڵمان نەبن؟ ئەگەر واشی دابنێین، کە ئەوان دوای مەرگی شێخ، لە ئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە، ئەوا نەدەبا ئێزدیەکان لە ناوچە زۆر دوورەکانی باکوری کوردستان هەبان. وەک دەزانین، تا پێش جەنگی یەکەمی جیهانیش، ئێزدیان لە ناوچەکانی حەلەب، تا قارس (سەرحەدێ) لەوپەڕی باکور و، چەندان شوێنی دیش له و نێوانە دا هەبوون، کە دوای شەڕ، زۆریان ڕوویان لە ئەرمەنستان و گورجستانی ژێر دەستی ڕوسەکان کرد. واتا بوونی بەربڵاوی زووتری ئێزدیهان لەوپەڕی باکوری کوردستان، تەنیا ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەولا دەبێت نیشتیمان و هەواری سەرەکی ئێزدیان بووبێت، نەک شێخان و شنگال.
هۆیەکی دی بۆ گومانی من، ئەوەیە که،‌ هەروەک دەبینین ئەم شێخه،‌ لای موسوڵمانانی ناوچەکە، نەک لایەنگری نیە، تەنانەت ناسراویش نیە. واتا نە خاوەنی ڕێباز و ڕێچکەیەکی سۆفیگەری ناسراوی ئیسلامیە، نە پێڕەوکەری ڕێبازێکی دی ناسراوی سۆفیگەری بووە لە ناوچەکە، کە شوێنەواری لای موسوڵمانان مابێتەوە. سەیرە باوەڕ بەوە بکەین، شێخێکی عارەب، لە شامەوە، یان شوێنێکی دی نادیارهاتبێت و، بێ ئەوەی زمانی خەڵکەکە بزانێت، بووبێت بە کەسایەتیەکی ناوەندی لە باوەڕی خەڵکەکە دا. دوایی بۆ شێخادی دەبێت شێخ عودەی بووبێت؟. بۆ شێخ هادی نەبێت؟ یان ناوێکی دی کۆنی کوردی، زمانێکی کۆنتری دی و.... هەندێک لە سەرچاوەکان، وایان داناوە کە شێخ ئادی لە نێوان ساڵانی (1162- 1163ز) مردووە. واتا سەردەمێک کە هێشتا شاری حەڕان ئاوەدان بووە. هەروەک لەسەر بنەچەکەی، گوتەی جۆراوجۆر هەن. هەندێک لایان وایە کە خەڵکی شام (دیمەشق) بووە. هەندێکی دی دەیبەنەوە بەعلبەگ. هیدیش بە حەڕانییان داناوە. سەرچاوەی واش هەن، کە لایان وابووە شێخ فەخرەدین، یەکێک لە حەوت هێماکانی ئێزدی، نوسەری شێخادی بووە. ئەگەر شێخادی حەڕانی بووبێت، ڕێی ئەوەی تێدەچێت کە کەسایەتیەکی سەر بە هەمان ئایین و باوەڕ بووبێت و، لە سەرەتای ڕاونانی ئێزدیان، بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ئایینی ئەوان، هاتبێتە لایان و، له و شوێنەی ئێستای لە لالش نیشتەجێ بووبێت!
ئایا ئێزدیان چ کتێب و نوسراوەیەکی پیرۆزی ئایینیان هەیە؟
من باش لەمە دەگەم، کە بیری شارەزایان و لێکۆڵەرەوانی ڕۆژئاوایی، لە کاتی لێکۆڵینەوە، لە بەڵگەنامەی نوسراو و، پاشماوەی شوێنەوار و بەڵگەنامەی بە شێوەی دی جۆراوجۆر، هێوەتر ناچێت. ئەمەش لایەنێکی گەورەی کەموکوڕی لێکۆڵینەکانی وانە، لە گەلێک ئایین و داب و نەریتی گەلانی دی. بە دەگمەن ئایین و ئایینزای (کەمینە) لە ڕۆژهەڵات هەن، کە خاوەنی کتێب و نوسراوی (پیرۆز) بن. دیارە زوربەی نوسراوەکانیش (گەر هەر هەشبن)، ئەوا درەنگتر نوسراون، یان بە درەنگەوە، لە دەمی کەسانی شارەزا وەرگیراون و نوسراونەتەوە. ئەمە لە ئایین و ئایینزا‌کانی ئێزدی، یارسان، هەقە، خورشیدی و ڕێبازە سۆفیگەریەکانیشماندا هەر وایە. ڕاستە کە چەندان کۆمەڵە دەقی تایبەت بە ئایینی یارسانەکان، لە کات و سەردەمی لێکجیا دا نوسراونەتەوە، کە ناسراوترینیان "سەرەنجام"ە، بەڵام هەرگیز ئەم نوسراوانە، نه، ‌بوونەتە نوسراوی پیرۆزی خودایی و، نە، بووشنەتە جێگرەوەی ئه و سەدان دەقە یایینیانەی دی، کە تا ئێستاش لە زارێکەوە بۆ زاری نەوەیەکی دی، لە بۆنەکاندا، بە ساز دەگوترێنەوە. تەنانەت دەقە کۆنەکانی ئاڤێستاش، هەروا هاتوون. ئاڤێستا بۆ سەدەن ساڵ، تەنیا دەماو و دەم، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی، ڕاگواستراوە. لە کۆتاییەکانی تەمەنی ساسانیان و، لە سەردەمی دەستەڵاتی خەسرەوی یەکەم، ئەنەوشیروان (5531-579 ز) بە ڕێنوسی دیندەبیرە نوسراوەتەوە. واتا ڕێنوسی ئاڤێستایش، هەر لە سەدەی چوارەمی زایینی، یان کەمێک زووتر داهێندراوە. ئەگەر هێشتا پتر بۆ دواوە بگەڕێینەوە، بناغەی ئەم نەریتی گێڕانەوە وئەزبەر کردنە، بۆ سەردەمی سومێریانیش دەگەڕێتەوە. دەقەکانی داستانی زۆر ناسراوی گلگامیش، بە دەقی لافاوەکەی نوحیشەوە، بۆ ماوەی سەتان ساڵ، دەماو دەم، وەک داستان گوتراوەتەوە، تا درەنگانێک بە ڕێنوسی مێخی نوسراوەتەوە و پارێزراوە.
وەک ڕوونمان کردەوە، کە نابێت ئێمە چاوەڕوانی ئەمە بکەین، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، ئێزدیەکان بێن و، نهێنی هەبوونی (کتێبی پیرۆز)ی خۆیانمان بۆ ئاشکرا بکەن. ئێمە لە سەرەتای ئەم بابەتەماندا، ئاماژەمان بە چەند نوسراوێک کرد، کە لەلایەن حەڕانیەکانەوە نوسراون. ئەم نوسراوانە، یان نەماون، یانیش تەنیا چەند دانەیەکی کەمیان لێ ماوە، کە کراونەتە لاتینی و ئینگلیزیشەوە. ئەگەر بۆچوونەکانمان لە سەر گەڕانەوەی ئێزدیان بۆ سەر حەڕانیان ڕاستیش بێت، ئەوا مانی کتێبەکانیان لای نەوە ئێزدیەکانیان، بە هەموو پێوەرێک نەگونجاوە. ئەوان له و 754 ساڵەی دوای ئاوارە بوونیان لە حەڕان، بە دەیان جار کەوتوونەتە بەر "فەرمان"ی ڕاونان و قڕ کردن.
دەزانم کاتێک کە تۆ ئەم بابەتەم دەخوێنیتەوە، لە بیری "جیلوە و مەسحفا ڕەش" دای. ئایا ئەم نوسراوە، کتێبی پیرۆزی ئێزدیانە؟ ئایا ئێزدیەکان کتێبێکی ئاوایان هەبووە، یان هەیە؟ من دڵنیام کە شتی وا نیە. بۆ سەلماندنی ئەمەش، وا کتێب، یان دوو دەقەکەی "جیلوە و مەسحفا ڕەش"م لە بەر دەم دایە و، لە بەشی داهاتوودا، سەرنجتان بۆ سەر چەند خاڵێکی گرنگی ئەم نوسراوەیە ڕادەکێشم.
-بەشی شەشەم:
چیرۆکی دەستکەوتنی جیلوە ومەسەحفا ڕەش
نامیلکەکە، یان دوو قەولەکەی ناو نامیلکەکە، لە ساڵی 1911ز، لە لایەن قەشە ئەنەستاس ماری کەرمەلی (1860-1947ز بڵاوکراوەتەوە. کەرمەلی‌ مەسیحیەکی لوبنانی بوو (بە ناوی ڕاستی، بەتروس جبرائیل یوسف، کە لە ئێراق نیشتەجێ ببوو. ئه و زۆر لە زمانی عارەبی زۆر شارەزا بوو، بەڵام کاری بەسەر مێژوەوە نەبووە. هەردوو نامیلکەکە، بە پیت و ڕێنوسێکی پێشتر هەرگیز نەناسراو بڵاوکراونەتەوە. گوایا هەر کەرمەلی خۆی، لە وەرگێڕانی فەرەنسیشدا دەستی هەبووە‌. هەر زوو، نوسراوەکه، بە خستنە سەری لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی دی،‌ کراوەتە ئینگلیزی، ئەلمانی، ئیتالی و زمانانی دیش. هەر لە 1896ز، لە لایەن J.B.Chabot کراوەتە فەرەنسی. هەروەک لە ساڵی 1900ز، لە لایەن Samuel Giamil کراوەتە ئیتالی. دڵنیا نیم ئەم دوو چاپە، هەمان دەقەکەی کەرمەلین یان جیاوازن، چونکە هێشتا دەستم نەکەوتوون. من چاپە ئینگلیزیەکەم لە بەردەستە، کە لە ساڵی 1919ز چاپکراوە. ئەم چاپە وەک بەراوردکاری، لەگەڵ دەقەکەی کەرمەلی، بەکاردێنم.
کەرمەلی لەسەر چۆنیەتی دەستکەوتنی نوسراوەکان، چیرۆکێکی سەیر و سەمەرە دەگێڕێتەوە، کە بەشەکانی بە باشی ناچنەوە سەر یەکدی. گوایا پیاوێکی ئێزدی، بە ناوی حەبیب کوڕی یاقوتی کوڕی ئایشێ، لە ساڵی 1898ز، دێتە لای و، لەسەر دەستی وی دەبێتە مەسیحی. حەبیب، کە گوایا نەخوێندەوار بووە و، خەڵکی گوندی (بوزی) نزیکی (ئەلقوش)ی دەشتی نەینەوا بووە. ئه و بۆ ماوەی حەوت ساڵان، خزمەتکاری بەڕێوەبەری کتێبخانەیەکی زۆر گرنگ و نهێنیی ئێزدیان بووە. ئه و هەندێک نهێنی ئایینی ئێزدی بۆ کەرمەلی ئاشکرا دەکات. لەوانە بوونی کتێبخانەیەکی نهێنی لە چیای شنگال، کە پڕ لە نوسراوە، لەناویشیاندا، ئەم دوو کتێبە پیرۆزەی ئێزدیان. ئه و دەنوسێت کە، ئەم دوو کتێبە، له و شوێنە نهێنیەدا، لە ناو سنوقێکی دار گوێز هەڵگیراون. سنوقەکە بە سێ کلیلان داخراوە. کلیلێکیان لای سەرپەرشتیاری کتێبخانەکەیە. یەکێکی دیان لای پیر و سەرۆکی ئایینی ئێزدیانە. کلیلی سێیەمیش لای میری ئێزدیانە. سنوقەکەش لە ژێرخانێک شاردراوەتەوە و، بەردێکی گەورەشی خراوەتە سەر، تا کەس نەتوانێت بیبات. هەروەک هیچ ئێزدیەک مافی بینینی کتێبەکانی ئەوێی نیە. هەر کەسێکیشیان، لای بێگانان ناویان بێنێت، ئەوا ئەوان دەیکوژن. گوایا له و سێ کەسەش، تەنیا یەکێکیان، بە ئامادە بوونی هەرسێکیان، بۆی هەیە تەنیا 3 سەعات نوسراوەکانی لا بێت. ئه و دەنوسێت، کە کتێبەکە بە زمانێکی زۆر کۆن نوسراوە و، کەس لێی تێناگات. هەروەک کەرمەلی، زۆر بە وردی، درێژی و پانی سنوقەکە و، وێنە و نەخشەکانی سەری ئاشکرا دەکات. هەروەک بە وردەکاریه زۆرە‌وە، له و دوو پێستە ئاسکە دەدوێت، کە کتێبەکانیان لەسەر نوسراوەتەوە. واتا وا دەردەکەوێت کە کەسێک، با بڵێین حەبیب، هەمووی بۆ پێوابێت. وەک نوسیویەتی کە پێستەکانی جیلوە، بریتین لە 27 X 19 سانتیمەتر. تەنیا 17 X11 سانتیمەتری بۆ نوسین بەکار هاتووە و، ئەوەی دی کە ماوەتەوە وێنەن. هەر لاپەڕەیەکیش 16 دێرە و، بە ڕێکی نوسراون. پیتەکان، لە عارەبی و، هی وایان هەیە لە کلدانی و عیبری و، زۆریشیان لە ئەلفوبێی مەندائی وەرگیراون. هەروەک ئاماژەی بە هەموو وێنە و سیمبولەکانی سەر لاپەڕەکان کردووە. لەوانە نیگاری مانگ، ڕۆژ. باڵندەیەک، ئەستێرەیەک، دوو ڕووبار. گوڵێکی سێپەڕە، کە لە تیشک دەچێت. لاپەڕەکان بێ نومرەن. دوا وشەی هەر لاپەڕەیەکیش، لە سەرەتای لاپەڕەی دوای خۆی دووپات کراوەتەوە. دەنوسێت کە جیلوە، سەرچاوەی خواپەرستن و نوێژ و میتۆلۆژیای ئێزدیانە. مەسحفا ڕەشیش، لە سەر یەک پێستەی نەبڕاو نوسراوەتەوە. هەمووی لە 152 دێری 11 سانتیمەتری پێکهاتووە. پیتەکانی گەورەترن. دیارە کەرمەلی هەموو ئه و زانیارانەی، بە دەمی حەبیبی نەخوێندەوارەوە ڕاگواستووە. بە گوتەی کەرمەلی، حەبیبی 30 ساڵە، وەک عیسا لە خەونا پێی گوتبوو، دوای ساڵێک مرد. ئینجا ئه و ئێزدیەکی دی دۆزیوەتەوە، کە عارەبی لە فێرگەیەکی مەسیحی فێرببوو. ئه و ئێزدیە، هەروو وەرگێڕدراوی عارەبی جیلوە و مەسحفا ڕەشی بۆ دێنێت!. کەرمەلی، له و هەموو نهێنی پاراستنەی کتێبەکاندا، لە ساڵی 1904ز، دیسان وەرگێڕانێکی دی عارەبی، لە عەزیز کەس یوسف ناوێک دەست دەکەوێت، کە لە کونسۆلی فەرەنسا لە موسل کاری دەکرد. کەرمەلی، هەڵپەی دەستخەتی دی پتری هەبووە، بۆیە لە ساڵی 1904ز، دەچێتە سەردانی شێخی ئێزدیان لە چیای شنگاڵ. شه و وا دەکات، تا پاسەوانی کتێبخانەکە بێتە لای. کەرمەلی بەڵێن به و پاسەوانە دەدات، گەر کتێبەکانی بۆ کۆپی نوس بکات، ئەوا لە بەرامبەر هەر لاپەڕەیەکی جیلوە دا، 20 فرەنکی فەرەنسی و، بۆ هەموو مسحفا ڕەشیش، 300 فرەنکی دەداتێ. بەمجۆرە کابرا ناو بە ناو، کۆپی چەند لاپەڕەیەکی بۆ کەرمەلی دەنارد، ئەویش پارەکەی بۆ دەنارد، تا هەردوو کتێبی بە تەواوی دەست کەوت. کەرمەلی دەنوسێت، کە بە ئامۆژگاری (لوی ماسینیۆن)، توانیویەتی لە ڕێگای ناوەکانەوە، کۆدی پیتەکان هەڵبێنێت، بەڵام کە لە ڕوونوس کردنەوەی هەردوو کتێب بۆتەوە، بۆی دەرکەوتووه،‌ کە بە زمانێکی کۆن و، بۆ وی نەناسراو نوسراون. وەک خۆی نوسیویەتی، پەنای بۆ کوردانی دانیشتوی بەغدا بردووە، تا یارمەتی بدەن لە تێگەیشتن و وەرگێڕانی دەقەکاندا، بەڵام زمانە کوردیەکەی کتێبەکان، چونکە کۆن و جیاوازە، بۆیە ئەوانیش بە باشی تێینەدەگەیشتن.
دیارە بە ئاسانی دەتوانین بیسەلمێنین، کە ئەم چیرۆکە سەیر و سەمەرەیەی کەرمەلی، فڕی بەسەر ڕاستیەوە نیە و، دروستکراوە. دیارترین خەوشەکانی گێڕانەوەکەی کەرمەلی، لەمانەدا خۆی دەبینێتەوە:
یەکەم: ئەگەر ئەم حەبیبە هەشبووبێت، کەرمەلی حەبیبی گەنجی، هەر زوو بە گەنجی و، لە 31 ساڵیدا مراندووە، تا هیچ ڕۆژهەڵاتناسێک نەتوانێت داوای دیتنی بکات.
دووەم: حەبیبی نەخوێندەوار، لە سەردەمێکدا، کە هێشتا لای ئێمە، ماوە و دووریەکان بە گەز و جاو دەپێوران، هاتووە بە وردەکاریەکی زۆر سەرنجڕاکێش، بە پێوەری ئه و کات هێشتا نەناسراوی فەرەنسی سانتیمەتر، نەک هەموو لایەکانی سنوقی هەڵگری نوسراوەکانی پێواوە، بەڵکو پارچە چەرمەکان و، درێژی یەک بە یەکی دێرە نوسراوەکانیشی پێواوە. لەوەش سەیرتر ئەم پیاوە نەخوێندەوارە، دوای تێپەڕینی ساڵانێک، ئەم زانیارە دروستانە، وەکو خۆی بە کەرمەلی دەدات. دیارە ئەمە بە ئاشکرا دیارە، کە هەڵبەستراوە و دوورە لە ڕاستیەوە.
سێیەم: کەرمەلی دەیەوێت سەرچاوەکەی پتر جێباوەڕ بێت، بۆیە ئەمجارە ئێزدیەکی دیمان بۆ دادەتاشێت، کە لە فێرگەیەکی مەسیحی فێری عارەبی بووە و، وەرگێڕانی عارەبی هەردوو جیلوە و مەسحفا ڕەشی پێدەدات. وەک دەزانین فێرگەی ئایینی مەسیحیانی کلدانی، یان کاتۆلیک، لە دێره دابڕاوە‌کانی لاپاڵی شاخان بەڕێوە دەچوو، نەک کلێسای ناو شارەکان. هەموو خوێندنێکیش بە زمانی فەرەنسی بوو، لەگەڵ کەمێک لاتینی. هاوکات هیچ کەسێکی نامەسیحی، یان مەسیحیش، گەر سەر بە ئایینزای کلدانی- کاتولیک نەبا، بۆی نەبوو له و شوێنانەدا بخوێنێت. سەیرە ئەم ئێزدیە، کە وا دیارە لە زمانە کۆن و نەزاندراوەکەی کتێبەکانیش شارەزا بووە‌، لە فێرگەیەکی مەسیحی فێری عارەبی دەکرێت. ئینجا دەستی بە هەر سێ کلیلەکەی سنوقی کتێبەکان دەگات، لە باخەڵی پاسەوانی کتێبخانە و، گیرفانی شێخی ئایینی و، بەڕکی میری ئێزدیان. کاتی ئەوەشی بۆ دەڕەخسێت، تا هەردوو کتێبەکان بکاتە عارەبی، (چونکە کەرمەلی ناتوانێت فێری کوردی بێت!). دوای هەموو ئەمانە، کتێبەکان بە ڕێکەوت بە کەرمەلی دەدات. ئەمە پتر لە چیرۆکە کوردیەکەی (شیر دا بۆ داپیر دا) دەچێت.
چوارەم: لێکۆڵەرەوانی ئەوروپی، پتر لە دوو سەرچاوەیان لا پەسەندە، بۆ کاری ساغکردنەوە و بەراورد کردن. کەرمەلی ئەمەش بێ هیچ کێشەیەک دروست دەکات. ئەمجارە عەزیز کەس یوسف ناوێک، لە کونسولخانەی فەرەنسی، وەرگێڕانێکی دی عارەبی بۆ دەردێنێت و، دەیخاتە بەر دەستی.
پێنجەم: ئەمانەی تا ئێستا دەست کەرمەلی کەوتوون، هەموویان دانەی دەستی دووی کتێبەکانن و، وەرگێڕدراون. باشە کە هەموو شتەکان ئاوا ئاسان بن، ئەی ئه و بۆچی نەچێت، دانە بنەڕەتیەکانیش دەست بخات. کەرمەلی دەچێتە چیای شنگال و، لە پاڵ کتێبخانە نهێنیەکە دەمێنێتەوە و، بەڵێن بە پاسەوانەکە‌ی‌ دەدات، گەر کتێبەکانی بۆ کۆپی نوس بکات، ئەوا لە بەرامبەر هەر لاپەڕەیەکی جیلوە دا، 20 فرەنکی فەرەنسی و، بۆ مسحفا ڕەشیش، 300 فرەنکی دەداتێ. بەمجۆرە کابرا، ناو بە ناو، کۆپی چەند لاپەڕەیەکی بۆ کەرمەلی دەنارد، ئەویش پارەکەی بۆ دەنارد، تا هەردوو کتێبی، بە زمانە بنەڕەتیەکه و، ڕێک وەک خۆی، بە تەواوی دەست کەوت.
شەشەم: کەرمەلی هەموو ئه و جەربەزەییانەی دەست خستنی شێوەی جۆراوجۆری جیلوە ومسحفا ڕەشی بە سەرکەوتوویی ئەنجام داوە، لە کاتێکدا، وەک خۆی دەڵێت: ئەم دوو کتێبە، لە ناو سنوقێکی دار گوێز هەڵگیراون. سنوقەکە بە سێ کلیلان داخراوە. کلیلێکیان لای سەرپەرشتیاری کتێبخانەکەیە. یەکێکی دیان لای پیر و سەرۆکی ئایینی ئێزدیانە. کلیلی سێیەمیش لای میری ئێزدیانە. سنوقەکەش لە چیای شنگال، لە ژێرخانێک شاردراوەتەوە و بەردێکی گەورەشی خراوەتە سەر، تا کەس نەتوانێت بیبات. هیچ ئێزدیەک مافی بینینی کتێبەکانی نیە. هەر کەسێکیشیان، لای بێگانان ناویان بێنێت، ئەوا دەیکوژن. گوایا له و سێ کەسەش، تەنیا یەکێکیان، بە ئامادە بوونی هەرسێکیان، بۆی هەیە تەنیا 3 سەعات لای بێت. ئه و دەنوسێت کە کتێبەکە بە زمانێکی زۆر کۆن نوسراوە و، کەس لێی تێناگات. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، دەبینین ئه و وا سێ دانەی لێکجیای کتێبەکانی، بە ئاسانی دەستکەوت!
حەوتەم: کەرمەلی بە بیانوی سەردانی شێخی ئێزدیان، سەردانی چیای شنگالی کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ دەستکەوتنی کتێبەکان چۆتە ئەوێ. ئەمە سەرلەبەری درۆیەکی شاخدارە. هەرگیز نەمانبیستووە کە شێخی ئێزدیان ماڵ و شوێنی نیشتەجێ بوونی لە چیای شنگال بووبێت. ئه و لە شێخان- باعەدرێ دادەنیشێت.
هەشتەم: کەرمەلی بەڵێن بە پاسەوانەکە‌ی‌ دەدات، گەر کتێبەکانی بۆ کۆپی نوس بکات، ئەوا لە بەرامبەر هەر لاپەڕەیەکی جیلوە دا، 20 فرەنکی فەرەنسی و، بۆ مسحفا ڕەشیش، 300 فرەنکی دەداتێ. سەرنج بدەنە "فرەنکی فەرەنسی". بە دڵنیاییەوە ئەمە تەنیا بۆ فێڵ کردن بووە لە کڕیارانی فەرەنسی دەستنوسە ساختەکەی کەرمەلی. دیارە ویستویەتی تێچوونی دەستخستنه ساختە‌کەی بەرز بکاتەوە، دەنا ئێزدیەک لە ترۆپکی شاخی شنگال لە کوێ و، فرەنکی فەرەنسی لەکوێ!. ئێمە لە سەردەمی پێش 110 ساڵ دەدوێین. ئایا فرەنک له و ناوچەیەدا ناسراو بووە؟ بانک و ئاڵوگۆڕی دراویی، نەک لە شاخی شنگال. نەک لە شاری موسل، بۆ ئه و کاتە لە بەغداش هەبووە؟ ئەگەر کەرمەلی بیگوتبا بە چەند هیزە ڕۆنێک، یان تفەنگێکی ڕەشکە، حوسکە. هەندێک لیرەی ڕەشادی، کارەکەی بۆ کردم، پتر جێباوەڕ دەبوو.
نۆیەم: ئەگەر هەموو ئەم تێبینیانەش وەلاوە نێین، دیسان جەخت لەمە دەکەمەوە کە ئایینی ئێزدی، چ کتێبێک، یان نوسراوێکی پیرۆزی نیە. هەموو سریمۆنیاو داب و نەریتە ئایینیەکانی ئێزدیان، بە باوەڕ و میتۆلۆژیاشەوە، هەر ئەوانەن، کە نەوە دوای نەوە و، لە سینگێکەوە بۆ سینگێکی دی گواستراونەتەوە. بەم درەنگانەوە، دەقە ئایینیەکانیان، لەلایەن چەند نوسەرێکی دڵسۆزی ئێزدی کۆکراونەتەوە، کەچی تا ئێستاش، لە دیالۆگ و وتووێژەکاندا، ڕێبەرانی ئێزدی، پەنا بۆ نوسراوەکان نابەن و، بۆ سەلماندنی هەڵوێستێک، دەقی تایبەت بەوە، ئەزبەر دەخوێننەوه. واتا هێشتا نوسین نەبۆتە سەرچاوە.
نۆیەم: لە هەمووی کەمتر جێباوەڕ، زمانی دەقی هەردوو نوسینەکەی جیلوە و مسحفا ڕەشە. کەرمەلی دەنوسێت کە: کتێبەکە بە زمانێکی زۆر کۆن نوسراوە و، کەس لێی تێناگات. دیارە هەر بە چاوپێخشاندنێکی خێرا، بۆمان دەردەکەوێت هەردوو دەقی ناو کتێبەکان، بە یەک زمان و یەک شێوەزار نوسراونەتەوە. شێوە زارەکە، زۆر سەرنجڕاکێشە، چونکە هەمان شێوە زاری ناوچەی بابانی سەرەتای سەدەی بیسته، بەڵام بە دەمی منەوەر، یان خوێندەوارێکی ئه و سەردەم نوسراوەتەوە‌. کەچی وەک دەزانین، زمانی نزیکەی سەرجەم ئێزدیان، زاراوەکانی کرمانجیە. واتا کتێبی پیرۆزی ئێزدیان، بە زاراوەی سلێمانی نوسراوە، کە ئێزدیەکان خۆیان باش لێی تێناگەن.
بۆ بەراوردکاری پتر، وا من چەند دێرێکی دەستپێکی "جیلوە"تان، وەکو خۆی بۆ ڕادەگوێزم:
فەصلی نخوستن
من بووم و ئێستاش هەم و دەمێنم تا ئاخر
زۆرم بەسەر هەموو ئافردەیەک دا هەیە من
ئیشی ئەوانە پێک دێنم حاضرم من خێر-
- ام بۆ ئەوانەی پێم بڕوا دەکەن و دەمی ئیش
ئێش لێم دەپا‌ڕێنەوە هیچ جێیەک لە من
بۆش نییە من شەریکم لە هەموو واقعاتێک
کە ئەوانەی لە هیدین پێی دەڵێن شەڕ چون-
-کی بە گوێرەی ئارەزووی ئەوان نییە بۆ هەموو
وەقتێک ئیش پێکهێنەرێک هەیە ئەوی-
ش من بە پێی ڕەوشی هەمو عەصرێک بۆ ئەم عالەمە گەورەی-
یک دەنێرە ئه و گەورانەش هەر یەک لە دەوری خۆی دا ئیشێ پێک
دێنی ئەوەی کەوا بەرامبەریم بکا عاجز دەبم
خوداکانی تر دەخلیان نییە بەسەر ئیش-
ی منەوە هەرچی ئارەزووی بکەم گلم نادەن ئه و ک-
تێبانەی کەوا بە دەستی ئەوانەی ترەوەیە.......
وێنەیەکی ئەم ڕێنوسەی، کە کەرمەلی، هەردوو جیلوە و مسحفا ڕەشی پێ چاپ کردوون.
تێبینی لە سەر ڕێنوسەکە:
1- لە سەرەتای جیلوە، دەنگی "ی" و "ێ" لێکجیا کراونەتەوە، بەڵام نوسەر لە کۆتایی دەقەکەدا، وازی لێ هێناوە. جیاکاریەکان بە چەند شێوەیەک بووە، لەوانە لاسایی کردنەوەی "ەء، ئەیێ"ی فارسی.
2- لە بەشی چوارەمی جیلوە دا، دەنگی "و" و "وو" لێکجیا کراونەتەوە.
3- تەنیا لە کۆتایی نامەکەدا، دەنگە لاواز و بەهێزەکانی ڕ=ڕ. ل=ڵ لێکجیا کراونەتەوە.
4- زۆر جاران پیتەکان، بە لاسایی کردنەوەی لاتینی، لێکجیا داندراون. هەندێک جاریش، وەک عارەبی لێکبەستراون.
5- زۆر جاران، بە شێوەی زمانی عارەبی، فارسی و زمانە سامیەکان، دەنگە بزوێنەکان نەنوسراون، وەک خلق بۆ خەلق. سرگردانی بۆ سەرگەردانی. ملک بۆ مەلەک و..
6- هەندێک جار دوو وشە تێکەڵ کراون، وەک "گوتینا" لەجیاتی "گوتی – نا".
7- هەڵەی ڕێنوسی دی لە دەقەکان زۆرن. واتا نوسەر دەستی بە باشی لەسەر پیتەکانی ڕانەهاتووە.
8- نوسەر بۆ ئەوەی لە پێوەری کەرمەلی، بۆ درێژی و پانی هەر لاپەڕەیەک لا نەدات، زۆر جاران وشەیەکی کردۆتە دوو لەت و، هەر لەتەی کەوتۆتە دێرێک.
ئەمەی سەرەوە چۆنیەتی دەرکەوتنی دەستنوسەکەی کەرمەلیه،‌ وەکو کە خۆی گێڕاویەتیەوە. من نازانم چاپە فەرەنسی و ئیتالیەکه چۆنن. هەرچی چاپی ئینگلیزی ئەم دوو نامیلکەیەیە،Devil Worship. The sacred books and traditions of the Yezidiz.1919.Boston. لە نوسینی Jsya Joseph. B.a. M.a.، ناوەرۆکەکەی ڕێک هەمانە کە لە لای کەرمەلی هاتووە. هەرچی چیرۆکی دەستکەوتنەکەیە، بە جۆرێکی دی زۆر جیاوازە. بە گوێرەی ئەم کتێبە بێت، جیلوە لە ساڵی 558 کۆچی، لە لایەن شێخ فەخرەدینی نوسەری شێخادی نوسراوە. گوایا دەستنوسەکە لای (مەلا حەیدەر) ناوێک پارێزراوە، لە گوندی (باعەدرێ). ئەویش داویەتیە (شەماس ئێرمیا شاهیر). شەماسیش لە 28ی ئۆکتۆبەری 1892ز، لە (ماردین) داویەتیە مستەر A.N Andras. هەرچی مسحفا ڕەشه، گوایا لە لایەن (حەسەن بەسری) نوسراوە، لە ساڵی 743 کۆچی. دەستنوسەکە لای (کوێخا عەلی)، لە (قەسری عیزەدین) پارێزراوە، کە سەعاتە ڕێیەک لە ڕۆژئاوای (سمێل) هەڵکەوتووە.هەر بە هەمان شێوەی سەرەوەش، ‌لە لایەن شەماس ئێرمیا شاهیر، دراوەته ‌A.N Andras.
ئەم جیا دەرکەوتنەی دەقەکان، گومانم بۆ ئەوە دەبات، کە کەرمەلی، هەر هەمان دەقی چاپە ئینگلیزیەکەی دەست کەوتووە، کە ئەویش، وەک لە پێشەکی وەرگێڕانە ئینگلیزیەکەدا هاتووە، لە سەرچاوەیەکی عارەبی وەرگێڕدراوە. واتە دەقی هاوبەشی هەردووکیان، دەستنوسێکی عارەبی بووە. بەڵام کەرمەلی ئەم چیرۆکانەی بۆ دروست کردووە، تا بیکات بە کاری خۆی و، بە بڕە پارەیەکی باش، بە ڕۆژهەڵاتناسانی بفرۆشێتەوە. ئەوەی کە پتر گومانم بۆ دەچێت، زمانی هەردوو دەقە ئینگلیزیەکە و کەرمەلیە. وەک لە چاپە ئینگلیزیەکەشدا هاتووە، منیش باوەڕ ناکەم دەقەکەی ماردین، کە سەرچاوەی چاپە ئینگلیزیەکە بووە، بە کوردی بووبێت. بە گومانی زۆر، سەرچاوەی بنەڕەتی نوسراوەکان، قەولێکی ئایینی ئێزدیان، یان پتر بووە و، زووتر کراوەتە‌ عارەبی‌، هەرچەند لەمبارەیەوە هێشتا هیچم لەسەر نەبیستووە. ‌دەشێ کەرمەلی، بە یارمەتی کەسانێک، هەمان دەقی عارەبی، کردبێتە ئه و شێوە باوەی کوردی، تا پتر سەرنجڕاکێشی بکات. خۆ کەرمەلیش، ئاماژەی‌ بە دەستکەوتن و هەبوونی دەستخەتی جیاجیای عارەبی، لای خۆی کردووە.
ناوەرۆکی دەقەکان، بە گشتی لە چواردەوری هەمان ئه و بیرۆکانەدا دەسوڕێنەوە، کە لە قەولە ئایینیەکانی ئێزدیان دا هەن. واتا دەشێت کە ناوەرۆکەکە، بە شێوەیەکی وەستایانە، لە چەند قەولێکی ئێزدیان وەرگیرابن. هۆی ئەم بۆچوونەشم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، که ناوەرۆکی هەردوو دەقەکان، بە شێوەیەکی گشتی، لەگەڵ باوەڕ و ئایینی ئێزدیان ڕێک دێنەوە و گونجاون. دیارە ئەمەش کارێکی زۆر سەخت نەبووە. ساڵانە، قەوالەکانی ئێزدی، بە ناو گوندە ئێزدیەکان دەسوڕانەوە و، بە گوتنەوەی ئه و قەولانە، خەڵکیان لە ناوەرۆکی ئایینیان ئاگادار دەکردەوە، هاوکات باربویان بۆ پەرستگای لالش کۆدەکردەوە. بەمجۆرە، خەلکێکی زۆری ئێزدیش، بە شێوەی گوێگرتن، ئه و قەولانەیان لەبەر بوو، هەر وەک ئێستاش هەر وایە. دەکرێت هەر ئیزدیەک سەرچاوەی گوتنی قەولەکان بووبێت.
-بەشی حەوتەم:
‌مەلەکێ تاوس
بوون و دەرکەوتنی گەورە و دیاری مەلەکێ تاوس، یان تاوس، یەکێکە لە توخمە هەرە ئاڵۆزەکانی باوەڕ و ئایینی ئێزدیان. من زۆر جار لە خۆمم پرسیوە، گەلۆ (مەلەک) و باڵندەی (تاوس) بە چ واتا و مەبەستێک پێکەوە گرێ دراون. ئێمە هەموومان ئەوە دەزانین و دەناسینەوە، کە وێنەی باڵندەی تاوس، بۆتە سیمبولێکی دیاری ئایینی ئێزدی، هەروەک قەوالەکان، کاتێک کە بە گوند و ئاواییە ئێزدی نشینەکاندا دەسوڕێنەوە، بۆ کۆکردنەوەی پیتاک، پەیکەرێکی بچوکی باڵندەکەیان پێیە. کەواتە ئێمە ناتوانین بوونی "باڵندەی تاوس" لە دەرکەوتەی باوەڕ و میتۆلۆژیای ئایینی ئێزدی وەدەرنێین. لە هەمان کاتدا دەبێ ئەمەش بپرسین، بۆچی باڵندەی تاوس، ئەم پلەیەی پێدراوە؟ بۆ باڵندەیەکی دی نەبوو؟ وەک دەزانین ئەم باڵندەیە بە شێوەیەکی ئازاد، لە سروشتی کوردستان، بوونی نەبووە و نیە. واتا دەبێت لە هەندەرانی دوورەوە بهێندرێت. کەواتە دەبێت چ هۆیەک وایکردبێت، تا باڵندەکە ئاوا بە تۆخی، بکەوێتە ناو داب و نەریتی ئێزدیان؟
بە گوێرەی لێکدانەوە و بەدواداچوونەکانم، وا بزانم، ناوەکە زۆر کۆنە و، دوای گۆڕانی زمان و، لە کارکەوتنی واتای بنەڕەتی وشەکە، بە هۆی لێکچوونی ناوەکه،‌ لەگەڵ ناوی باڵندەکە، درەنگتر ئەم واتا تازەیەی پێدراوە. واتا دەرکەوتنی کۆن و بنەڕەتی تاوس، هیچ پەیوەندیەکی به و باڵندەیەوە، یان چ باڵندەی دیەوە نەبووە. جارێ با بزانین هەردوو وشەی (مەلەک) و (تاوس) چین و، لە ڕوانگەی ئێتیمۆلۆژیەوە، لە چ زمانێک و، لە چیەوە هاتوون.
مەلەک: لە زمانی کوردیدا، ئاوەڵناوە. واتا فریشتە. بوونەوەرێکی بەرزی خودایی، یان ئاسمانی. وشەکە دەگەڕێتەوە سەر وشەی فەینیکی molek، مۆلێک بە واتای مەزن. پاشا. لە زبانی عارەبی، دوو وشەی (مەولا) و (مەلائیکەت)ی لێدروست بووە، کە هەردووکیان، دیسان لە زمانی کوردی بەکارهاتوون.
تاوس: باڵندەیەکی پەڕ ڕەنگاوڕەنگی زۆر جوانە. لە گرێکی پێیگوتراوە taos، تاوۆس. ئەوانیش لە زبانێکی دی ڕۆژهەڵاتی وەریانگرتووە. گومان وایە لە سانسکریتی پێیگوترابێت tawsa، تاوسا. تاوسی ڕەنگاوڕەنگی ناسراو، بە شێوەیەکی ئازاد، لە هیندستان و سریلانکا دەژیێت. تاوسی سەوزیش، بە ئازادی، لە بۆرما، مالیزیا و جاوە هەن.
کەواتە وەک لە سەرەوەش دا نوسیومە، تاوس ناوێکی زۆر کۆنە و، دوای گۆڕانی زمان و، لە کارکەوتنی واتای بنەڕەتی وشەکە، بە هۆی لێکچوونی ناوەکه،‌ لەگەڵ ناوی باڵندەکە، درەنگتر ئەم واتا تازەیەی پێدراوە. ناوە بنەڕەتیەکە، بۆ یەکێک لە ناوە هەرە کۆن و هاوبەشەکانی خودا دەگەڕێتەوە، لە زمانی پرۆتۆهیندۆرۆپی. واتا ناوێکی هاوبەش و گشتی داپیرە و باپیرەمان بووە بۆ بوونەوەری باڵا، یان خودا.
واتا بەهۆی لێکنزیکی کۆنترین ناوی خواوەند بە زبانە هیندۆروپیەکان، کە بریتیە لە شێوەکانی (دێوس، دێو، زێوە و زێوس) لەگەڵ ناوی ئەم باڵندەیە، لای ئێزدیەکان، جۆرە تێکەڵیەک هاتۆتە ئاراوە. ئەو تاوسەی کە لە باوەڕی ئێزدیان بە (مەلەک تاوس) ناودەبرێت، لە سەرەتاوە، هیچ پەیوەندیەکی بە باڵندەی تاوسەوە نەبووە. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە، لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری لەسەر وشەکە دەکەم، تا هەموو کەلێنەکانی دەرکەوتن و گۆڕانی وشەکە و واتاکەی ڕوون بکەمەوە.
دێو- دێوس- تاوس- زێوس- زێوە
دێو لە زمان و میتۆلۆژیای هاوچەرخی کوردیدا، گیانەوەر، یان دڕندەیەکی زل و زەبەلاح و لە ڕادەبەدەر بەتوانایە، کە شارەزایی لە جادوگەری هەیە و، زۆرجار کاری بەد دەکات. لە ئەفسانەکانی کوردیدا، دێو دەشێت جڵەوی بکەوێتە دەست مرۆڤ و، کاری چاکیشی پێ ئەنجام بدرێت. هەروەک گیانی دێو، لە ناو بەدەنیدا نیە و، لە ناو شتێکی دی دەرەوە دا شاردراوەتەوە.
سالم دەڵێ: بەندی دێوی میحنەتە، کاووسی دڵ... سا لە وەسڵت، بۆ نەجاتی، ڕۆستەمێ.
با بزانین تاوس و دێو، لە کوێ و چیەوە دگەنەوە یەکدی. وشەی دێو لە گشت زبانە هیندۆروپیەکان هەیە. دێو بە کۆنترین ناوی خوداوەند، لە زبانی داپیرە و باپیرانی کۆنمان، یان پرۆتۆهیندۆروپی دادەندرێت. ناوی دێو، لە زمانی هاوبەشی PIE دا، بە شێوەی deiwo، دێیوۆ دیسان داڕێژراوەتەوە. ئەم شێوەیان، لە باری ناوی کارادایە. لە کاتی بانگ کردن و هانا بۆ بردندا، ناوەکە بەشێوەی deiwos، دێیوۆس گۆکراوە. جێگای تێڕوانینە کە شێوەی (مێینە)ی ناوەکەش، لە زمانە کلاسیکیەکان پارێزراوە. لە زبانی سانسکریتیدا، ناوی ئەو خودایە، لە باری مێینەدا، بە شێوەی devi، دێڤی هاتووە. ناوەکە بە لاتینی بۆتە dea، دێیە. وشەکە، بەو بارەی، بە هەردوو شێوەی deiwih2، دێیوی و deiweh2، دێیوێ لە زبانی PIE دیسان داڕێژراوەتەوە. بێگومان ناوەکە بەو شێوەیەی سەرەوە، بۆ ژنە خوداوەند بەکار هاتووە.
وشەی deiwos، دێیوۆس، لە زۆرێک لە زبانە هاوچەرخەکانی هیندۆروپیش، بە پارێزراوی ماوەتەوە. واتا هەر بە هەمان شێوەی زبانە کلاسیکیە مردووەکانی هیندۆروپی. لەو زبانانەدا، دێو هێشتا بە واتای هەرە کۆنی خۆی، (خودا) بەکاردێت. لە لاتینیدا وشەکە بە deus، دێوس هاتووە، هەر بە واتای (خودا). هەروەک وەک ناوێکی گشتیشە بۆ خودا. لە زبانی فەرەنسی، خودا بۆتە dieu، دیێو. لە هەردوو زبانەکانی گالی و پورتوگالی، بە خودا دەگوترێت deus، دێوس. لە زبانی ئیتاڵی دا، خودا پێیدەگوترێت dio، دیۆ. بە زمانی ئیسپانی، ناوی خودا بریتیە لە dios، دیۆس. لە زمانی ئیرلەندی، وشەی خودا بۆتە dia، دیە. بە زبانی کەتەلانی، ناوی خودا بریتیە لە deu، دێو. بە زمانی لێتی، خودا بۆتە dievs، دیێڤس. لە زمانی کۆنەپارێزی لیتاوی، خودا پێیدەگوترێت dievas، دیێڤەس. لە زبانی وێڵزیش دا، بە خودا دەگوترێت duw، دو وو. لە زبانی ڕومێنی هاوچەرخدا، لێکدانێکی سەرنجڕاکێش بۆ ناوی خودا ماوە، کە پێی دەگوترێت dumnezeu، دومنێزێو. وەک دەردەکەوێت وشەکە لێکدراوە. ناوەکە لە سێ بەش پێکهاتووە. " du-، دو- " کە هەمان (دێو)ە. ناوەڕاستی وشەکەش بریتیە لە "- mne-، - منێ - " کە واتاکەی زۆر ڕوون نیە. هەرچی دوا بەشی وشەکەیە "- زێو" ئەوا هەر هەمان ناوە، کە زووتر و لە بابەتێکی دیدا، لە سەر (سیوس و زێوس و زێوە) لێیدواوم و، واتای خودای گەیاندووە. بەمجۆرە، ناوەکە بەسەر یەکەوە دەبێتە (دێوی خودا).
لە بنخێزانە زمانەکانی هیندیشدا، هەمان دیاردە ماوەتەوە. بە زبانی سانسکریتیش، ناوی خودا بە devas، دێڤەس هاتووە. لە زمانی هیندیدا، devata، دێڤەتا واتا خودا. لە زمانی گوجاراتی، deva، دێڤە هەمان شتە. بە زمانی کەنارێیی devaru، دێڤەرو هەمان شتە.
لە زبانی گێرمانی کۆن، وشەکە بۆتە tiwaz، تیوەز، کە لە ڕوانگەی ڕێساکانی گۆڕانی دەنگ، هەر هەمان (دیڤەس)ە. درەنگتر هەمان وشەی سەرەوە، لە زبانە گێرمانیەکانی باکور، بۆ tyr، تیر گۆڕاوە، کە ناوی یەکێک لە خودا ناسراوەکانی میتۆلۆژیای ڤایکینگەکانی (Viking)ی وڵاتانی ئەسکەندیناڤی بوو.
لە زبانی میدی – ئەخمێنیش، کە لە بواری زمانناسی دا، پێیدەگوترێت فارسی کۆن، وشەکە بە daiva، دەیڤە هاتووە، کە لە پەهلەویدا بۆتە dev، دێڤ.
ئەوەی کە لێرە دا زۆر گرنگە، دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، لەو دوو زبانەی سەرەوەدا، واتای وشەکە، ڕێک پێچەوانە کراوەتەوە. دوای بڵاوبونەوەی ئایینی زەردەشتی، (دێو) لە پلەی بەرزی خودایەتی، داگیراوەتە خوار، بەڵام لە جیاتی ئەوەی پشتگوێ بخرێت و لەبیر بکرێت، (کە دیارە لەبەر زۆری لایەنگرانی، ئەمە مەیسەر نەبووە)، ئایینی نوێ، کەوتۆتە دژایەتی کردنی دێو و، لە جیاتی ئەوەی پلەکەی نەختێک دابگرن و، ڕۆلێکی دی نوێی بۆ دیار بکەن، دەبینین پلەی (درنج)ی بەدکاریان پێداوە، کە دەبێت لەلایەن باوەڕدارانی ئایینی تازەوە، نەفرەتی لێبکرێت.
دیارە نابێ وایدابنێین، کە ڕاوەدوونانی دێو، داهێنانێکی تەنیای زەردەشتی بووە. لاواز بوونی پێگەی دێو، پێش پەیدابوونی ئەو ئایینە لە ناوچەکە، دەستی پێکردبوو.
دێو، زوو هەر لە باوەڕی درەنگتری هیتیاندا، کە لەوپەڕی باکوری کوردستان پێگەیان هەبوو، پێگەی "گەورە خودایی" خۆی لەدەست داوە. هەروەک لە دەقەکانی ڤێداشدا، کە بناغەی ئایین و باوەڕی ئاڵۆزی هیندۆکیە، پێگەی خوداکە دابەزێندراوە. دیارە ئەمانە پێکەوە زەمینە خۆشکەر بوون، بۆ شۆڕشی زەردەشت لە دژی دێوان.
شێوە هیتیەکەی ناوەکە، بریتی بوو لە sius، سیوس. ڕەگی ناوەکە بریتی لە -siu، سیو- کە لە ناوی بەربڵاوی پەرستگاکانی لە کوردستان، لە ژێر ناوی (زێوە) دەیناسینەوە. لەو دەقە کۆنانەی هیتیدا، ناوی سیوس، وەکو ناوی خوداوەندی گەورە و پارێزەری پاشای هەرە زووی هیتیەکان (ئەنیتا)دا هاتووە. بە گوێرەی دەقەکان و لێکدانەوەکانی مێژونوسان، (ئەنیتا) لە دەوروبەری ساڵانی (1700 پ.ز) دەستەڵاتدار بووە. واتا 3700 ساڵ پێش ئەمڕۆ. ئیدی لە دوای ئەم سەردەمەوە، تێبینی دەکەین کە خودای دێو، بەرەبەرە جێپێی لێژ دەبێت و، خوداوەندی دی پەیدا دەبن و، جێگای دەگرنەوە. لە دەقەکانی دواتری هیتیدا، ناوەکە بەشێوەی (siuna، سیونە) دەرکەوتۆتەوە، بەڵام بۆتە ناوێکی گشتی بۆ (خودا) و، لە پێش ناوی هەموو خوداوەندەکان داندراوە. لە ئاینی ڤێدایی هیندستانی دا، ڕۆڵی (دیێوس) تا ئاستی حەشاردان و شاردنەوە دابەزێندراوەتە خوارەوە. لە دەقەکانی ڤێدا دا، ئەو خودا گەورە و بەشان و شکۆیەی داپیرە و باپیران، بێ کەموزۆر، بۆتە ناوی خودی "ئاسمان". هاوکات جارێکی دیش لە پلەو پایەی کەمکراوەتەوە، کاتێک کە دەبینین زۆربەی جارەکان، ناوی خوداکە، یان ئاسمان، شان بەشانی هاوجووتەکەی، کە ژنە خوداوەند prthivi، پڕتیڤی یە، هاتووە. وشەی پرتیڤی واتای زەوی دەدات. لە دەقەکانی ڤێدا دا، ناوی هەردوو خوداوەندی پیاو و ژن، بە جۆرێک لەگەڵ یەک و بە لێکدراوی دێت، وەک کە ئەوە بگەیەنێت هەردوکیان جووت و هاوتان لە پلە و پایەی خودایەتیدا. ناوەکەیان نوسراوە - prthivi dyava، دیاڤا – پرتیڤی، یان بە کوردیەکەی (ئاسمان- زەوی). وەک دەردەکەوێت، لە ئاینی ڤێدا، شان و شکۆو گەورەییەکی ئەوتۆی خوداوەندە هەرە گەورەکەی خەڵکی پرۆتۆهیندۆروپی نابیندرێت. ڕۆڵی خوداوەندی باوک سالارانە و پاتریارک، یان (پیر)، لە باوەڕی ئایینی ڤێدایی، لە دێو وەرگیراوەتەوە. گەورەییەکە لە جیاتی ئەو، بە Indra، ئیندرا دراوە.
لە زبانی کوردی هاوچەرخدا، (دێو، دێڤ) گیانەوەر، یان دڕندەیەکی زل و زەبەلاح و لە ڕادەبەدەر بەتوانایە، کە شارەزایی لە جادوگەری هەیە و، زۆرجار کاری بەد دەکات. (ئەم وێنەیەی چیرۆک و گێڕانەوە و میتۆلۆژیای کوردی لەسەر دێو، لە ئایینی زەردەشتیەوە بە میرات بۆمان ماوەتەوە). بە ئاڤێستایی daeva، دەیێڤە واتا دێو. لە پەهلەوی دا بۆتە dev، دێڤ، هەر بە واتای دێو. بەڵام لە ئەفسانەکانی کوردیدا، دێو دەشێت جڵەوی بکەوێتە دەست مرۆڤ و کاری چاکی پێ ئەنجام بدرێت.
لای کوردانی ئێزیدی (تاوس)، کە وەکو سیمبولێکی خوداوەند، پلەیەکی بەرزی هەیە، لە ڕاستیدا هەمان دێوە و، لە (دێوس)ەوە هاتووە. لە باوەڕی ئێزدیاندا، دێوس یان تاوس، هێشتا پلەی خودایەتی، یان پلەی فریشتەیەکی بەرزی پێ ماوە و، ڕێزی لێدەگیرێت. هەر مانەوەی ئەم ناوەی تاوس لای ئێزدیان، بە پلە و پایە و ڕێزەوە، ئەوە دەردەخات کە ئایینەکەیان، لە ئایین و باوەڕی زەردەشتی کۆنترە.
لە فەرهەنگ و زمانی فارسی دا. (دێو) بونەوەرێکی ئەفسانەییە، لە شێوەی مرۆڤ. بەڵام زۆر بە هێز و شنگ و توانایە. وشەی دێوانەی کوردی و، دیوانەی فارسیش، لەمەوە هاتووە، کە کەسێک وەک دێو، ژیری و ئاوەز لەدەست دەدات و، تەنیا هێزو توانای خۆی بەکار دێنێت.
لە کۆتایی دا جەخت لەوە دەکەمەوە کە ناوەکە deiwos، دێیوۆس، خزمایەتی لەگەڵ وشە و ناوی خودای ئاسمانی پرۆتۆهیندۆروپی dyeus، دیێوس هەیە. هەردوو ناوەکە، لە بنەڕەتدا لە ڕەگی یەک وشەوە وەرگیراون، کە لە ڤێدادا بە شێوەی div، دیڤ پارێزراوە و، واتای (ئاسمان) ی گەیاندووە. بەمجۆرە هەردوو وشەکە، جگە لەوەی کۆن و میراتین، لە بنەڕەتیشدا چاوگی یەک وشە بوون. لەوەش پتر، بۆ هەمان (خودا)ی لە ئاسمان، یان خودای (ئاسمانی) بەکارهاتوون. لەمەوە دەگەینە ڕاستیەکی پەیوەندیدار بە باوەڕەوە. ئەویش ئەمەیە کە هیندۆروپیانی کۆن، بەو دیدە لە خودا گەیشتوون، کە بونەوەرێکی، یان هێزێکی ئاسمانیە، یان دەکرێت بڵێین لایان وا بووە، کە شوێنی مانەوەی هەمیشەیی خودا، لە ئاسمانی بەریندایە. ئەمەش هەر هەمان دیدە، کە ئەمڕۆ، بە دیدێکی جیهانی دادەنرێت و، لە ئاینەکانی دیشدا، هەربەو شێوەیەی هیندۆروپیان پەسندکراوە، کە شوێنی خودا، یان ماڵی خودا، بەرزە و لە ئاسمانە. نزیکەی لە تێکڕای ئایینە ئاسمانیەکاندا (کە هەموویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، لەسەر یەک و، لە بناغەیەکی هاوبەشەوە، چەکەرەیان کردووە و هاتوون)، بۆ لە خودا پاڕانەوە، دەست بۆ ئاسمان بەرز دەکەنەوە. جێیخۆیەتی کە ئەوەش بیربخەینەوە، کە شێوە هیتیەکەی ناوی دێو، واتا "سیوس"، کە لای گرێکەکان بۆتە (زێوس) و ئێمە بە کۆپی کردن لە عارەبی، کردومانەتە زیوس، لە ناوی چاکەکانی ئەمڕۆ و، پەرستگاکانی کۆنی سەردەمی هیتیان، لە کوردستاندا، بە ناوە زۆرەکانی: زێوە. زێویێ و زێوکە، وەکو ناوی دێ، لە زۆر شوێنی کوردستان دەبیندرێن.
کریڤی ئێزدیان
کریڤ: هەروەها کریڤۆ. ناوێکە لە لایەن کوردانی موسوڵمانەوە، بۆ ئێزدیان بەکاردەهێندرێت. ناوەکە تا ماوەیەکی زۆریش، هەر لەلایەن ئەو کەسانەوە بەکاردەهات، کە لە نزیکی ئێزدیەکان دەژیان و، جۆرێک لە تێکەڵی و هاموشۆیان لەگەڵیاندا هەبوو. بە هۆی فراوان بوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و، ئاسانتر بوونی هاموشۆ و تێکەڵاوی، ئێستا وشەی (کریڤ، کریڤۆ، کریڤێ) تا ڕادەیەکی زۆر، وەک ناوێکی جێگرەوەی ئەتنی بۆ ئێزدیان، ناسراوە.
وشەی کریڤ لە دابو نەریتێکی ئێزدیان خۆیانەوە وەرگیراوە. ئەوان لە کاتی خەتەنەکردنی کوڕەکانیان، یان ناولێنانی منداڵی تازە بوو (چ کچ، چ کوڕ)، داوا لە کوردێکی هاوزمان و موسوڵمان دەکەن، تا لەو سریمۆنیەدا بەشداری بکات. بەمجۆرە، کەسە بەشداربووەکە دەبێتە کریڤ، یان برای ناتەنی منداڵەکە و، دەبێ لە بۆنەکانی دیشدا (وەک برا) ئامادە بێت، تا بە لەگۆڕنانیش دەگات، لە دوای مردنی. بە گشتی کریڤ بریتیە لە دۆزینەوەی برایەکی ناتەنی (نە لە دایک و باوک)، لە نێوان دوو کەس دا.
وشەی (کریڤ) کوردی نیە و، وەرگیراوە. بنەڕەتی وشەی کریڤ، لە زمانی ئەکەدی بابلیەوە هاتووە. له و زمانەدا بە شێوەی "قێرێێب" و، "قەرابو" هاتووە بە واتای نزیکی. پەیوەندی نزیکایەتی. هەروەک لە زمانی ئارامیدا، קריב |قەررییب| و קריבא، قەررییبا هەیە. وشە ئارامیەکەش، ‌ بە واتای لێکچووی، وەک خزم. نزیک. دۆست. دەرو دراوسێ هاتووە. وەک دەردەکەوێت، وشەکە لە هەموو زمانە ناسراوەکانی ئەفرۆ- ئاسیاییدا هەبووە. وەک لە عیبری " قارەب، قارێڤ". لە عارەبیشدا، "قرب، قورب. قریب، قەریب"، هەر بە واتاکانی سەرەوە. لە زمانی سریانیش دا، بۆ هەمان شت،، قەرییبا هەیە.
هەر لە هەمان وشەی سەرەوەدا، وشەی ئاڵۆزی ئایینی "قوربان" هاتۆتە کایەوە. وەک دەزانین، قوربانیش هەر لە "قورب" و "تەقەڕوب"، یان خۆ نزیک کردنەوە لە خودایە. دیارە لە ڕێگای بەخشینەوە، کە دەکاتە قوربانی. ئەم وشەیە لە زمانی عیبری، بریتیە لە קרבן. قۆربان. لە زمانی ئارامیشدا، קרבו، قۆربان و קוּרְבָּנָא، قۆربانا، هەر بە واتای قوربانی. لە زمانی سریانیدا، هەمان وشە بۆتە، قوربانا. بێگومان وشەی قوربانی و قوربانی کردن و قوربانی دان، کە لە زمانی کوردیدا بە فراوانی بەکاردێن، هەموویان، بۆ سەر ڕەگی هەمان وشەی سەرەوە دەگەڕێتەوە، کە بە بۆچوونی من، وشەکە زۆر پێش پەیوەندیمان بە عارەبانەوە، هەر لە سەردەمی پەیوەندی ئایینی و فەرهەنگی میدیەکان لەگەڵ بابلیان، کەوتۆتە ناو زمانەکانی پێش کوردیەوە.
داسنی، ناوێکی دی کۆنی ئێزدیان
داسنی: ناوێکی کۆنە. ناوەکە لە لای خەڵک و سەرچاوەی نوسراویشدا، بۆ ئێزدیان بەکارهاتووە. گوایە لە ناوی شاخی داسن، لە نزیک شاری شنگال، کە لە ڕووداوە ناخۆشەکانی ئەم دواییەدا، هەر بە چیای شنگال ناو دەبرا، وەرگیراوە. خودی ناوەکە و، ناوی شاخەکەش، ئاماژە بۆ واتایەکی دی ئایینی کۆنتر دەکات. وشەکە لە ڕەگی وشەی پرۆتۆهیندۆروپی dhh1 his – no –m، دههیس نۆ م هاتووە. گۆکردنی وشەکە، دوای کەوتنی لارینگالەکانی (هێ)، دەبێتە دێس- نۆ - م. وشەکە، لە بنەڕەتدا بۆ فەڕو پیرۆزی بەکارهاتووە.
لە زبانی لاتینی، بە کەسانی پیرۆز و بەفەڕ (قەدیس) دەگوترێت fanum، فانوم. دەبینین لە وشە لاتینیەکەدا، دەنگی پێکەوە گرێدراوی کەونارای "د، هێ"،dh، بۆ دەنگی (ف) گۆڕاوە. ئەمە ڕێسایەکی گشتی زمانی لاتینیە. نزیکەی لە هەموو زبانە کۆن و نوێکانی ئێرانییشدا، ئەوە هەمان دەنگی پرۆتۆهیندۆروپی (dh، دهێ)یە، کە بە نەچەسپاوی دەردەکەوێت و، بۆتە یەکێک لە دەنگەکانی (د، ژ، ت، ز). تەنانەت، دەنگەکانی (ث، خ)یش. جێگای سەرنج ڕاکێشانە، کە وشەی ئایینی کەونارای پرۆتۆهیندۆروپی (دێس - نۆ)، هێشتا لە زمانی کوردی شوێنەواری ماوەتەوە و بەکاردێت. خۆشی ئەوەیە کە وشە کوردیەکەش، کەموزۆر، واتایەکی ئایینی، یان فەڕو پیرۆزی ئایینی دەگەیەنێت. وەک دەزانین لە سەرچاوە مێژوییە کۆنەکاندا، ناوی ئێزیدیان بە (داسنی) تۆمارکراوە و ناوبردراوە. هەروەها یەکێک لەو شاخانەی، کە ئێزیدیەکان لە قەدپاڵی دەژین، واتا چیای شنگال، هەر ناوی (داسن)ە. بە گومانی هەرە زۆر، ناوەکە، کە بۆ باوەڕو ئایینی خەڵکانێک بەکارهاتووە، لە بنەڕەتدا، مەبەست پیرۆزی و بەفەڕی بووە، هەروەک واتا بنەڕەتیەکەی وشەی (دێس - نۆ- م).
وەک دیارە، دەنگی بزوێنی (ێ)ی وشە پرۆتۆکەش، وەک چاوەڕوان دەکرێت و، بە گوێرەی ڕێساکانی گۆڕانی دەنگ، لە زمانە هیندۆ - ئێرانیەکاندا، لەوانە کوردیش، لە وشە کوردیەکەدا، بۆ بزوێنی (- ە) گۆڕاوە. ناوەکە لە ئایینی زەردەشتی، بە شێوەی (یەسنا) بە واتای پەرستن هاتووە. زەردەشتیان بە هەموو ئایینەکانی دیان گوتووە daevayasna، دەیێڤەیەسنا، بە واتای دێوپەرست. گومانی ئەمەش لەگۆڕێدا هەیە کە ناوی داسنی، لە هەمان وشەی ئاڤێستایی دەیێڤەیەسناوە هاتبێت و، دواتر لەسەر زار گۆڕابێت. وشەکە خزمایەتی لەگەڵ (جەژن)یش هەیە. هەروەک ئێمە وشەیەکی دیش، بە شێوەی دسن بەکاردێنین، کە بۆ سەر هەمان ڕەگ دەگەڕێتەوە. بارێکی دی وشەکە، لە زمانی کوردی، بریتیە لە دسن.
دسن: هەندێک جار بە (جسن) یش گۆدەکرێت. واتا کەسێکی ڕەسەن، یان بۆ کەسێکی بە ڕەگەز پاک و بەفەڕ و پیرۆز بێت، بەکار دێت. دەربڕینی باوی "منداڵێکی دسنە" لە هەندێک ناوچەی هەولێر، ڕێک بەو واتایەی سەرەوە بەکاردەهێندرێت. ئەم وشەیەش، هەروەک وشەی داسن، لە ڕەگی هەمان وشەی پرۆتۆهیندۆروپی dhh1 his – no –m، دههس نۆ م هاتووە.
سەرچاوەکان:
بە سویدی:
1- Rudy Tomsson. Världs Historia. Del 1. 1991.
2- Göran Börge. Från Ararat till Eufrat. Stockholm. 1992.
3- Alexis Kölnstjärna. Mine resor i öst. Stockholm. 1901.
بە ئینگلیزی:
4- Jsya Joseph. B.a. M.a. Devil Worship. The sacred books and traditions of the Yezidiz.1919.Boston.
بە عارەبی:
5- ابن الندیم. الفهرست. بیروت. 1997.
6- الشهرستانی. کتاب الملل و النحل. القاهرة. 1967.
7- ابن شداد. النوادر السلطانية والمحاسن اليوسفية (سيرة صلاح الدين الأيوبي). القاهرة. 1994.
8- س. کوندوز. معرفة الحیاة. ترجمة الدکتور سعدی السعدی. السوید. 1996.
9- جرجیس فتح اللة. مباحث آشوریة. ستوکهولم. 1996.
10- مارتین فان بروینسون. الدین فی کوردستان. دوریة کوردنامة. العدد 2و3 تموز- ایلول 1995.
11- محمد ڕؤف توکلی. اهل الحق، او الاکاکائیون. اللة الی حلول، و موت الانسان. غطس آوز. دوریة کوردنامة. العدد السابق.
12- ز. آرش و ک. ذبیحی. اللة هو الاصل. دوریة کوردنامة. العدد السابق.
13 ما هي اليزيدية؟ ومن هم اليزيديون؟ تأليف محمود الجندي بغداد 1976م.
بە کوردی:
14- پێشڕه و کەریم ئەحمەد. دوو پەیامی پیرۆزی یەزیدیان. پاریس. 1991.
15- شاسوار هەرشەمی. مێژوی ئارامیەکان لە کوردستان دا. سلێمانی. 1999.
16- شاسوار هەرشەمی. فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژی هەرشەمی. 2500 لاپەڕە. ئامادەی چاپ.
بە فار‌سی:
17- ابو الریحان البیرونی. اڵاثار الباقیة عن القرون الخالیة. تهران. 1390
-
Bu makale (کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmıştır, makaleleri orijinal dilinde açmak için sembolüne tıklayın!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Bu başlık 13,941 defa görüntülendi
HashTag
Kaynaklar
[1] Sosyal Medya | کوردیی ناوەڕاست | فەیسبووکی بەڕێز (م.شاسوار هەرشەمی)
İlgili Dosyalar: 1
Bağlantılı yazılar: 4
Belge Türü: Orijinal dili
İçerik Kategorisi: Din ve Ateizm
İçerik Kategorisi: Dil bilimi
İçerik Kategorisi: Tarih
İçerik Kategorisi: Kürt Davası
Özerk: Türkiye
Parti: ISIS
Teknik Meta Veriler
Bu öğenin telif hakkı, öğenin sahibi tarafından Kurdipedia'ya verilmiştir!
Ürün Kalitesi: 99%
99%
Bu başlık Seryas Ahmed tarafından 07-11-2016 kaydedildi
Bu başlık en son Seryas Ahmed tarafından 07-11-2016 tarihinde Düzenlendi
Başlık Adresi
Bu başlık Kurdipedia Standartlar göre eksiktir , düzenlemeye ihtiyaç vardır
Bu başlık 13,941 defa görüntülendi
Bağlantılı dosya - Sürüm
Tür Sürüm Editör Adı
Fotoğraf dosyası 1.0.126 KB 07-11-2016 Seryas AhmedS.A.
Kurdipedia Dev Kürtçe bilgi Kaynağıdır
Biyografi
Vedat Türkali
Kısa tanım
Anadolu’nun İlim ve Tasavvuf Hayatında Öne Çıkan Berzencî Ulemâsı
Kütüphane
TÜRKİYE: KÜRT SORUNUNUN ÇÖZÜMÜ VE PKK
Resim ve tanım
Erbildeki Patlama 19 kasım 2014
Biyografi
Mîran Janbar
Biyografi
Pervin Çakar
Biyografi
Abdullah Zeydan
Kısa tanım
Osmanlı-Kürt ilişkisi ve İdris-i Bidlisi
Kısa tanım
CEGERXWÎN
Biyografi
Reşan Çeliker
Biyografi
İbrahim Küreken
Biyografi
Rahime Kesici Karakaş
Kütüphane
MARDİN 1915
Kısa tanım
Özgürlük Denizine Akan Nehirde Şeyh Ahmed Barzani
Biyografi
Dilan Yeşilgöz-Zegerius
Biyografi
Kemal Astare
Kütüphane
MARDIN 'i DINLERKEN MÜZEYLE BAŞLAYAN DEĞİŞİM
Resim ve tanım
Mardin 1950 hasan ammar çarşisi
Kısa tanım
Kürt-Ermeni ilişkileri ve kimi gerçekler
Kütüphane
KOMÜNİST
Kütüphane
Çiller Özel Örgütü TBMM Susurluk Komisyonu'na Sunulan Dosya ve Belgeler
Biyografi
JAKLİN ÇELİK
Resim ve tanım
1905 Mardin

Gerçek
Parti ve Organizasyonlar
Kürt İstiklâl Komitesi
11-04-2024
Rapar Osman Ozery
Kürt İstiklâl Komitesi
Biyografi
Ekrem Cemilpaşa
11-04-2024
Rapar Osman Ozery
Ekrem Cemilpaşa
Şehitler
Seyit Abdülkadir Efendi
11-04-2024
Rapar Osman Ozery
Seyit Abdülkadir Efendi
Kısa tanım
Kadınlar Dünyası’nın Kürt kalemi: Mes’adet Bedirxan
12-04-2024
Rapar Osman Ozery
Kadınlar Dünyası’nın Kürt kalemi: Mes’adet Bedirxan
Kısa tanım
Dünya yeni bir savaşın eşiğinde iken, Birinci Dünya Savaşı sürecinde Kürdlerin tehcirini hatırlamak-8
17-04-2024
Rapar Osman Ozery
Dünya yeni bir savaşın eşiğinde iken, Birinci Dünya Savaşı sürecinde Kürdlerin tehcirini hatırlamak-8
Yeni başlık
Biyografi
İbrahim Küreken
14-04-2024
Rapar Osman Ozery
Biyografi
Kemal Astare
14-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
Çiller Özel Örgütü TBMM Susurluk Komisyonu\'na Sunulan Dosya ve Belgeler
13-04-2024
Sara Kamele
Biyografi
Ekrem Cemilpaşa
11-04-2024
Rapar Osman Ozery
Kütüphane
MARDIN \'i DINLERKEN MÜZEYLE BAŞLAYAN DEĞİŞİM
08-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
MARDİN 1915
08-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
KOMÜNİST
07-04-2024
Sara Kamele
Biyografi
Vedat Türkali
07-04-2024
Sara Kamele
Biyografi
Abdullah Zeydan
07-04-2024
Sara Kamele
Kütüphane
TÜRKİYE: KÜRT SORUNUNUN ÇÖZÜMÜ VE PKK
07-04-2024
Sara Kamele
Istatistik
Makale  516,355
Resim 105,193
Kitap PDF 19,086
İlgili Dosyalar 95,696
Video 1,281
Kurdipedia Dev Kürtçe bilgi Kaynağıdır
Biyografi
Vedat Türkali
Kısa tanım
Anadolu’nun İlim ve Tasavvuf Hayatında Öne Çıkan Berzencî Ulemâsı
Kütüphane
TÜRKİYE: KÜRT SORUNUNUN ÇÖZÜMÜ VE PKK
Resim ve tanım
Erbildeki Patlama 19 kasım 2014
Biyografi
Mîran Janbar
Biyografi
Pervin Çakar
Biyografi
Abdullah Zeydan
Kısa tanım
Osmanlı-Kürt ilişkisi ve İdris-i Bidlisi
Kısa tanım
CEGERXWÎN
Biyografi
Reşan Çeliker
Biyografi
İbrahim Küreken
Biyografi
Rahime Kesici Karakaş
Kütüphane
MARDİN 1915
Kısa tanım
Özgürlük Denizine Akan Nehirde Şeyh Ahmed Barzani
Biyografi
Dilan Yeşilgöz-Zegerius
Biyografi
Kemal Astare
Kütüphane
MARDIN 'i DINLERKEN MÜZEYLE BAŞLAYAN DEĞİŞİM
Resim ve tanım
Mardin 1950 hasan ammar çarşisi
Kısa tanım
Kürt-Ermeni ilişkileri ve kimi gerçekler
Kütüphane
KOMÜNİST
Kütüphane
Çiller Özel Örgütü TBMM Susurluk Komisyonu'na Sunulan Dosya ve Belgeler
Biyografi
JAKLİN ÇELİK
Resim ve tanım
1905 Mardin

Kurdipedia.org (2008 - 2024) version: 15.42
| İletişim | CSS3 | HTML5

| Sayfa oluşturma süresi: 0.25 saniye!