حەمە بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف
حەمە بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف (1904 – 1934)
حەمە بەگی فەتاح بەگی حەمە پاشای جاف، لە ساڵی 1904 لە دایک بووە، سێیەمین کوڕی فەتاح بەگ بووە، پیاوێکی لیهاتوو و خوێنەواری سەردەمەکەی بووە، حەمە بەگ لە پاش دامەزراندنی حوکمەتی عێراق بوەتە ئەندامی ئەنجومەنی دامەزارندن لە خولی دووەمدا لە ساڵی1929 بە نوێنەرایەتی کفری و لیوای کەرکوک، حەمە بەگ لەگەڵ چەند کەسێکی تردا لە نامەیەکدا بۆ کۆمەڵەی گەلان داوای ئۆتۆنۆمیان بۆ کوردستانی عێراق کردووە، چەند جارێک یاداشتیان داوەتە مەندوبی سامی بەریتانی لە بارەی کێشەی کوردەوە، حەمە بەگ لە کۆتای بیستەکاندا لەگەڵ ژمارەیەک رۆشنبیری سنورەکە پارتێک دروست دەکەن، بە پێی زانیاریەکان حەمە بەگ حەزی نوسینی ئەدەبیشی هەبووە و لەم رووە رۆمانێکی نوسیوە بەلام دواتر فەوتاوە.
بە پێی زۆرێک لە سەرچاوەکان حەمە بەگ رۆڵی هەبووە لە کردنەوە و دامەزراندنی یەکەمین قوتابخانە لە کەلار لە ساڵی 1931 بە ناوی (قوتابخانەی کەلاری سەرەتای)، بە پێی هەندێک سەرچاوە سەرەتا قوتابخانەکە لە ماڵی حەمە بەگدا بووە واتا ژوورێک لە ماڵی حەمە بەگ بینای قوتابخانەکە بووە و پاشتر بینایەک لە قوڕ لە گوندەکە بۆ ئەم قوتابخانەیە دروست دەکرێت و پاش ئەمیش بینای میری بۆ دروست کراوە، وەک دەردەکەوێت بە هەوڵی حەمە بەگ ئەم قوتابخانەیە دروست کراوە و خانۆکەی خۆی بەخشیووە و کردویەتی بەم قوتابخانەیە، ئەم قوتابخانەیە سەر بە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی لیوای کەرکوک و یەکەم بەڕێوەبەری مامۆستا تۆفیق عەلی عەبدولڕەحمان قەرەداغی (1886 – 1947) بووە، لە ساڵی 1931 – 1940 لەو قوتابخانەیە ماوەتەوە.
حەمە بەگی جاف هەمیشە هاوڕێی رۆشنبیر و مەلا و خوێنەوار و پاڵپشتی هەژاران بووە، یەکەم نوێنەری جاف بووە لە پەرلەمان و یەکەم کەس بووە جل و بەرگی (ستار خانی) لەناوچەکە لەبەر کردووە، لە کفری دەچووە لای رۆشنبیران و مەلا و فەقێیان و بۆ کوردایەتی هانی دەدان، یەکەم کەس بووە قوتابخانەی لە کەلار کردوەتەوە، بە پێی سەرچاوەکان حەمە بەگ لەسەرەتاوە ماڵەکەی خۆی کردوەتە قوتابخانە و هانی خەڵکی داوە بۆ خوێندن و خوێنەواری، ئەم کەسایەتیە لە 01-05-1934 بە نەخۆشی ریخۆڵە کوێرە کۆچی دوای دەکات.
سەرچاوەکان :
کەریم بەگی فەتاح بەگی جاف، تەئریخی جاف، چ1، (بەغداد : 1995).
ئەحمەد حەمەد ئەمین هۆمەر،ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە رۆژگاری پاشایەتیدا (1952 – 1958)،چ1، چاپەمەنی شەهاب، (هەولێر : 2007).
مستەفا نەریمان، حەمە بەگی جاف هەڵگری ئاڵای تێکۆشانی سیاسی، نەوشەفەق، ژمارە (25)، نیسانی 2005.
سەباح عەلی جاف، مێژووی پەروەردە و فێربوون لە کەلار، گەرمیانی ئەمڕۆ، ژمارە (71)، شوباتی 2013