ئاماری 2 ساڵ شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی سوپای تورکیا
ئەمڕۆ ڕێکەوتی 24-07-2017 ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (
هەپەگەهەپەگە) ئاماری 2 ساڵ شەڕی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی سوپای تورکیا بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئاماری شەڕی ڕۆژی 24ی تەمووزی 2015 تاوەکو 24ی تەمووزی 2017 خراوەتەڕوو.
بەپێی ئامارەکەی هەپەگە لەو 2 ساڵەدا، سوپای تورکیا 746 ئۆپراسیۆنی وشکانی و هەزار و 246 هێرشی ئاسمانیی بە فڕۆکەی جەنگی و کۆپتەری جەنگیی جۆری کوبرا و 2 هەزار 338 هێرش و بۆردومانیش لە ڕێگەی تۆپ و تانک و هاوەنەوە لە دژی گەریلاکانیان ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ماوەیەدا، 333 شەڕ ڕوویداوە و گەریلاش 2 هەزار و 239 چالاکیی لە دژی هێزەکانی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و تا ئێستا ئەنجامی 559 چالاکیی گەریلاکانیان بۆ ڕوون نەبووەتەوە.
هەپەگە ڕاشیگەیاندووە، لە 2 ساڵی ڕابردوودا لە شەڕەکانی باکووری کوردستاندا 6 هەزار و 353 سەرباز و پۆلیسی تورکیا کوژراون، کە 72 کەسیان بەرپرسانی باڵای سوپا و پۆلیسی تورکیا بوون، هەروەها 2 هەزار و 261 پۆلیس و سەربازیش لەو شەڕانەدا برینداربوون.
هەپەگە باسی ئەوەشیکردووە، لەو ماوەیەدا فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 16 و 5 کۆپتەری جەنگیی جۆری کوبرا و 5 کۆپتەری جۆری سکۆرسکی لەلایەن گەریلاکانیانەوە خراونەتە خوارەوە و 85 کۆپتەری کوبرا و سکۆرسکیش پێکراون و زیانیان پێگەیشتوە. هەروەها 376 زرێپۆشی سوپای تورکیا لەلایەن گەریلاکانیان تەقێنراونەتەوە، کە 15 دانەیان تانک بوون و 206 زڕێپۆشی تریش لەلایەن گەریلاکانیانەوە پێکراوە و زیانیان پێگەیشتووە، کە 6 دانەیان تانک بووە.
هەپەگە لەبارەی زیانی گەریلاکانیانەوە بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا هەزار و 116 گەریلا شەهیدبوون و 30 گەریلاش لەلایەن سوپای تورکیا و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دیلکراون.
تا ئێستا میدیای فەرمیی حکومەتی تورکیا لەبارەی ئەو ڕاگەیاندراوەی هەپەگەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە.
شەڕ لە دوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی
لە دوای ئەوەی شەوی 24ی تەمووزی 2015 و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی لۆزاندا، 85 فڕۆکەی جەنگیی تورکیا هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگای گەریلاکانی پەکەکە، پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان کۆتایی پێهات و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین پێکدادان لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی سوپای تورکیادا لەناوچە جیاجیاکانی باکووری کوردستان ڕوویانداوە.
لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە، حکومەتی تورکیا لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان قەدەغەی هاتووچۆ و باری نائاسایی سەربازیی ڕاگەیاندووە و بەو هۆیەوە شارەکانی جزیرە، سلۆپی، گەڤەر، نسێبین، ناوچەی سووری ئامەد، کەربۆران، شڕنەخ لەلایەن سوپای تورکیاوە گەمارۆدران و هێرشیان کرایە سەر و سوپا و حکومەتی تورکیا زۆربەی ئەو شوێنانەیان وێرانکرد و زیاتر لە 500 هەزار هاووڵاتیشیان ئاوارە کرد و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژیانی نزیکەی 2 ملیۆن هاووڵاتی دروستکردووە.
لە بەردەوامی پێشهاتەکانی باکووری کوردستاندا و دۆخی کۆتایهاتن بە پرۆسەی ئاشتی حکومەتی تورکیا تا ئیستا نزیکەی 12 هەزار ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە و دەبەپەی زیندانیکردووە، 12 پەرلەمانتاری هەدەپە، 72 هاوسەرۆک شارەوانیی دەبەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی ئەو کاتەی هەدەپە و سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکی دەبەپە و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی ئامەد، وان، دێرسیم، سێرت، شڕنەخ، بەدلیس، جۆلەمێرگ و ئاگرییان لە ناودایە.
24-07-2017
⚠️ دون هذا السجل بلغة (🏳️ کوردیی ناوەڕاست)، انقر علی ايقونة
لفتح السجل باللغة المدونة!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!