یەکێک لە بریندارەکان لەکاتی چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، ف...
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو ئاشکرادەکات و رایدەگەیێنێ، 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 321 کەسیش بەهۆی ترس و برینداربوونەوە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکان.
د. رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو 12-11-2017، حەوت کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوتەی وەزیری تەندروستی، چوار کەس لەوان لە قەزای دەربەندیخان، دوویان لە گەرمیان و یەکێکیش لە سلێمانی بووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دوو لەو کەسانەی لە دەربەندیخان گیانیان لەدەستداوە بە رەگەز عەرەب بوونە.
لەبارەی بریندارەکانیش وەزیری تەندروستی گوتی: 120 کەس بەهۆی ترسەوە هێنراونەتە نەخۆشخانەکان، 201 کەسی دیکەش برینداربوونە، سەرجەمیان برینەکانیان سووکە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، بەشێکی زۆریشیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 12-11-2017، بوومەلەرزەیەکی بەهێز هەر چوار پارچەی کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەی هەژاند، بەهۆیەوە تەنیا لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستدا و سەتانی دیکەش برینداربوون.
بەپێی سەنتەرەکانی جیۆلۆجی ئەمریکا و ئێران و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، نێوەندی بوومەلەرزەکە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان (هەڵەبجە و کرماشان) بووە، گوڕەکەشی لەنێوان 7 بۆ 7.6 پلەی رێختەر بووە.
[1]
13-11-2017