فەیزوڵڵا باقر ئەحمەد (حاجی باقی بەنگینە)
بەنگینەی شاعیری گەل
حاجی باقی بەنگینە شاعیرێکی نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕی کوردستانە و هەمیشە لەریزی گەلدا بووە و بەشیعر تەعبیری لەئێش و ئازارەکانی هەژاران و میللەتەکەی کردووە بۆیە بەشاعیری میللی و شاعیری گەل ناسراوە.
فەیزوڵڵا باقر ئەحمەد ناوی تەواوی ئەم شاعیرەیە و لەساڵی 1908 لەشاری
سەقزسەقزی خۆرهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە هەڕەتی لاویدا رووی کردۆتە باشوری کوردستان و لەشاری
سلێمانیسلێمانی گیرساوەتەوە. ئیدی بووە بەرێبواری سەوداسەری پیرەمێردی نەمر و کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەوەوە و لەدوو رووەوە بۆتە خوێندکاری ئەو، لە قوتابخانەی زانستی ئێواران خوێندویەتی و لە رۆژنامەکانی ژین و ژیانیش بەرهەمەکانی بڵاو کردۆتەوە.
ئیتر فەیزولڵا بووە بەحاجی باقی و پیرەمێردیش نازنازی بەنگینەی پێبەخشیوە، بەهۆی ئەوەی لەشانۆگەری مەم و زیندا لە قوتابخانەی زانستی دەوری بەنگینی بینیوە.
بەنگینە ئامادەبونی بەرچاوی هەبووە لەبۆنە نیشتمانییەکاندا و لەساڵانی چلەکاندا لەگەڵ پیرەمێرد بەهۆنراوە و وتار بەشداری کاریگەری لەیادی جەژنی نەورۆز کردووە.
بەنگینە شاعیرێکی شۆرشگێر و بەهەڵویست بووە و لەساڵانی پەنجاکاندا لەرێزی پێشەوەی خۆپیشاندەراندا بووە و بەشیعرە ئاگرینەکانی جەماوەری جۆشدا داوە.
بەهۆی ئەو هەڵویستانەیەوە چەند جارێک زیندانی کراوە و تووشی ئازارو ئەشکەنجە بۆتەوە و لە سەردەمی زەعیم سدیقدا یەکێک بووە لەو کەسانەی بڕیاری گوللە بارانکردنی دراوە، بەڵام ئازایانە خۆی دەرباز کردووە.بەنگینە خاوەنی دیوانێکی شیعرییە کە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا رێگەی بڵاوکردنەوەی نەدراوە و ساڵی 2003 بڵاو کراوەتەوە.
شیعرەکانی زۆربەی شیعری نیشتمانی و نەتەوەیین، شیعری دیکەی خۆشەویستی و کۆمەڵایەتیشی هەیە و بۆ مەرگی شاعیران و ناوداران بەشیعر شیوەنی گێڕاوە.
ئەم شاعیرە ناودارەی کورد لە15ی ئەیلولی 1972 لەشاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد و لەگردی
سەیوانسەیوان بەخاک سپێردرا.
⚠️ دون هذا السجل بلغة (🏳️ کوردیی ناوەڕاست)، انقر علی ايقونة
لفتح السجل باللغة المدونة!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!