تەنیا 10%ی خەڵکی تلکێف گەڕاونەتەوە
📊 ئامار و راپرسیا
ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای
تلکێفتلکێف رای دەگەیەنێ، کە سەرەڕای ئەوەی
داعشداعش لە قەزاکەیان دەرکراوە، بەڵام بەهۆی بوونی چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە، تا ئیستا رێژەیەکی زۆر کەمی خەڵکی تلکیف گەڕاوتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
شێخ ئەمجەد رەشۆ، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای تلکێف بۆ (باس)ی روون کردەوە کە بەرلەوەی تیرۆریستانی داعش هێرش بکەنە سەر قەزای تلکێف، 54 هەزار کەس لە ناوەندی قەزاکە و گوندەکانیدا نیشتەجێ بوون. دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش قەزاکەیان داگیر کرد، بەشی هەرە زۆری خەڵکی تلکێف ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون، تەنیا هەندێک عەرەب مانەوە، ئەوانیش چوونە مووسڵ و خۆیان گەیاندە نێو تیرۆریستانی داعش.
رەشۆ، گوتیشی: لە مانگی ئاداری ساڵی 2017دا قەزای تلکێف رزگار کرا، هەتا ئێستا تەنیا 4750 کەس لە دانیشتووانی قەزاکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
ئاشکراشی کرد: هەتا حەشدی شەعبی پاراستنی ئەمنیەتی قەزاکەی لەدەستدا بێت، خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە دوودڵ و نیگەرانن لە ژیانی خۆیان، هەندێک لە خەڵکی تلکێف بەره و هەندەران کۆچیان کردووە و هەندێکیش ئاوارەن و لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن، زۆرینەی عەرەبی قەزاکەش چوونە نێو ریزەکانی تیرۆریستانی داعشەوە، ئەوانەی چوونەتە نێو داعشەوە بە هیچ شێوەیەک رێ بە گەڕانەوەیان نادرێت چونکە دەستیان لەگەڵ تیرۆریستاندا تێکەڵ کرد و بوونە هاوکار و پشتیوانی داعش.
شێخ ئەمجەد ئەوەشی خستە روو، هەتا ئێستا تەنیا 600 بۆ 700 فەرمانبەر و کارمەندی میری گەڕاونەتەوە، ئەوانەی دیکەش هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، پێشتر پتر لە دوو هێندەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە فەرمانبەر و کارمەند لە تلکێفدا هەبوون، هەروەها تیرۆریستان چوار بینای حکوومەتیان تەقاندووەتەوە لەگەڵ ماڵی کریستیانی شارەکە، تیرۆریستانی داعش بە رێژەی 6% زیانیان بە قەزای تلکێف گەیاندووە.
ئه و هەروەها روونیشی کردەوە: بازاڕی تلکێف کراوەتەوە و ژیان زۆر ئاساییە، بەڵام هێشتا ترس لەنێو دڵی خەڵکدا هەیە، ناتوانن بەدڵنیاییەوە بگەڕێنەوە، بە تایبەتی هیچ کارێک بەبێ بەدەستهێنانی رەزامەندیی حەشدی شەعبی لە قەزای تلکێف ناکرێت. ئەوان دەڤەرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە. لە قەزاکەدا پۆلیسی عیراق و حەشدی شەعبی هەن، بەڵام هەموو کارێک لە دەستی حەشدی شەعبیدایە.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی قەزای تلکێف زیاتر گوتی: ”ئه و خەڵکانەی گەڕاونەتەوە دەڤەرەکە خەریکی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتن، هەندێکیش خەریکی کاری کشتوکاڵن، وەکی دی هیچ دەرفەتێکی کار لە تلکێفدا نییە. ئه و گەنجانەی لەگەڵ خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە بێکارن و هیچ دەرفەتێکی کارکردن تا ئێستا لە تلکێفدا بەدەست نەهاتووە. هەڵبەت بێ له و کەسانەی کە دووکان یان فرۆشگایان هەیە لەپاڵ پۆلیس و فەرمانبەراندا گەڕاونەتەوە نێو قەزاکە، ئەگەر نا هیچ پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە لە دەڤەرەکەدا نییە و جووڵەی کارکردن گەلێک لاوازە.
شێخ ئەمجەد رەشۆ ئەوەشی گوت: ئاوی خواردنەوە هەتا رادەیەک باشە، بەڵام هەموو بوارێکی خزمەتگوزاری باش نییە، وەک رێگەوبان و ئه و پێنج تەلارەی حکوومەت و هەندێک ماڵی مەسیحی لە سەردەمی تیرۆریستانی داعشدا تەقێندرابوونەوە، وەک خۆیان بە کەلاوەیی ماونەتەوە، هەتا ئێستا حکوومەتی بەغدا هیچی بۆ تلکێف نەکردووە.
ئه و روونیشی کردەوە، لەبەر خەمساردی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی قەزاکەی، قایمقامی قەزای تلکێف لە کارەکەی لادرا، هەتا ئێستاش قایمقامێکی نوێ بۆ قەزاکە دانەدراوە، پۆستی قایمقامی تلکێف مافی کریستانەکانە، بەڵام عەرەب هەوڵ دەدەن ئه و پۆستە وەربگرن. ئێمە وەک ئەنجومەنی قەزا رازی نابین، چونکە هەتا ئێستا پێنج عەرەب فۆرمیان وەرگرتووە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی قایمقامی تلکێف، ئەم پۆستەش مافی مەسیحییەکانە و نابێ کەسێکی عەرەب ئه و پۆستە وەربگرێت.
[1]
31-08-2017
⚠️ ئەڤ بابەت ب زمانا (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) هاتیە نڤیساندن، کلیک ل ئایکۆنا
بکە ژ بو ڤەکرنا ڤی بابەتی ب ڤی زمانا کو پی هاتیە نڤیساندن!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!