بۆ رای گشتی و هەموو رێکخراوەکانی بەرگریکردن لەکاری رۆژنامەڤانی لە جیهاندا
📝 بەڵگەنامەکان
ئەمڕۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە عێراق و، بەناوی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیشەوە، دوو بەیاننامەی رێگریکردن لە کاری رۆژنامەڤانی
تۆڕی میدیایی رووداوتۆڕی میدیایی رووداو و، هەڕەشەکردن لە رووداو بڵاوکرانەوە، کە هەردووکیان پێچەوانەی دەستووری عێراق و ئازادی کاری رۆژنامەڤانین. هەرچییەک لەو دوو بەیاننامەیەدا هاتووە لەسەر بڵاوکردنەوەی ترس و هاندانی خەڵک بۆ راکردن لە کەرکووک و ناوچەکە، تەواو پێچەوانەکەی راستە. تۆڕی میدیایی رووداو کاری خۆی کردووە لە رووماڵکردن و گواستنەوەی ئەوەی روودەدات بەشێوەیەکی پیشەییانە. هەروەها هەرچییەک کە لە رووداو بڵاوکراوەتەوە بەڤیدیۆ و بەڵگە و زانیاری وردبووە.
بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی گرتنی خەڵک بەبێ فەرمانی دادگا، دەرهێنانی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکان و کوشتنیان، ئاگرتێبەردانی ماڵی هاونیشتمانیان، کۆڕەوی هەزاران خەڵک بەهۆی ئەو بارودۆخە و، سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی کورد لەشاری کەرکووک و خورماتوو، بێگومان بەدڵی ئەو دەسەڵاتە نابێت کە ئەو کارانە دەکات، بەڵام ئەوە کاری میدیای پرۆفیشناڵ و ئازادە و یاساکانیش ئەو مافە بە میدیا دەدەن و لەڕووی پیشەییشەوە ئەرکی میدیایە ئەوە بکات.
ئەوەی زیاتریش جێگەی سەرسووڕمانە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە خۆی لەهەموو ئەو پێشێلکارییانە و دەیان پێشێلکاری دەستووری و یاسایی دیکە بێدەنگکردووە لە رۆژی 16/10/2017ەوە، لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە رووداودا هاتووەتە دەنگ کە دەڵێ وێنەی ئایەتووڵڵا خومەینی رێبەری کۆچکردووی شۆڕشی ئیسلامی و وێنەی ئایەتووڵڵا خامنەیی رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە بینایەی پارێزگادا دانەنراوە.
ئێمە بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رادەگەیێنین، ئەگەر ئێوە بەکردەوە ئازادی و ئەمنییەتی خەڵک دەپارێزن و ئەوەندەش بە وردی چاودێری کاری تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن، بۆچی خۆتان لە هەڕەشەکانی تیرۆرکردنی پەیامنێرانی رووداو لە کەرکووک بێدەنگکردووە و، بە ئەرکی یاسایی و ئەمنی خۆتان هەڵناستن.
ئێمە لە دوای ئەو بەیاننامەیەوە پاراستنی گیانی هەموو کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو دەخەینە ئەستۆی ئێوە و، بەپێی دەستوور و بنەماکانی ئازادی و دیموکراسیش پاراستنی گیان و ئازادی کارکردنیان لە ئەستۆی ئێوەدایە، نەک رێگریکردن لە کارکردنیان. لەبەرامبەر هەر جۆرە هەوڵدانێکیش بۆ ناوزڕاندنی تۆڕی میدیایی رووداویش مافی یاسایی سکاڵا تۆمارکردنی خۆمان لەکاتی پێویستدا دەپارێزین.
هەر لێرەدا داوا لە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق UNDP، رێکخراوی بەرگریکردن لە رۆژنامەڤانان SPJ، فیدراسیۆنی رۆژنامەڤانانی جیهان IFJ، رۆژنامەڤانانی بێسنوور و هەموو ئەو رێکخراوانەی بەرگری لە کاری رۆژنامەڤانی دەکەن، هەموو تەلەڤزیۆنە هاوەڵەکانمان دەکەین لە کۆمەڵەی ئەوروپی ئاڵۆگۆڕی هەواڵ ENEX و هەموو دەزگا میدیاییەکانی جیهان، کە لەبەرامبەر ئەو هەڕەشە و رێگریانەی لە کاری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو و رۆژنامەڤانان دەکرێت لە کەرکووک و دەوروبەری، بێنە دەنگ و گوشاربخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی ئازادی کاری رۆژنامەڤانی.
تۆڕی میدیایی رووداو
18-10-2017