بەهۆی ئاونەدانی درەخت و باخچەکانی شاری #کەرکوک# و گرنگیی نەدان بە ژینگەی شارەکە، ئەو ڕێژە کەمە سەوزاییەی، کە تێیدایە وردە وردە وشک دەکات و خەریکە سەوزایی ماڵئاوایی یەکجاریی لە کەرکوک دەکات.
لە شاری کەرکوک چەندین بیری نەوت و کارگە و پاڵاوگەی وەبەرهێنانی نەوت بوونی هەیە، بۆیە ژینگەی شارەکە بەتەواویی پیس بووە و باخچە و درەختەکانی شارەکەش بەشیکی زۆریان وشک بوون.
ئاکۆ فەریق، هاوڵاتییەکی شاری کەرکوک، لە بارەی ژینگەی شارەکەوە، بە ڕۆژنیوزی وت:ژینگەی کەرکوک ژینگەیەکی پیسە و گونجاو نییە بۆ ژیان، هۆکارەکەشی بۆ دەرهێنانی نەوت و بوونی چەندین پاڵاوگەی ئەهلی لە شارەکە دەگەڕێتەوە.
ئاکۆ فەریق، وتیشی:دار و درخت لە شاری کەرکوک کەم هەیە و بۆ ئەوەی ئۆکسجین و هەوای پاک ببەخشێت بە هاوڵاتیان، نه هاوڵاتی و نە حکومەت هەوڵیان نەداوە ڕێژەی سەوزایی لەشارەکە زیاد بکەن، وەیان پشتێنەیەکی سەوزی ژینگەی لە دەرەوەی شار دروست بکرێت.
شادومان محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەی کەرکوکە و لەسەر هەمان پرس بە ڕۆژنیوزی وت:باخچە و ژینگەی بازڕامان بە تەواویی پیس بووە، حکومەت بەرپرسیاری یەکەمە لە خراپی ژینگەی ئەم شارە، بەڵام هاوڵاتی-ش بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە هاوڵاتی خۆڵ و خاشاک فڕێ دەدات.
ئاماژەی بۆ کەمیی سەوزایی کرد لە شارەکە و وتی:حکومەت تا ئێستا دارێکی لەم شارە نەڕواندووە، وڵاتی تورکیا لەسایەی نەوتی شاری کەرکوکەوە بووە بە وڵاتێکی گەشتیاریی، بەڵام حکومەت دووکەڵەی نەوتەکە دەرخواردی ئێمەی هاوڵاتی دەدات و پارەکەش دەکاتە قوڕگی تورکیاوە.
شکۆفە مەحمود، ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، ڕێژەیەکی مەترسیداریی سەوزایی کەرکوکی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکراکرد و وتی:بە پێی ستانداردی جیهانیی، دەبێت ڕێژەی سەوزایی لە هەر شارێک، لە هەر 100 مەتر دووجایەک-دا 15 مەتر دووجای سەوزایی بێت، بەڵام شاری کەرکوک زۆر لەم ڕێژەیەوە دوورە، بە پێی نوێترین ئامار ڕێژەی سەوزایی لەشارەکە تەنیا 2% ە.
شکۆفە، وتیشی:فەرمانگەکانی شاری کەرکوک و کۆمەڵەکەی ئێمە هەوڵیان داوە بۆ زیادکردنی سەوزایی، بەڵام هەوڵەکان کەمن و ناگاتە ئەوەی، کە مەترسییەکانی ژینگە لە شارەکە بڕەوێنینەوە، چونکە شارەکە لە ناو چەندین کێڵگەی نەوتیدایە، لە ئەنجامی دەرهێنانی نەوت دووکەڵی ڕەش دایپۆشیەوە، جگە لەمەش لە ئێستادا کار کردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە شارەکە زیادیکردووە، ئەمەش هۆکارە بۆ خراپ بوونی ژینگەی شارەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد:لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، چەندین باخچە لە شارەکە دروستکران، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی کارمەند و قەیرانی دارییەوە، باخچەکان بەشێکیان وشک بوون.
ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، ئاماژەی بە مەترسیی ژینگەی کەرکوک کرد لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و وتی:بە پێی نوێترین توێژینەوە، بەشێک لە نەخۆشی ژێرپەنجەی مەمکی ژنان، نەخۆشی تالاسیما و ڕەبۆ هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئه و هەموو دووکەڵەی، کە ئاسمانی شارەکەی تەنیوە.
بە پێی ئه و بەدواداچوونەی، کە ڕۆژنیوز ماوەی سێ ڕۆژە لەشاری کەرکوک ئەنجامیداوە 14 باخچەی شارەکە بە تەواویی وشک بوون، هەروەها بە پێی ئه و ئامارەی کە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، بەهۆی پێنەدانی بوجەی پترۆل دۆلار، زیاتر لە 700 باخەوان و چاودێری باخچەکان لە کارەکانیان دەرکراون و تەنها 74 باخەوان و چاودێر لەسەر کارەکانیان ماون.
ڕۆژ نیوز: 08-08-2017