بەلاغی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان 18-11-2017
📝 بەڵگەنامەکان
بسم الله الرحمن الرحیم
کاتژمێر (10،00)ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەرواری (18/11/2017)، بەسەرپەرشتی مامۆستا سەعید عەلی عەبۆ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا و گرنگترین تەوەرەکانی ئەمانەی خوارەبوون.
1. کۆبوونەوە هاوخەمی و سەرەخۆشی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی ئاراستەی هاووڵاتیان و کەس و کاری قوربانیان و زەرەرمەندانی بومەلەرزەکەی ئەم رۆژانەی رابردوو کرد لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و دوعاخواز بوو خوای رەحمان شەهیدان بە بەهەشت شاد بکات و شیفاش بۆ بریندارەکان بنێرێ.
2. ئەنجومەنی سەرکردایەتی هاوخەمی خۆی ئاراستەی ئاوارەکانی ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە تایبەت مەخمور و دوزو و کەرکوک کردو داوای کرد حکومەتی هە رێم و دەزگا پەیوەندیدارەکان کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ تەحقیق لە رووداوەکان وبەدەمەوە چوونی ئاوارەکان و قەرەبوو کردنەوەی زیانەکانیان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.
3. کۆبوونەوە هیوای خواست پێشوازی گەرم و گوڕ لە مانگی مەولودی پیرۆز و ئەنجامدانی چالاکی شایەنی ئەم بۆنە مەزنە بکرێت.
4. ئەنجومەنی سەرکردایەتی نەخشە ڕێگای قۆناغی دوای (16/10/2017)ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی خستەڕوو کە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە گوتاری سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی بە شێوەیەک لەگەڵ دۆخی ئێستاو ئەگەرو سیناریۆکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بگونجێت.
5. لە تەوەرێکی تردا ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەسەر بابەتی گۆڕانکاری لەم حکومەتەدا وەستاو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی ڕاگوزەری(انتقالی) بە پێویست زانی بە مەبەستی هێنانەدی یەکڕیزی نیشتمانی و چاکسازی خێرا لە مەسەلەی بژێوی و گوزەران و لایەنی ئەمنی هاوڵاتیاندا.
6. ناردنی شاندی هاوبەشی هەرێم بۆ دانوستانی حکومەتی یەکریزی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بە ئەرکی هەنوکەیی زانی.
7. جەخت کردنەوە لەسەر تەواوی شایستە دارایەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوریەکانی هەرێم لە یاسای بودجەی فیدراڵی.
8. ئەنجومەنی سەرکردایەتی جەختی کردەوە لە مەرجعیەتی پەرلەمان و کاراکردنەوەی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە چاودێری و یاسادانان بە زەرور زانی، بۆ ئەوەی پەرلەمان یاسای پێویست بۆ چاکسازی بنەڕەتی دەر بکات لە پێناو ڕاستکردنەوەی دۆخە شێواوەکه و ئاراستە کردنی ڕێڕەوی سیاسی هەرێم.
9. کۆبوونەوە لێکۆڵێنەوه و تاوتوێکردنی بژاردەکانی بەردەم یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەکراوەیی هێشتەوە...
10. لە کۆتاییدا کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە لەسەر گرنگی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆی راشکاوانە بۆ چارەسەری خێرای گرفت و قەیرانەکان و بژێوی و گوزرەران و خواستەکانی ئێستای خەڵکی کوردستان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
18-11-2017