1300 ئافرەت و منداڵی ئێزدی گەیەندراونەتە ئەڵمانیا
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
سەرپەرشتیاری بردنە دەرەوەی منداڵ و ئافرەتانی ئێزدی بۆ ئەڵمانیا، ئاماژەبەوەدەکات تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1300 قوربانی دەستی داعش لە ئافرەت و منداڵی ئێزدی رەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا کراون.
د.میرزا دانایی سەرۆکی رێکخراوی پردی ئاسمانی ئەڵمانی عێراقی بە دواڕۆژی راگەیاند، لە پاش داگیرکردنی قەزای شەنگال لە لایەن داعشەوە تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر لە هەزار و 300 قوربانی منداڵ و ئافرەتی دەستی داعش بردراونەتە وڵاتی ئەڵمانیا بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و دەروونی بۆیان.
ئه و سەرپەشتیارەی بردنە دەرەوەی منداڵ و ئافرەتانی ئێزدییە، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئه و ئەفرەت و منداڵانەی بردراونەتە دەرەوە و داعش دەستگیریکردبوون و پاشان رزگاکراون، یاخود کەس و کارەکانیان تیرۆکراون پێوستیان به و خزمەتگوزاریانەیە.
وتیشی "لە ئێستادا پرۆگرامەکە کۆتایی هاتووه و توانیویانە لە رێگای نزیکەی 15 کاروانەوە قوربانییەکانیان بگەیەنە ئەڵمانیا و لە هەوڵیشداین لەگەڵ ئەڵمانیاو وڵاتانی تر دووبارە ژمارەیەکی تری قوربانی رەوانەی دەرەوە بکەن، چونکە لە ئێستا زیاتر لە 1 هەزار ئافرەتی تر ئێزدی پێویستیان بە چوونە دەرەوه و وەرگرتنی خزمەتگوزاری تەندروستی و دەروونی هەیە.
باسی لەوەشکرد، نادیە موراد و بنەماڵەکەی یەکێک بوون له و کەیسانەی کە لە لایەن رێکخراوەکەمانەوە رەوانەی ئەڵمانیاکران.
- 06-12-2016