داعشە کوردەکانی رۆژهەڵات روو لە ئەفغانستان دەکەن
رووداو- هەولێر
پێنج چەکدار لە ژوورێکدا دانیشتوون، هەر یەکێکیان چەکێکی بەدەستەوەیە. سێ لە چەکدارەکان دەمامکدارن، دووەکەی دیکە پشتیان لە کامێرا کردووە. یەکێک لە چەکدارە دەمامکدارەکان کە جگە لە چەکەکەی باوەشی دەمانچەیەکیشی بەدەستەوەیە، سەرەتا دوعایەک بە عەرەبی دەخوێنێت و دواتر پەیامێک بە کوردی دەخوێنێتەوە و خۆیان وەک یەکەم کەتیبەی
داعشداعش لە
ئێرانئێران دەناسێنێ و هەڕەشە لە رافیزەکان (شیعە مەزهەبەکان) دەکات و هەروەها داوا لە موسوڵمانان دەکات درێژە بە رێگاکەی ئەوان بدەن.
هەندێک لە نیشانەکانی نێو ژوورەکە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەو شوێنەی ڤیدیۆکەی تێدا گیراوە نێوخۆی ئێرانە. ئەو ڤیدیۆیە لەلایەن پێگەی ئەعماقی سەر بە داعش بڵاوکرایەوە. ئەوانە هەمان ئەو پێنج کەسەن کە رۆژی 07-06-2017 تارانی پایتەختی ئێرانیان شڵەژاند.
لە ڤیدیۆیەکدا کە تەلەفزیۆنی ئێران بڵاوی کردەوە، ئەوان بەیعەت بە داعش دەدەن. هێرشی ئەوان یەکەم چالاکیی داعش لە ئێراندا دەبێت، هەرچەندە وەزیری ئیتلاعاتی ئێران گوتی 100 گرووپی دیکەی لەمجۆرەیان لەنێو بردووە.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، رۆژێک دوای هێرشەکە رایگەیاند ئەوان خەڵکی رۆژئاوای ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستانن) و لە رەققە و مووسڵ چالاکییان بۆ داعش کردووە. ساڵی رابردوو بە فەرماندەیی کەسێک بەناوی ئەبو عایشە، دزەیان کردووەتە نێو ئێران.
نێوەڕاستی هاوینی ساڵی رابردوو بوو کە ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاند: لە کرماشان و جوانڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر دوو گرووپی داعش و بە تەواوەتی لەناویان بردوون. بەڵام ئیتلاعات لە راگەیەندراوی هەفتەی رابردوویدا گوتی: چەند کەسێکیان هەڵاتوون.
سەرچاوەیەک لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە (رووداو)ی گوت: سێ لەوانەی هێرشەکەی تارانیان ئەنجامدا قەت نەچوونەتە نێو داعش. هەر لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، بەڵام دوو کەسیان بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ لەنێو داعشدا بوون لە عێراق و سووریا. چەند کەسێک لەوان بۆ ماوەی چەند مانگێک دەستبەسەرکراون، بەڵام هیچ شتێکیان لەسەر ساخ نەبووەتەوە، بۆیە دواتر ئازادکراون.
ئیسلامییە توندڕەوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێش ئەوەی داعش دروست بکرێ، پەیوەندییان بە بەرەی نوسرەوە هەبووە و بۆ جیهاد لە سووریا، لە ریزەکانی بەرەی نوسرەی پێشوو (هەیئەی تەحریری شامی ئێستا) چالاکییان هەبووە.
ساڵی 2013 کە داعش لە بەرەی نوسرە جیا دەبێتەوە، زۆربەی رۆژهەڵاتییەکان بەیعەت بە داعش دەدەن. هەر بە هەمانشێوە سەلەفییەکانی نێو رۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ سەر دوو بەرە دابەش دەبن.
راگەیاندنی خەلافەت لە ساڵی 2014دا لەلایەن داعشەوە، بووە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتییەکان زیاتر بەرەو لای داعش بکشێن، بەگوتەی موختار هۆشمەند کە لێکۆلینڤانێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە، پڕوپاگەندەی داعشیش کاریگەریی زۆری لەسەر راکێشانی رۆژهەڵاتییەکان هەبووە.
بەپێی ئاماری نافەرمی، لە سەرەتای قەیرانی سووریا و دروستکردنی بەرەی نوسرەوە تاوەکوو کاتی جیابوونەوەی داعش لە بەرە، نزیکەی 150 کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەندییان بە بەرەی نووسرەوە کردبوو.
لە دوای جیابوونەوەش زیاتر روویان لە داعش کردووە. تا کاتی راگەیاندنی خەلافەت 150 تاوەکوو 180 کوردی رۆژهەڵات لەنێو داعشدا بوون. بەگوتەی موختار هوشمەند، لە دوای راگەیاندنی خەلافەت رێژەی رۆیشتنی رۆژهەڵاتییەکان بۆ نێو داعش چەند قات زیاتر بووە و ئەم رەوتە تا نیوەی ساڵی 2015 بەردەوام بووە.
بەگشتی 350 تا 400 کەس چوونەتە نێو داعش و لەم ژمارەیەش 150 تا 170 کەسیان کوژراون یان بێسەروشوێنن. موختار هوشمەند کە لێکۆڵینەوە لەسەر رەوتە ئیسلامگەرا و سەلەفییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، دەڵێ 50 تاوەکوو 60 کەسیان گەڕاونەتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
بەشێک لەوانەی گەڕاونەتەوە، حوکمدراون و هەندێکیان هێشتا لە زیندانن. ئەوانەی حوکم دراون حوکمێکی کەمیان بەسەردا سەپێندراوە کە دوو تاوەکوو شەش ساڵ دەبێ. بەڵام بەشی زۆریان حوکم نەدراون و ئازادکراون.
موختار هوشمەند دەڵێ: ئێستا رۆژهەڵاتییەکانی لایەنگری داعش زیاتر روو لە ئەفغانستان دەکەن. هۆکاریش ئەوەیە کە داعش بڕیاری داوە موجاهید و خۆبەخشەکان روو لەو وڵاتە بکەن.
لە روانگەی هۆشمەندەوە، هۆکاری ئەم بڕیارەش بۆ بێهیوابوونی داعش لە عێراق و سووریا و گەڕانەوە بۆ چالاکی نهێنی لەو وڵاتانەدا دەگەڕێتەوە. داعش 32 ویلایەتی هەیە کە 17 ویلایەتیان لە عێراق و سووریان و 15 ویلایەتەکەی دیکەش لە وڵاتانی دیکەن، بەڵام لەنێو هەموو ئەوانەدا فلیپین، بیابانی سینا لە میسر و ئەفغانستان لە هەمووان بۆ داعش گونجاوترن. لەنێو ئەم سێ وڵاتەشدا ئەفغانستان لە هەموویان گونجاترە.
شارەزایان دەڵێن حکومەتی ئێران گوشار بۆ رەوتە سەلەفییەکان ناهێنێ، بەجۆرێک کە زۆر ئازادانە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا چالاکی دەکەن. لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستاندا پێنج رەوتی ئیسلامی هەن کە بریتین لە (مەکتەب قورئان، مەکتەب قورئانی کوردستان، جەماعەتی دەعوە و ئیسڵاح، داعش، ئەلقاعیدە و ئەنسارولئیسلام).
سێ رەوتی یەکەم چالاکیی مەدەنی دەکەن و بە رەوتی میانڕەو ناسراون. لە ساڵانی رابردوودا زۆر جاران ئەندامانی مەکتەب قورئان بە بچووکترین بیانوو دەستبەسەر کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە و هەندێکیان تا ئاستی لەسێدارەدان سزا دراون، بەڵام رەوتە ئیسلامییە توندڕەوەکان ئەو گوشارەیان لەسەر نەبووە.
بەگوتەی هۆشمەند، حکومەتی ئێران، تەنانەت ئەو کەسانەش کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر رەوتە توندڕەوەکان کردووە، بکوژانی سەلەفییەکانی دەستبەسەر کردووە و سزای قورسی بەسەریاندا سەپاندووە، هەروەها سەلەفییەکان بۆ زۆر لە چالاکییەکانیان ئازادبوون کە هەموو ئەمانە گومان لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و گرووپە سەلەفییەکان دروست دەکات.
نموونەش مەلا محەممەد عەلەوی کە لە گوندی یەکشەوە لە نزیک سەقز وتار دەدات و هەفتانە چەندین هەزار کەس لە وتارەکانیدا ئامادە دەبن. هەروەها مەلا عەبدوڵڵا ساڵحی هەرێمی دۆڵ، مەلا عوسمان سەقزی و مەلا عەبدولحەمید عالی لە کەسانی ناسراوی سەلەفین کە بە ئاشکرا لە مزگەوتەکان بانگەشەی بیری سەلەفیەت دەکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران زوو زوو گوشار بۆ مەلا میانڕەوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبات، لە نموونەی ئەوانەش مەلا ساڵحی گوڵنەواز لە شاری سەردەشت.
سەبارەت بە هێرشەکەی تاران، خاڵی جێی گومان زۆر هەیە. موختار هۆشمەند دەڵێت: دوور نییە ئێران چاوپۆشی لە هێرشەکەی ئەوان کردبێ، چونکە هەم داعش و هەمیش کۆماری ئیسلامی پێویستیان بە شتێکی لەم بابەتە هەبوو.
خاڵی جێی گومانی دیکەش ئەوەیە کە ساڵی 2014 ماڵپەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش راپۆرتێکی لەسەر چالاکی ئیسلامگەراکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردبووەوە، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە ناوی سریاس سادقی یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی تاران کرابوو کە پڕوپاگەندەی بۆ داعش کردبوو، بەڵام ئێران چاوپۆشی لێکردبوو.
⚠️ Այս տարրը գրվել է (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) լեզվով, սեղմեք պատկերակը
բացել իրը բնագրի լեզվով
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!