دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕی 500 ملیۆن دیناری بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی پردی چەمە تەرخانکردووەو قایمقامی بەردەڕەشیش ڕایدەگەیەنێت، بە تەواوبوونی پردەکە ماوەی نێوان هەولێر- دهۆک زیاتر لە 22 کیلۆمەتر کورتدەبێتەوەو ڕووداوەکانی هاتووچۆش کەمدەکاتەوە.
خەلیل عەبدوڵا، قایمقامی بەردەڕەش بە دواڕۆژی ڕاگەیاند پڕۆژەی دروستکردنی پردی چەمە پرۆژەیەکی کۆنەو پێشتر کۆمپانیایەک کاری تێدا دەکرد، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و نەبوونی بوجە نەتواندرا پڕۆژەکە تەواو بکرێت بۆ تەواو کردنی پرۆژەکە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکردوەو بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکان دادەنرێت بۆ هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆک.
وتیشی پێشتر بەهۆی قەرەبالغی ڕێگای بەردەرەش- هەولێر دەیان ڕووداوی دڵتەزێنی هاتووچۆ ڕوویانداوە بەڵام بە دروستکردنی ئەم پردە ئەو مەترسیە لەسەر گیانی هاوڵاتیان نامێنێت و زیاتر لە 22 کیلۆمەتر ڕێگای نێوان هەولێرو دهۆک کورت دەکاتەوە.
قایمقامی بەردەڕەش، ئاماژەی بەوەشکرد پڕۆژەی پردی چەمە لە قۆناغی یەکەمدا تەنها ئۆتۆمبێلی بچووک بەسەریدا دەپەڕێتەوەو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆی نییە بەسەر ئەم پردەدا تێپەڕێت، بەڵکو بیر لەوە کراەوتەوە لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لە گفوتگۆداین بۆ ئەوەی ڕێگای بەرتلەو باشیک بە ڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکاندا بکرێتەوە.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە، پردی چەمە لەسەر زێی گەورە درێژییەکەی 3،2 کم و پانییەکەشی 7 مەترە، کیلۆمەترەو لەلای گوندی چەمەیە لە قەزای بەردەڕەش و 2کم لەلای ناحیەی دارەشەکرانە لە پارێزگای هەولێرو لە سەر زێی گەورە لە بادینان دروستکراوە.
09-03-2017