%90ی مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان بوونەتە وانەبێژ لەزانکۆ ئەهلییەکان
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، رایدەگەیەنێت، 90 لە سەدی مامۆستایان لە زانکۆ حکومییەکان بوونەتە وانەبێژ لە زانکۆ ئەهلی و تایبەتەکان.
بە پێی زانیارییەکانی دواڕۆژ لە ئێستادا لە زانکۆ حکومییەکان 8 هەزار مامۆستا هەیە، هەرچی زانکۆ ئەهلییەکانە 2 هەزار مامۆستایان هەیە، ژمارەی زانکۆ حکومییەکانیش 14 زانکۆیه،یەکسانە بە ژمارەی زانکۆ ئەهلییەکان کە ئەویش 14 زانکۆیە. بەمەش ژمارەی مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان بە بەراورد بە زانکۆ ئەهلییەکان چوارهێندەیە.
هەر بەپێی زانیارییەکان تەنیا بۆ خوێندنی ئەمساڵ زیاتر لە 468 مامۆستای زانکۆ، لە تەواوی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی بێ موچەیان وەرگرتووه و یاخود بە شێوازای خواستن لەکاردابڕاون.
د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بە دواڕۆژی راگەیاند بەهۆی زۆری مامۆستایان لە زانکۆ حکومییەکان و کە ژمارەیان دەگاتە 8 هەزار مامۆستا، 90 لەسەدیان لە زانکۆ ئەهلییەکان وەک وانەبێژ وانە دەڵێنەوە، چونکە ژمارەی مامۆستا لە زانکۆ ئەهلییەکان زۆر کەمترە لە زانکۆ حکومییەکان.
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، ئەوەشی خستەڕوو، بۆئەوەی بتوانن پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ ئەهلییەکان بەردەوامی پێبدەن، مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان پشتگیری زانکۆ ئەهلییەکان کردووە وەک هاوکارییەکی گەورە بۆ ئەو زانکۆیانە.
ئەحمەد دزەیی، ئەوەشی خستەڕوو، له و دۆخە خراپەی مامۆستایان، کەحکومەت ناتوانێت شایستە داراییەکانیان پێبدات، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنمایی دەرکردووە، تا هەلی زیاتریان بۆ بڕەخسێندرێت بتوانن لە شوێنی تردا کار بکەن و ئه و بارە قورسەی بەهۆی پاشەکەوتی موچەوە لەسەر مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکانە کەمبێتەوە.
دزەیی، روونیشکردەوە، بەشێک له و مامۆستایانە رۆیشتوون بۆ زانکۆ ئەهلییەکان بەشێوەی خواستن بووە کە بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، مامۆستایان سێ ساڵ بەلایەنی کەمەوە بواریان هەیە بچنە زانکۆ ئەهلییەکان، بەجۆرێک موچە و ئیمتیازاتی مامۆستاکە دەچێتە سەر زانکۆ ئەهلییەکە، بەڵام خزمەتەکەی لە زانکۆ حکومییەکەدا بۆ هەژمار دەکرێت.
15-03-2017