رێبوار تاڵەبانی: 80 ملیۆن دۆلاری پترۆدۆلار گەیشتووەتە کەرکوک و بەشێکی دەدرێتە مامۆستایان
📊 ئامار و راپرسی
خەندان- هەڤاڵ محەمەد
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەوەکالەت گەیشتنی زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلاری پارەی پترۆدۆلاری بەپارێزگاکە راگەیاند کە لەلایەن هەرێمەوە دابینکراوە لەبەرانبەر هەناردەکردنی نەوتی پارێزگاکە.
رێبوار تاڵەبانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەکەرکوک رایگەیاند "بڕی پارەی پتڕۆ دۆلاری کەرکوک کەلەلایەن هەرێمەوە دابینکراوە گەیشتووەتە زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلار، سەرجەم ئه و پارەیە بەهەشت وەجبە گەیشتووەتە کەرکوک، بەڵام پارەی پتڕۆ دۆلاری عیراق بڕدراوە".
حکومەتی هەرێم لەناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە بەشێک لە نەوتی کەرکوک دەفرۆشێت هەردولا رێککەوتنێکیان ئیمزاکردووە بۆ پێدانی مانگانە 10 ملیۆن دۆلار بە کەرکوک وەک پشکی پترۆدۆلاری شارەکە،بەڵام حکومەتی عیراق زیاتر لە دوو ساڵە پارەی پترۆدۆلاری کەرکوکی خەرجنەکردووە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەوەکالەت ئاماژەی بەوەکرد، پارەی پترۆدۆلار بۆ جموجۆڵی پڕۆژەکانی شارەکەیە، بەشێکیش له و پارەیە دەدرێت بەمامۆستایانی شارەکە.
بەشێک لە مامۆستایانی کەرکوک کە سەر بە هەرێمی کوردستانن لەسەرەتای وەرزی خوێندنی ئەمساڵەوە هەڕەشەی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن، دژی دواکەوتنی موچه و سیستەمی پاشەکەوت.
رێبوار تاڵەبانی باسی لەوەکرد، لەسەرداوای بەڕێوبەری خوێندنی کوردی و یەکێتی مامۆستایان و مامۆستایانی ناڕازی، پڕۆژەیەک پێشەشکراوە بۆ ئەوەی بڕێک پارە بۆ هەموو مامۆستایانی کەرکوک دابینبکرێت لەپارەی پتڕۆ دۆلار.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکوک، 7 هەزار و 600 موچەخۆرن و لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە موچەیان بۆدابین دەکرێت، ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێم و سیستمی پاشەکەوتەوە، موچەکانیان کەمترە لەموچەخۆرانی خوێندنی بەشی عەرەبی کە سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عیراقن.
تاڵەبانی وتیشی "ئەمڕۆ بەکۆی دەنگ بڕیاردرا لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک لیژنەیەک دروستبکرێت سەیری لیستی دیراسەی کوردی بکەن، لەگەڵ لیژنەی یاسایی قسەبکەن سیغەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە، بەپێی ئه و خشتەیەی لەبەردەم دیراسەی کوردی لەکەرکوکدایە پارەکە تەرخاندەکەین".
کەرکوک کە بەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنوری هەرێم دادەنرێت لەدوای پڕۆسەی ئازادییەوە(2003) خوێندنی کوردی لەو شارەدا کراوەتەوەو لەئێستادا زۆربەی دانیشتوانە کوردەکەی منداڵەکانیان دەخەنەبەر خوێندنی کوردی.
- 15-11-2016