سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەرنابەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەڵمانیا مامەڵەی ناردنەوەی 408 هەزار و147 پەنابەری عێراقی یەکلایی کردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە جێبهێڵن، لەوانەش زیاتر لە 51 هەزاریان کوردن.
#ئاری زرار#، سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەرنابەرانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی پەنابەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 1ی ئابی2017، ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە و ژمارەیان 101 هەزارو 29 پەرنابەر بووه و لە کۆی ئەم ژمارەیەش 10 هەزارو 44 پەرنابەر دانیشتووی عێراق بوون کە دەکاتە 9.9% سەرجەمی پەنابەران لەماوەی حەوت مانگی ئەمساڵ.
سەرۆکی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەرنابەرانی عێراق، وتیشی لەسەرەتای ئەمساڵەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا، مامەڵەی 408 هەزارو 147پەنابەری یەکلایی کردۆتەوە بۆ ئەوەی ئه و وڵاتە بەجێ بهێڵن لەوانەش 51 هەزارو 154 پەنابەری عێراقین و ژمارەیەکی زۆریش لەوانە کوردی باشوورو پارچەکانی تری کوردستانن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی پارتەکانی ئەڵمانیا بەردەوام داوای پێداچوونەوە بە یاساکانی مافی پەنابەرێتی دەکەن.
ئاری زرار، ئاماژەی بەوەشکرد، بە بیانوی نەمانی داعش لە عێراق ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەری عێراقی و بە تایبەت پەنابەری کورد مامەڵەکانیان ڕەتکراوەتەوه و ئەڵمانیاش تا دێت مامەڵەی لەگەڵ پەنابەران توند تر دەبێت بەتایبەت پارتەکەی ئەنجێلا مێرکڵ کە بە هۆی پێشوازی لە پەنابەران زۆرینەی دەنگەکانی لە دەستداوە و ئەم پارتە لە هەوڵی ئەوەدایە پێداچوونەوە بە کارەکانیان بکەنەوە بۆ دووبارە بە دەستهێنانەوەی متمانەی دەنگدەرانی وڵاتەکەیان، چونکە پارتەکانی دژ بە پەنابەران ڕێژەی دەنگەکانیان زیادی کردووە.
ئه و بەرپرسەی پەنابەرانی عێراقی ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی کردەوەی نەشیاو و ئەنجامدانی تاوان و دروستکردنی کێشە کە پەنابەران ئەنجامیانداوە، بیانو دراوەتە دەست بەرپرسانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی کاردانەوەی توندیان بەرامبەر پەنابەران زیاتر بێت، بەڵام بارودۆخ و گوزەرانی پەنابەران لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تر جیاوازە بەجۆرێک لە هەندێک ناوچەدا پەنابەران ڕووبەڕووی دیاردەی ڕەگەزپەرستی دەبنەوە بەتایبەت لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و لە هەندێک ناوچەی دیکەش بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.[1]
ماڵپەڕی دواڕۆژ: 08-08-2017