نیو ملیۆن هاوڵاتی لە موسڵ رووبەڕووی قەیرانی نەبوونی ئاو بونەتەوە
📊 ئامار و راپرسی
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، کە بەهۆی شەڕی موسڵەوە تۆڕی دابەشکردنی ئاو لە موسڵ رووخاوە و ئێستا نیو ملیۆن هاوڵاتی موسڵ رووبەرووی قەیرانی نەبوونی ئاو بوونەتەوە.
لیز گراندە، رێکخەری کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاندووە، هاوڵاتیانی موسڵ کە لەناو شەڕی موسڵدا گیریان خواردووە، ئێستا رووبەرووی قەیرانی نەبوونی خواردن، کارەبا و ئاو بوونەتەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپدا ژیان بەسەردەبەن.
گراندە وتووشیەتی:"هاوڵاتیان ناچارن ئاوە ئالودەکان و ئاوی بیرەکان بخۆنەوەو ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیداری جۆراوجۆر لەنا هاوڵاتیاندا، ئەم دۆخە بەتایبەت بۆ منداڵانی موسڵی کارەساتبارە".
شەڕ لە نێوان چەتەکانی داعش و هێزەکانی سوپای عێراق لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی موسڵدا بەردەوامە، بەپێی ئامارەکان زیاترلە یەک ملیۆن هاوڵاتی لەناو شاری موسڵدان کە نزیکەی 600 هەزار کەسیان دانیشتووی گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی موسڵن.
01-12-2016