ڕۆژی شەممه 26ی 8ی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوە و فلورانس پارلی وەزیری بەرگریی و شاندێکی یاوەریان کرد.
لە دیدارەکەدا کە #کۆسرەت ڕەسوڵ# عەلی جێگری سەرۆکی هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسە سیاسی و ئیداری و سەربازییەکانی هەرێم ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی کوردستان جەختی لە پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان هەردوو گەلی فەڕەنسا و کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند کە تەنانەت بە گۆڕینی سەرۆک و حکوومەتەکانی فەڕەنسایش ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوام و دۆستانەیە. هەروەها وەزیری بەرگریی فەڕەنسایش پێزانینی بۆ ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی تیرۆریستان و وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی بەردەوامی تیرۆر لە ئاستی جیهانیدا ئەوەی خستەڕوو کە سەقامگیریی ناوچەکە بۆ وڵاتەکەی جیگەی بایەخە و جەختیشی لە بەردەوامیی پابەندبوونی فەڕەنسا کردەوە لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و مانەوەی هێزە فەڕەنسییەکان.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی گەلی کوردستانی کرد لە میوانداری کردنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و لێقەوماو و ستاییشی جۆری مامەڵەی هەرێمی کوردستانی کرد لە دۆسیەی ئاوارەکان و ویستی وڵاتەکەیشی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان خستەڕوو. ئەوەیشی دووپاتکردەوە کە فەڕەنسا لە قۆناغی شەڕ پشتیوانی کوردستان بووە و لە ئاشتیشدا لەگەڵ کوردستاندا دەبێت. لە بەشێکی تری وتەکانیدا هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی لە بەرانبەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەرۆک بارزانی شی کردەوە و داوایشی کرد حیوار لەنێوان هەرێم و بەغدا بەردەوام بێت هەتا ئەو کاتەی دەگەن بە ئەنجامێک کە هەردوولا ڕازی بن.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و سەرۆک و حکوومەتی فەڕەنسای کرد و فەڕەنسای بە دۆستێکی گەورەی گەلی کوردستان لە قەڵەم دا و لە وتەیەکدا ڕۆشنایی خستەسەر هەڕەشەی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و ڕۆڵی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا و ڕایگەیاند بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری لە قۆناغی دوای داعش پێویستە بە جددی کار لەسەر نەهێشتنی هۆکارەکانی دەرکەوتنی ئەلقاعیدە و داعش بکرێت و جگە لە شەڕی سەربازی شەڕی فکری و ئابووری و کۆمەڵایەتیی تیرۆریش بکرێت. سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی نیشان دا لە بارودۆخی دوای داعش و دەرکەوتنی کێشەی نوێ ئەویش لەبەر نەبوونی پلانێکی ڕوونی سیاسیی هەرچەندە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەر لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ زۆر جەختی لە بوونی پلانی سیاسی دەکردەوە. لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی موسلیش سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئاوەدانکردنەوەی موسڵ لە توانای حکوومەتی عێراقی بەدەرە و کوردستانیش پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارەکان دەمێنێتەوە هەتا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمیش سەرۆک بارزانی زۆر بە ڕوونی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند کە گەلی کوردستان ناتوانێ چیتر ئەزموونە شکستخواردووەکان دووبارە بکاتەوە و مادام یەکگرتنی ئارزومەندانە شکستی خواردووە و سەدساڵە چەمکی شەراکەت پێشێل کراوە گەلی کوردستان ڕێگەی خۆی دەگرێتەبەر و خوازیارە وەک دراوسێ پەیوەندی دۆستانە و باشی لەگەڵ بەغدادا هەبێ. لەدرێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ڕیفراندۆم مافێکی دیموکراتی خەڵکی کوردستانە و گەلی کوردستان دوور لە توندوتیژی و بە ئامرازی ئاشتیانە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت و لە قۆناغی بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش لەگەڵ بەغدا لە حیوار و دانوساندن بەردەوام دەبێت و داوایشی کرد فەڕەنسا کە هێما و پاڵپشتی ئازادییە لە ویستی گەلی کوردستان و ئێش و ئازاری سەدساڵەی بگات.
لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا هەردولا جەختیان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و هەماهەنگیی لەنێوانیان کردەوە.
26-08-2017
This item has been written in (کوردیی ناوەڕاست) language, click on icon
to open the item in the original language!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
This item has been viewed 5,236 times
Write your comment about this item!