بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#، زیاتر لە 494 کۆمپانیای بیانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
بەپێی ئه و داتا و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتوون، لە هەرێمی کوردستان سێ کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی خۆماڵی هەیە، لەگەڵ بوونی زیاتر لە 494 کۆمپانیای بیانی بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، داهاتی ساڵانەی بەڕێوبەرایەتی کۆنترۆلَی جۆری دەرمانیش لە وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 33 ملیار دینارە.
سەبارەت بەشێوازی هاوردەکردنی دەرمان د. ڕێکەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند هەر کۆمپانیایەکی بیانی یان خۆماڵی بیەوێت دەرمان و پێداویستی پزیشکی هاوردە بکات، دەبێت مۆڵەتی دامەزراندنی پێدرابێت لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و دواتر بەمەبەستی هاوردەکردنی دەرمان دەبێت کۆمپانیاکە داواکارییەک ئاڕاستەی کۆنترۆلَی جۆری بکات، بۆ ماوەی مانگێک مۆڵەتی ڕێگەپێدانی کاتی پێدەدەن بۆ هاوردەکردنی دەرمان لەڕێگەی فڕۆکەخانە و خاڵە سنورییەکان.
وەزیری تەندروستی ئاماژەشی بەوەکرد، دوای هاوردەکردنی دەرمان لیژنەیەکی پسپۆڕی تایبەت بەدەرمان سەردانی کۆگای کۆمپانیاکان دەکەن، بۆئەوەی چەند نمونەیەک لەدەرمانە هاوردە کراوەکە وەربگرن و لەماوەی مانگێکدا پشکنینی بایەلۆجی و کیمیایی بۆ بکەن.
ناوبراو، ئەوەشی خستەرِوو، ئەگەر دەرمانەکە لەپشکنینی تاقیگەیی دەرچوو، ئەوا ڕێگەی فرۆشتنی پێدەدەن، بەڵام ئەگەر دەرنەچوو ئەوا دەبێت دەرمانەکە بگەڕێندرێتەوە ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە، یاخود لەناو ببرێت.
رێکەوت حەمەرەشید ڕوونیشیکردەوە، ئەوان لەرِێگەی بەشی چاودێری بازاڕ بەدواداچوون بۆ ئەو دەرمانانە دەکەن بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو خاوەن کۆگا و دەرمانخانانە بکەن، کە دەرمانی ڕێگە پێنەدراو لەبازاڕ دەفرۆشن، ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 08-08-2017