نیوەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان کەمە
📊 ئامار و راپرسی
بەرپرسێکی
وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستانوەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ئەنجامی رووپێوییەک دەرکەوتووە بەهۆی درێژەکێشانی قەیرانی دارایی، سیستەمی پاشەکەوتی مووچە و وەستانی کار لەزۆربەی پرۆژەکان زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان وەک پێویست توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە.
ئەو رووپێوییە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لەلایەن
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستاندەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بەهاوکاری رێکخراوی جیهانیی خۆراک (WFP)، دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق و هەردوو
وەزارەتی تەندروستیی عێراقوەزارەتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رەوشی ئاسایشی خۆراکی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کراوە. دەرکەوتووە 59.4%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کەمتر پارێزراون لەڕووی خۆراک، واتە وەک پێویست توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە، 2.1% دانیشتووانیش پارێزراو نین لەڕووی خۆراک.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان هەندێک لە ئەنجامەکانی ئەو رووپێویەی بۆ (رووداو) ئاشکرا کرد و گوتی بۆمان دەرکەوت 59.4%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئاسایشی خۆراکەوە دەکەونە خانەی کەمتر پارێزراو، واتە بۆ دەستکەوتنی خۆراکی رۆژانەیان پەنایان بۆ پەیڕەوکردنی یەکێک یان زیاتر لەو بڕگانە بردووە کە لەپێناسی رێکخراوی فاودا هاتووە.
سیروان محەممەد دەڵێت لە رووپێوییەکە بۆمان دەرکەوتووە هەندێ خێزان لە جیاتی سێ ژەم، دوو ژەم نان دەخۆن، یان بڕێکی کەمتر خۆراکیان لە ژەمەکان خواردووە، یان بۆ دابینکردنی خۆراک قەرزیان کردووە، کاڵای ناوماڵ و ئۆتۆمبیل و خانوویان فرۆشتووە. تەنانەت 2.1%ی دانیشتووان ناپارێزراون لەڕووی ئاسایشی خۆراک، واتە توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 614 هەزار کەس بووە. بەپێی داتاکانی ئەم رووپێوییە بێت، زیاتر لە سێ ملیۆن و 334 هەزار کەس وەک پێویست توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە.
رەوشی ئاسایشی خۆراک لەشارەکانی باشووری کوردستان جیاوازە؛ لە هەولێر 47% دانیشتووانەکەی زۆرترین پارێزراون لەڕووی خۆراکەوە، سلێمانی 32% دانیشتووانەکەی زۆرترین پارێزراون، دهۆک 35%ی دانیشتووانەکەی زۆرترین پارێزراون.
لە هەولێر 51% دانیشتووان کەمتر پارێزراون لەڕووی خۆراکەوە، لە سلێمانی رەوشەکە خراپترە و 66%ی دانیشتووانی کەمتر پارێزراون، هەرچی پارێزگای دهۆکیشە 63% دانیشتووانەکەی کەمتر پارێزراون لەڕووی خۆراکەوە.
سیروان محەممەد دەڵێت لەدوای ساڵی 2015 بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، شەڕی داعش، قەیرانی دارایی و وەستانی کار لەزۆربەی پڕۆژەکان داهاتی تاک و خێزان لەهەرێمی کوردستان رووی لە کەمیکرد، نزیکەی 45 هەزار کەس بێکاربوون، ئەوەش وایکرد رێژەی بێکاری بۆ 13.53% بەرزببێتەوە و رەوشی ئاسایشی خۆراکی خەڵک لاواز بێت.
رەوشی ئاسایشی خۆراک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان
پارێزراو لەڕووی خۆراک:
- کێشەی دابینکردنی خۆراکیان نییە
هەولێر 47%، سلێمانی 32%، دهۆک 35%
- کەمتر پارێزراو لەڕووی خۆراک:
- بە رێگەی جیاواز توانیویانە درێژە بە ژیانیان بدەن
هەولێر 51%، سلێمانی 66% و دهۆک 63%
- ناپارێزراو لەڕووی خۆراک:
- توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نییە
هەولێر 2%، سلێمانی 2% و دهۆک 3%
رووداو
20-06-2017