بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران پاشەکشەی بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی کردووە
📊 ئامار و راپرسی
ڕۆژنیوز- زاهیر ئیبراهیم
نیگەرانییەکان لە بۆردومانکردنی ناوچەی
سیدەکانسیدەکان بەردەوامە و بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکانیش ڕایدەگەینێت لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا تورکیا و ئێران بە بەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانی ناوچەکەی کردووە و ئەمەش چەندین زیانی گیانی و ماددیی لێکەوتوەتەوە.
بەردەوامی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و بەرپرسانی ئەو سنورەی لێکەتووەتەوە.
ئێحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان لە بارەی زیانەکانی ئێستای سیدەکان بۆ ڕۆژنیوز وتی:دەڤەری برادۆست کە هەڵکەوتەیەکی گرنگی هەیە بۆ کاری کشتوکاڵیی و ئاژەڵداریی، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پێگەیەکی گرنگی هەبووە و خەڵکەکەشی زیاتر پشتی بەکاری کشتوکاڵی بەستووە، بەڵام بەهۆی ترسی هاوڵاتیان لە بۆردومان و تۆپبارانی تورکیا و ئێران ماوەی دوو ساڵە دەڤەری برادۆست ڕووبەرووی پاشەکشەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بوەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد:بەهۆی یەردەوامیی بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران، نەتوانراوە 115 گوند ئاوەدان بکرێنەوە، کە لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا 26 جار دەڤەری برادۆست لەلایەن تورکیا و ئێران بۆردوومان کراوە، جگە لە سوتانی ڕەز و باخی هاوڵاتیان و زیانی ژینگەیی و زیانی گیانیش هەبووه، نزیکترین حاڵەتی زیانی گیانیش ڕووداوەکەی مانگی 11ی ئەم ساڵ بوو لە گوندی بەرمیزه، که بووە هۆی شەهیدبوونی هاوڵاتییەک.
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان، ڕاشیگەیاند:داواکاری سەرەکی هاوڵاتیانی سنوری سیدەکان و حکومەتی هەرێم، ڕاگرتنی بۆردوومان و نەهێشتنی نائارامییەکانە، ئێمە ئه و داواکارییەی هاوڵاتیانمان بەسەرووی خۆمان گەیاندووە.
شارەدێی سیدەکان لە ساڵی 1932 فەرمانی کارگێڕیی بۆ دەرچووە کە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە شارۆچکەی سۆرانە لە پارێزگای هەولێر، دەکەوێتە سێ گۆشەی سنوورە دەستکردەکانی (باشوور، باکور، ڕۆژهەڵات) عێراق و تورکیا و ئێران، ژمارەی دانیشتوانەکەی 18 هەزار کەسە و زیاتر لە 262 گوند لە خۆدەگرێت، بەهۆی بۆردومانی تورکیا و ئێران لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا 53 هاوڵاتی شەهید بوون.
[1]
05-12-2017