زیانەکانی شەڕی داعش بۆ هەرێم بە نزیکەی 20 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوه و زانیاری ستراتیژی کوردستان رایدەگەیەنێت، زیانەکانی شەڕی
داعشداعش لە هەرێمی کوردستان بە 20 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوه و زانیاری ستراتیژی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند بەپێی توێژینەوه و بەدواداچوونی ئێمە لەسەر زیانەکانی شەڕی داعش لە هەرێم، لەماوەی زیاتر لە سێ ساڵی رابردوودا، حکومەتی هەرێم زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
وتیشی ئێمە زیانەکانی شەڕی داعشمان بەدوو شێوە پۆڵین کردووە، ئەوانیش زیانی راستەوخۆ و زیانی ناڕاستەوخۆن لەسەر هەرێم، بۆیە ئەگەر زیانە راستەوخۆکان ئاماژە پێبکەین ئەوا دەردەکەوێت کە لەشەڕی داعشدا ساڵانە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار خەرجکراوە و بۆ سێ ساڵ دەکاتە سێ ملیار و 600 ملیۆن.
وتیشی لە توێژینەوەکاندا زیانەکانی ترمان باسکردووە کە پێکدێت لەزیانی ژێرخانی ئابووری و پێداویستی چەک و تەقەمەنی، کەواتە زیانە راستەوخۆکان بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لەبارەی زیانە ناڕاستەوخۆکانی شەڕی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوه و زانیاری ستراتیژی کوردستان وتی لەکاتی شەڕی داعشدا نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارەی باشور و ناوەڕاستی عێراق و رۆژئاوای کوردستان رویان لە هەرێم کرد کە نیوەی خەرجییەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ دابینکراوە، لەبەرئەوە ئه و زیانانەشمان بە 10 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
[1]
31-08-2017