ساڵی رابردوو 66 ژن کوژراون و خۆیان کوشتووە
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
لەماوەی ساڵی رابردوودا 66 ژن کوژراون و خۆیان کوشتووەو 64 کرێکاری هەرێم و بیانی گیانیان لەدەستداوە ئەوەش بەپێی راپۆرتێک کە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بڵاویکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تەمووز زیا پتروس سلێوا، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێری پایتەخت ناوەڕۆکی راپۆرتی دەستەکەی بۆ ساڵی 2016 بڵاوکردەوە و رایگەیاندیاسا لە هەرێمی کوردستان وەک پێویست جێبەجێ نەکراوەو رەوشی مافەکانی مرۆڤیش بە بەراورد بە 2015، بەرەو خراپتر چووەو هۆکارەکەشی نەبوونی یاسا نیە بەڵکوو جێبەجێنەکردنی یاسایە و تێکەڵاوی دەسەڵاتەکانی دادوەرییە.
وتیشیرەوشی منداڵ و ئافرەتان زۆرخراپەو لە قەیران و جەنگدا ئافرەتان و منداڵان قوربانی سەرەکین و لەماوەی 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2016 دا 66 ژن خۆیان کوشتوەو کوژراون و 64 کرێکاری بیانی و خۆماڵی لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راپۆرتەکە لەرووی تەندروستیەوە زیاتر لە پێنج هەزار نەخۆشی دەرونی پێویستیان بەنەخۆشخانەی دەرونی هەیەو 2900 منداڵ نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە تەنها سێ سەنتەر هەیە بۆ چارەسەرکردنیان و 10418 نەخۆشی سالاسیما هەیە و کەمتەرخەمی لە چارەسەرکردنیان هەیە.
25-07-2017