شاسوار عەبدولواحید پەیامێکی بڵاوکردەوە
📝 Belgeler
سوپاس و پێزانین
سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ هەمو هاوڵاتیانی ئەزیز و خۆشەویست، بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە لەگەڵمان بوون لەم ماوەی رابردو و هاوکار و پشتیوانمان بوون، وە ئەوانەی کە ئەمرۆ دەنگیان دا بە نەخێر و باوەڕیان بە نەخێرەکەی خۆیان هەبو و لە راستی گەمە سیاسیەکە تێ گەیشتبوون، وە داوای لێبوردنیش لەوانە دەکەم کە دەنگیان بەڵێ بوە وو دڵگرانمان کردبێتن و رەنگە پێیان وا بوبێت کە ئێمە دژی ئەوانین یان دژی دەوڵەتی خۆمانین یان دژی خاک و نیشتیمانی خۆمانین، هیوادارم ئەمرۆ لە لێدوانی بەشێک لە بەرپرسان راستی ئەم پرۆسەیەتان بۆ دەرکەوتبێت و هەروەها دڵنیام کە لە ماوەی داهاتو زیاتر راستی ئەم گاڵتەجاریەتان بۆ دەردەکەوێت و دەزانن چۆن هەست و سۆزی نەتەوایەتی ئێوەیان بە کار هێناوە و بۆتان دەردەکەوێت کە چەندە ئێوە دڵپاکانە دەنگتان داوە و ئەوانیش چەندە دڵپیسانە دەنگتان دەفرۆشن و بۆ مەبەستی تر بە کاری دەهێنن.
ئەوەی ئەمڕۆ بۆمان دەرکەوت ئەوەیە کە ئەم پرۆسەیە بە راستی دەسەڵات رادەچڵەکێنێت، دەسەڵاتێک بۆ بابەتێکی وا نیشتیمانی و نەتەوەیی نەیتوانیوە قەناعەت بە هاوڵاتیانی خۆی بکات کە بەشداری ریفراندۆم بکەن، بەو پێیەی بە پێی زانیاریەکانی کە تا ئێستا دەستمان کەوتوە لە هەمو هەرێمی کوردستان ٪50 ی خەڵکی کەمتر بەشداری دەنگدانیان کردوە، وە لەو رێژەیەیش تەنها ٪27 دەنگیان بەڵێ بوە و ٪22 دەنگیان نەخێر بوە و ٪1 دەنگی پوچەڵ بوە، ئەمەیش مانای ئەوەیە کە لە هەمو هەرێمی کوردستان نزیکەی ٪75 ی هاوڵاتیان یان دەنگیان نەداوە و بەشداری پرۆسەکەیان نەکردوە یاخود دەنگیان نەخێر بووە.
بۆیە بە راستی دەسەڵاتی کوردی پێویستە دەست بە جێ بە خۆیدا بچێتەوە و بزانێت چی هەیەڵە ؟ ئایا تا کەی دەتوانێت دەنگی خەڵکی و هاوڵاتیان وەلا نێت ؟ ئایا تا کەی دەتوانێت بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت ؟ ئایا هۆکارچییە کە هاوڵاتیانی خۆی ئامادە نین بۆ ناونیشانێکی نەتەوەیی وەک ریفراندۆم متمانە بە دەسەڵات بکەن و بە دەم بانگەواز و بانگەشەکانیدا بچن ؟ خۆ ئەگەر ئەمە نەکات، ئەوا دەبێت بزانێت ئەم پەنگخواردنەوەیە تا سەر درێژە ناکێشێت و لە شوێنکدا دەتەقێتەوە.
هەرچی تایبەتیشە بە ئێمە و بە خەڵکی تر و هاوڵاتیان، ئەوا پێمان وایە کە قۆناغێکی نوێ، قۆناغێکی تری خەبات لە سبەینێوە دەست پێ دەکات و بەردەوام دەبین تا ئەو ساتەی کە دەگەینە ئامانجی پلان بۆ دانراو، ئەویش گۆڕینی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دەربازبونە لەم دۆخەی ئێستا.
شاسوار عەبدولواحیدشاسوار عەبدولواحید
25-09-2017
⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!