#تەحسین تەها چۆمانی#
حزبە بچووکەکان بۆچی چەکدار دەکرێن و دەیان چەکداریان بۆ دادەمەزرێت؟ ئەمە یەکێک لەو پرسیارانە دەبێت کە جگە لەوەی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قووڵتربوونەوەی ململانێی نێوان حزبی سیاسی لە کوردستان لە هەمان کاتدا خۆی لە بەرامبەر داهاتووی دیموکراسیش وەک یەکێک لە هەنگاوە هەرە مەترسیدارەکان لە هەرێمی کوردستان پیشان دەدات، بەوەی کە لە جیاتی کارکردن بۆ بەرەو پێشبردنی پڕۆسەی دیموکراسی لە کوردستان، هەنگاو بۆ یەکێک لە مەترسیدارترین کارەکان دەنرێت، ئەویش پڕۆژەی چەکدارکردنی حزبە بچووک و کەسێتییەکانە، کە دەیەوێت لە جیاتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکرات، کار بۆ کۆمەڵگەیەکی چەکدارو مەترسیدار بکات.
پڕۆژەی دروستکردنی هێزی سەربازی بۆ هەندێک لە حزبە بچووکەکان، ڕەنگ بێت یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو هەوڵانە بێت کە لە ساتەوەختی ئێستای هەرێمی کوردستاندا دەیەوێت کار لە سەر جۆڕێکی نوێی شەرعیەتدانەوە بە کاری حزبایەتی بدات، کە بەبانگەشەی کورد خۆی لە باشووری کوردستان مۆدێلی ئەم جۆرە لە کاری حزبایەتی و ڕێکخراوەیی بوونی نەماوە، بەڵکو مۆدێلی کاری حزبایەتی لە قۆناغی مۆدێرنی خۆی دایەو دەبێت بانگەشەکانی لە خزمەت هێنانەدی دادی کۆمەڵاتی و ئازادی و کاری سیاسی و...تاد بێت، کە کاری سەرەکیان لە ڕێگەی پەرلەمان وەک بنیادێکی سیاسی و ململانێکانەوە دەبێت. بەڵام پێچەوانەی ئەم بانگەشانە بۆ مەسەلەی کاری حزبایەتی لە هەرێمی کوردستان، بە لەبەر چاوگرتنی واقیعی سیاسی ئەمڕۆمان پێمان دەڵێت تەنها لەسەر ئاستی بانگەشەکاریەکی بێ واتا دەیەوێت خۆیمان پیشان بدات.
بەدیاریکراوی پێنج ساڵ دوای ئازادی عێراق، بانگەشەیەک لەپاڵ دەیان و سەدان کێشەی سیاسی و بەڕێوەبەریی و سیستم، لە هەوڵی ئەوەدا بوو تا بەو باوەڕەمان بگەیەنێت کە کوردستان لە نێو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا جەزیرەو نموونەی دیموکراسییە، ئەم بانگەشەیە جگە لەوەی کە نەیتوانی نەفەس درێژی خۆیمان پیشان بدات، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕووبەڕووی پرسیارو هەتا جۆرێک لە خاڵی بوونەوە بوویەوە.
خاڵی بوونەوەی ئەم بانگەشەیە ئەمڕۆ لە ساتەوەختی ڕەوشی ناجێگیری کوردستاندا لە کاتێک دایە کە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم لە جیاتی ئەوەی کە لە سەر ئەو باوەڕە سورترمان بکات، بە جۆرێکی تر کار لەسەر مەرگی دروستکردنی ئەو جەزیرە دیموکراتە دەکات.
دروستکردنی هێزی لابە بەلای سەربازی بەناو و بەهانەی نوێ، ئاماژەی گرنگن بۆ ئەوەی پێمان بڵێت حزبی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک نایەوێت کوردستان لە سەربازگەیەکی گەورە بەرەو زەمینەیەکی دیموکراتیک هەنگاو بنێت.
دروستکردنی هێزی نوێی سەربازی، جگە لەوەی کە دەیەوێت کۆتایی بە خەونی گوتارو پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە کوردستان بهێنێت، لە هەمان کاتدا دەیەوێت کوردستان بکاتە سەربازگەیەکی گەورەو مەرگی بانگەشەی دیموکراسی تێدا ڕابگەیەنێت.
چەکدارکردنی هەندێک لە حزبەکان و هاوکاریکردنیان ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی ئەوەمان پێ بڵێت کە هێزی هەر حزبێک لە هێزە سەربازییەکەی دایە، چەندە حزبی سیاسی لە هەرێمی کوردستان خاوەن هێزی تایبەتی خۆی بێت، هێندە زیاتر دەتوانێت لە سەر ساحەی سیاسی و ململانێکاندا بمێنێتەوە، مانەوەی ئەوان بەندە بە تۆکمەکردن و کارکردنی زیاتر بۆ دروستکردنی هێزی سەربازی بە ناوو کەسێتی و گرووپی جیاواز، کە خودی ئەم کارکردنە ئەوەمان پێ دەڵێت کە حزبی سیاسی لە باشووری کوردستان هێشتا قۆناغی مەترسیداری خۆی تێپەڕنەکردووە.
هەموو ئەو هەواڵانەی کە لەماوەی ئەم چەند مانگەدا سەبارەت بەدروستکردنی هێزی چەکداری بۆ هەندێک لە حزبە بچووکەکان بڵاوبوونەوە، بەو مانایە دێن کە حزبی سیاسی لە قۆناغی پێداچوونەوەیدا بۆ بەردەوامیدان بە کاری سیاسی بەو باوەڕە گەیشتووە کە کارکردن لە زەمینەیەکی تەواو سیاسی و مەدەنیدا ناتوانێت گەرەنتی مانەوەی خۆی لە داهاتووتدا بکات، هەر ئەمەش وادەکات حزبە بچووکەکان بۆ مانەوەی خۆیان و ئەو چەند سەد کەسەی کە لەپاڵیاندا کار دەکەن، لە پەنای حزبێکی گەورەتر لە ژێر ناوی هێزێکی سەربازی نەک سیاسی گەرەنتی مانەوەی خۆیان دەستەبەر بکەن.
پێ دەچێت لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی فشار بۆ سەر لایەن و حزبی دیکە، بارودۆخی ئەمڕۆی بۆ لەبار بێت تا بە ئاسانی هەنگاو بۆ چەکدارکردنی هەندێ حزبی بچووکی نزیک لە خۆی بنێت، ئەم هەنگاوە لەوەدا دەتوانێت خزمەت بە ئەوان بکات کە حزبە بچووکەکان لە ساحەی سیاسیدا هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی ئەتۆی سیاسیان نییەو لە کاری بەڕێوەبەریدا هیچ ئەرکێکیان پێ نەسپێردراوە، بۆیە چەکدارکردنیان یەکێک دەبێت لە هەنگاوانەی کە ئەمان لەژێر ناوی حزبی سیاسیەوە بکرێنە گرووپ و دەستەی جیاواز جیاوازی چەکداری. هەروەک ئەمەش بۆ ئەو حزبە بچووکانە لە بارودۆخێکی وەک ئێستای هەرێمدا دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زیاتر نەفەس بدەن.
مێژووی حزبە بچووکەکان و چەکداربوونیان، لە ڕابردوودا وەک حزبی ئیسلامی ئەوەیان پێ وتووین کە بۆ کار لە سەرکردنی دەرەکی و ناوخۆیی مادەیەکی خام-ن و بە ئاسانی دەڕۆنە ژێر کاریگەریی و لە بەرامبەر مانەوەیان تەسلیم دەبن، بەڵام ئەم تەسلیم بوونەیان دواجار دەبێت وەک مەترسی سەیر بکرێت، چونکە ئەوان وەختێک هاوکاری دەکرێن کە ئەمانج و بەرژەوەندی ئەوانی دیکە بپارێزن.
لەم ڕووەوە کارکردن لە سەر پڕۆژەی دروستکردنی هێزی چەکداری هەتا ئەگەر بە مۆڵەتیش بێت، دەبێت وەک یەکێک لە هەنگاوە هەرە مەترسیدارەکان لێی بڕواندرێت، ڕوانین لەو بابەتەو هەڵسەنگاندنی دەرەنجامەکانی، وەک ئەوەی لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەزموونمان کرد، داهاتووی پڕۆسەی سیاسی بەرەوە ململانێ و پێکدادانی زیاتر دەبات، هەروەک شێوەو پێکدادانەکانی ئەم جارە لە هی ساڵانی نۆوەدەکان سەخترو وێرانکاری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.