راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی شکستی تیرۆریستانی داعش لەشاری موسڵ
📝 بەڵگەنامەکان
ئەمرۆ (29/6/ 2017) سەرۆک وەزیرانی
عێراقی فیدرالعێراقی فیدرال بەرەسمی تێکشکاندنی تیرۆریستانی
داعشداعشی لەشاری
موسڵموسڵ راگەیاند، کە سێ ساڵ لەمەوبەرو لەهەمان مانگدا داعش وەک پایتەختی خەلافەتەکەی دیاری کرد.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتی خۆیداو لەبەیاننامەیەکدا لە(10)ی حوزەیرانی ساڵی 2014، کەوتنی موسڵی بەسەرەتایەکی مەترسیدار ناوبردو رایگەیاندبوو گۆڕینی ستراتیژی عەسکەری تیرۆریستان، لە تاکتیکی شەڕی لابەلای ڕەشەکوژییەوە، بۆ هێرشی بەرەیی فراوانی کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگاکان، رووداوی راگوزەر نییه و پەیوەندی راستەوخۆی بە پیلانی فراوانی ناوچەکه و هێزە کۆنەپەرستەکانەوە هەیە، ئاشکراشە، ئەمجۆرە ستراتیژەی شەڕی بەرەیی فراوان، توانای عەسکەری و لۆجستی زۆرو زەبەندی دەوێ، کە بەبێ پشتیوانی دەوڵەتان، لە دۆخێکی وەکو عیراقدا، مەحاڵە ئه و توانایانە، دابینبکرێن.
دوای ماوەیەکی کەم لەکەوتنی موسڵ، داعش پەلاماری ناوچە دابرێنداروەکانی کوردستانی دا. لە
شنگالشنگال، کوردانی ئێزیدی جینۆساید کرد و هەزاران هاوڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون و سەدانی تریش بێ سەروشوێنکران یان دوور لەهەموو ماف و بەهایەکی مرۆڤ، وەک کۆیلە مامەلەیان پێوەکرا و ژمارەیەک شارو شارۆچکە و گوندیش کاوڵکران. یەکێتی پێشترو لەهەمان بەیاننامەدا هۆشداری دابوو لەبارەی بوونی مەترسی لەسەر ناوچە دابرێندراوەکان و دەستپێکردنی هێڕش و دژەهێڕش بۆ سەر داعش.
لەکاتێکدا بەبۆنەی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لە موسڵ، پیرۆزبایی لەگەلی کوردستان و گەلانی عێراق و هەموو ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان دەکەین، سەری رێز لەئاست گۆڕی پیرۆزی شەهیدان دادەنوێنن، کە گیانی خۆیان بەختکرد لەپێناوی پاراستنی کوردستان و مرۆڤایەتی، لەدڕندایەتی تیرۆریستانی داعش. سڵاوی خۆراگریش بۆ بریندارەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانیش دەنێرین.
بەسڵاوێکی گەرمیشەوە پیرۆزبایی لەهێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێزەکانی دژەتیرۆرو ئاسایشی ناوخۆ، پێشمەرگە دێرینەکان و خۆبەخشەکان، هەموو هێزە تێکۆشەرەکانی تری ناو سەنگەری روبەروبونەوەی تیرۆر دەکەین، کە داعشیان روبەروی شکستی گەورە کردەوه و بوونە سیمیولی ئازایەتی و پاراستنی مرۆڤایەتی. گورزە کەمەرشکێنەکانی پێشمەرگە داعشی زیاتر لاوازکرد و سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی عێراقیش ئاسانترکرد.
لەرووی مرۆییشەوە، هەرێمی کوردستان زیاتر لەدوو ملیۆن ئاوارەی لەخۆگرت، سەرباری بوونی قەیرانی دارایی بەباشترین شێوە پێشوازیان لێکراو گەلی کوردستانیش نمونەیەکی بەرزی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی پێشکەشکرد.
ڕزگارکردنی موسڵ وەک پایتەختی خەلەفەتەکەی داعش، لەرووی مەعنەویی و ستراتیژییەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە و کۆتاییهاتنی قۆناغێکی سەخت و خوێناوی جەنگی روبەرووبونەوەی تیرۆرو توندڕەوییە. بەڵام بەمانای کۆتاییهاتنی مەترسی تیرۆر و توندڕەوی لەناوچەکەدا نایەت، چونکە هێشتا ئەرکی گرنگ و قۆناغی تری تێکشکاندن و ڕیشەکێشکردنی تیرۆر ماوە، کە گرنگترینیان بریتیە لە:
1. ستراتیژی فکری و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بۆ ریشەکێشکردنی بیری داعش پەسەند بکری، هەروەها بەگژاچوونەوه و بنەبڕکردنی ئه و هۆکارانەی زەمینەی بەرهەمهێنانی بیری توندڕەوی و تیرۆر دەرەخسێنن لەکۆمەڵ.
2. ووشکردنی سەرچاوە دارایی و ماڵی و لۆجستیەکانی تیرۆر، کە پێویستی بەهەماهەنگی نێودەوڵەتی و رێوشوێنی یاسایی و سەربازی فراوان هەیە.
3. کردنەوەی کەیسی یاسایی بۆ تاوانەکانی داعش لەدادگا نێودەوڵەتیەکان و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەرئاستی پەرلەمانی وڵاتان، بەتایبەتی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی و ڕزگارکردن و ئاشکردنی چارەنوسی رفێنراوو بێسەروشوێنکراوەکان.
4. درێژەپێدانی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنیەکان لەلایەن هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی تیرۆریستانی داعش بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی حەویجە و پرچەککردن و مەشقپێکردنی زیاتری هێزی پێشمەرگە.
5. ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکراوەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و دابینکردنی پێدوایستیەکانی ژیان بۆیان.
6. قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکانی عێراق.
دوای ڕزگارکردنی موسڵ، هەلومەرجێکی نوێ لەعێراق و ناوچەکە دێتەئاراوە، ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکری مەترسی جۆراجۆر دەخوڵقێی. حکومەتی عێراق بەپرۆژەیەکی نوێی ئاشتەوایی و گەرانەوە بۆ دەستورو تەوافق، کێشەکانی عێراق چارەسەر بکات، بەتایبەتی ئه و کێشانەی بوون بەهۆی ئەوەی داعش هەلومەرجەکە بقۆزێتەوه و رووبەروێکی بەرچاو لە خاکی عێراق داگیربکات. بۆ ئەوەی دەرگا لەسەر گفتوگۆیەکی بەرپرسیارانە بکرێتەوە لەنێوان لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی گفتوگۆ لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
بۆ گەلی کوردستان هەل و دەرفەتی مێژوویی و مەترسیشی لەخۆگرتووە، تاکە زامنیش بۆ کورد یەکریزی نیشتمانی و چارەسەرکردنی کێشە سیاسیەکانی هێزە سیاسیەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمانە، تاوەکو بەستراتیژێکی نیشتمانیی یەکگرتوو خۆی بۆ هەلومەرجەکە ئامادەبکات و رووبەرووی ئه و مەترسیانەش ببێتەوە، کە ئەگەری سەرهەڵدانیان هەیە.
- پیرۆزبێ تێکشکاندنی تیرۆریستان لە موسڵ و رۆژی داڕمانی خەلافەتی داعش...
- سەرکەوتن بۆ ئازادیخوازان و بەرەی دژەتیرۆر...
- سڵاو لە شەهیدان. بژی پێشمەرگە و هێزە تێکۆشەرەکانی ناو سەنگەری تێکشکاندنی تیرۆر...
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
29-06-2017