رێکەوت زەکی: 35 تانکەری ژەهر هێنراونەتە سلێمانی نەک بەنزین
📊 Amar u Rapirsîya
#ئەنجوومەنی پارێزگای #سلێمانی# بۆ گفتوگۆکردن و بەدواداچوون لەسەر چەند پرسێک کۆبووەوە. تەوەری گەرمی کۆبوونەوەکەش پرسی هێنانی ئەو 35 تانکەرە بەنزینە بوو کە لە مەرزی باشماخەوە هێنرابوونە نێو شاری سلێمانی. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێ، 35 تانکەری ژەهر هێنراونەتە سلێمانی نەک بەنزین.
سامان بەشارەتی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: لە 36ەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک کرا و بەدواداچوونیان بۆ کرا، تەوەری گەرمی کۆبوونەوەکەش پرسی هێنانی ئەو 35 تانکەرە بەنزینە بوو کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە مەرزی باشماخەوە هێنرابوونە نێو شاری سلێمانی، کە ماددەیەکی ژەهراوییان تێدایە، ئەگەر دەست بەسەر ئەو تانکەرانەدا نەگیرابووایە، ئەوا لەکاتی بەکارهێنانی بەنزینەکەدا ماددەیەکی ژەهراوی دەردەکرد و دەبووە هۆی تووشبوونی خەڵک بە شێرپەنجە.
رێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکدا لەبارەی مەترسییەکانی هێنانی ئەو تانکەرە بەنزینانە بۆ نێو سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: ئەو ماددەیەی لەنێو بەنزینەکەدایە، ماددەیەکی کوشندەیە، دەتوانین بڵێین 35 تانکەری ژەهر نەک بەنزین هێنرابوونە سلێمانی، ئیجرائات و پەرۆشییەکەی ئێمەش لەسەر ئەوەیە، رێگە بگیرێت لەوەی کاری لەمجۆرە دووبارەببێتەوە، ئەو کۆمپانیایەشی ئەو کارەی کردووە، مۆڵەتەکەی هەڵبووەشێندرێتەوە، بەهەمان ئەندازەش پێویستە ئیجرائات لەگەڵ فەرمانبەرە حکومییەکان بکرێت، جا بەرپرس بن یان فەرمانبەری ئاسایی.
ئەو تانکەرە ژەهرانە لە خاڵی سنووری باشماخ ئۆکەیان بۆ کراوە و هاتوونەتە سلێمانی، رێکەوت زەکی دەڵێت: لە دەرەنجامی دەستکەوتنی زانیاری دزەپێکراو (ئیخباریکردن) دەست بەسەر ئەو تانکەرە ژەهرانەدا گیراوە، رەنگە ئەوانە وەکو باندی مافیایی لەنێوان خۆیان پێکنەهاتبن و ئیخبارییان لەیەک کردبێت، گومانی زۆریش هەیە پێشتریش حاڵەتی لەمجۆرە روویدابێت.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ: ئێمە لەو کۆبوونەوەیەدا پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد ئەو بەرپرسە حکومییانەی لە خاڵی سنووریی باشماخ و لە سلێمانی لەم کارە بەرپرسن، لە کارکردن سڕبکرێن تاوەکو لە دادگا یەکلادەبێتەوە، چونکە ئەو بابەتە بەقەد تیرۆر مەترسی هەیە و ئومێدیشم وایە دادگا بەزووترین کات یەکلایی بکاتەوە.
رووداو
20-06-2017
⚠️ Ev babet bi zimana (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!