پەیامێکی د.محەمەد کیانی: لە تافی لاویما بەعس نەیتوانی لە ژورەکانی زیندانی ئەمن ورەم بشکێنێ
📝 بەڵگەنامەکان
قەدر و پێزانین بۆ دلسوزیتان
زۆر زۆر سوپاسی دلسۆزی و خەمخۆریتان یەک بە یەکتان دەکەن، هەتا ماوم قەرزباری گەورەییتانم لە بارەی بەدەنگەوە هاتن و پشتیوانیتان لێمان لەدوای دەستگیرکردنمان لەلایەن ئاسایشی هەولێر لە کاتی ئەنجامدانی گردبوونەوە بۆ پڕۆتێستۆکردنی شەری کوردکوژی و داواکردنی یەکریزی گەلەکەمان کە تاکە رێگایە بۆ سەرخستنی دۆزی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی ناوین. دەولەتانی دەوروبەر هەردەمە لە هەولی پەرتەوازەبوونی هیزەکانی گەلی کوردن بۆ لەباربردنی هەر هەڵێکی لەباری پێشوەجون و سەرکەوتنی دۆزی رەوای گەلەکەمان. دەبێ هەموو لایەنەکان، لە پێش هەمویانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو راستیە بزانن ئەگەر خەمخۆری بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کوردن دەبێ لە عەقلیەتی تاکڕەوی و هەژمونگەرایی بێنەخوارەوە و بەرژەوەندی تایبەت نەکەنە ئامانج و پەیوەندی دەرەکی بە دراوسێکانەوە لەسەر حیسابی یەکێتی نەتەوەیی نەبێت. هیوادارم گەل بکریتە سەنتەری چالاکیەکانی هەموو هیزەکان.
هیچ هێزێک و هیچ فشارێک رێرەوی وتنی راستی و کرداری راستیمان پێ ناگۆڕێت.
زۆر قەرزباری هەموتان لەوانەی لە فەیسبوک بە نوسین، بە کۆمێنت و بەلایک. ئەوانەی بە تویتەر و ئەوانەی بە واژۆ کۆکردنەوە و قسەکردن لە رادیو و تی ڤی و کەنالەکانی تری راگەیاندن و ئەوانەی پەیوەندی بە دەستگاکانی مافی مرۆڤ و سەفارەتەکان و قونسلیەتان کردووە. زۆر سوپاسی تەلەفیزیۆنەکان و رادیوکان دەکەن بۆ رۆماڵکردنی روداوەکە لەگەڵ ئەوانیشدا تی ڤی و سازییە میدیاکانی عەرەبی. هەروها زۆر سوپاسی هەولی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی عیراق و کوردستان دەکەم بۆ تەدەخولەکانیان لە رێگەی میدیا و لە رێی سەرۆک وەزیرانی حوکمەتی عێراق و دەستگاکانی مافی مرۆڤ. وەروها زۆر سوپاسی چالاکوانانی مافی مروڤ و NGO یەکان و زۆر سوپاسی و قەرزباری ئەو هەموو خزم و دۆست و برادەر و خەمخۆرانەم بە تەلەفۆن و زیارەتی کەسوکار و ئەوانەی ئامادە بوون بەرگریم لێ بکەن بە هەر جۆرێک بێت. ئێوە هەموو سەروەری منن و تا مردن قەرزبارتانم و هیوادارم جێگەی ئەم متمانە و باوەریە بم کە بەرامبەر من نیشانتان داوە. ئێوە سەروەی ئێمەن. یەک وشە دەڵێم: لە تافی لاویما بەعس نەیتوانی لە ژورەکانی زیندانی ئەمن ورەم بشکێنێ. ئێستاش تەمەنێک ژیاوم، ئەوەی ماوە لە زیادەیە، هەر کەس و دەسەڵاتێک لەسەر هەوڵوێست و راستی وتن بە بەرژەوەندی گەل و خەلکی ستەم دیدە و بەرگری کردن لە بەرژەوەندیەکانیان خوازیارە کۆتایی بەژیانم بێنێنت با خوێنی من بۆ ئەوان بێت. سەرکەوتن بۆ راستی و دادپەروەری و گەلە.
لە کاتی دەستگیرکردنمان مانم لە خواردن گرت تا ئازادیان کردین بۆ ئەوەی بزانین بۆ دەستگیر کراوین لەبەر ئەوەی هیچ تاوانێکمان بەرەوروو نەکراوە، دەرکەوت بە نایاسای حجز کرابوویین نەک دەستگیرکردن. ئێستاش تاوانایان نەدایەنە پاڵ. نا بۆ بێتوان دەستگیر کردن، نا بۆ وڵاتی تاکە کەس و بنەماڵە، نا بۆ ناعەدالەتی داد و کۆمەڵایەتی، نا بۆ دەستەمۆ و دەمکوتکردنی هاوڵاتیان نا بۆ وڵاتی بەکۆیلەکردن و هاوڵاتی کۆیلە، بەڵێ بۆ ئازدی بیراوڕا و تاک و کۆمەڵگە و ژن و مافی ژن مرۆڤ، بەڵێ بۆ ئاشتی و دادی دادوەری و کۆمەڵایەتی. نیشتمانێکی ئازاد بۆ گەلێکی ئازاد و سەربەرز، گەلی سەربەرز شایستەی وڵاتی سەربەخۆ و ئازادە.
گرنگتر لە هەموو شت دەبێ هەوڵ و کەمپێین بۆ ئازادکردنی رۆژنامەنووس سوارەی مام مەحمود بەردەوام بێت کە لە گەڵ ئێمە دەستگیرا کرا تا ئازاد دەکرێت.
زۆر و زۆر سوپاس بۆ هەمووتان
محەمەد کیانی