راگەیەندراوی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان
📝 بەڵگەنامەکان
وەک چاوەڕوان دەکرا، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە، بەپێی سیاسەتێکی پیلانگێڕانەی حکوومەتی عێراق بە پشتیوانی و هاوکاری هەردوو دەوڵەتی ئێران وتورکیا، بەرەبەیانی رۆژی 16/10/2017 میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق پەلاماری شاری کەرکوک و دەوروبەریان داو جارێکی دیکە شاری کەرکوکیان داگیرکردەوەو ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەئاسمانی شاری کەرکوک هێنایە خوارەوە.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، وێڕای بەرزنرخاندنی مقاوەمەت و قوربانیدانی پێشمەرگەو خەڵکی خۆڕاگری شاری کەرکوک، داگیرکردنەوەی شاری کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکان لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق لەلایەک و لەلایەکی تر پیلانی تەسلیمکردنی شاری کەرکوک بە توندی ریسواو شەرمەزار دەکات، هاوکات بێ لایەنی و بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست گەلەکۆمەکی هەرسێ دەوڵەتی داگیرکەری عێراق و ئێران وتورکیا، بەچەک و تانکی ئەمریکی هێرش کردنە سەر خەڵکی کوردستان شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێیوایە سەرەڕای گەورەیی پیلانەکە دژ بە ویست و خواستی گەلی کوردستان، بەڵام نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەشی کوردستانی، ئەزموونی شکستخواردووی حوکمڕانی و یەکنەخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەگشتی هۆکاری سەرەکی ئەم شکستە سەربازی و سیاسییە پێک دەهێنن، کە لە جیاتی هەنگاونان بەرەو پێشەوە گەلەکەمانی لەگەڵ بێ ئومێدی رووبەرووکردۆتەوە. بۆیە دەربازکردنی ئەم قۆناغەو شاندانە بەر بەرپرسیاریەتی تێپەڕاندنی مەترسییەکان، پێویستی بەکێتی و یەکڕیزی گەلەکەمان هەیەو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان نەفرەت لە لێکترازان و دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان دەکات.
مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
18-10-2017