سەرۆکایەتی پەرلەمان: لێدوانەکانی حەیدەر عەبادی نابەرپرسانە و هەڵەن
📝 بەڵگەنامەکان
لە رۆژی 6/12/2017 بەرێز
حەیدەر عەبادیحەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا رایگەیاند رێگریکردن لە دابەشبوونی عێراق سەرکەوتنێکی دیکە بوو، کە هیچی کەمتر نەبوو لە سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستانی
داعشداعشدا.
ئێمە لە سەرۆکایەتی
پەرلەمانی کوردستانپەرلەمانی کوردستان بە شاهیدی هەموو دونیای ئاشتیخوازیش، ئەو راستییەی دووبارەدەکەینەوە، کە ئەگەر قارمانیەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیکمەتی سەرکردایەتییەکەی نەبوایە، هێزەکانی عیراق لە مۆسڵ و زۆر لە ناوچەکانی دیکەش، کە دوو ساڵ زیاتر لە ژێر کونترۆلی تیرۆریستانی داعشدابوون، نەیاندەتوانی ئەو سەرکەوتنە تۆماربکەن کە ئێستا بەرێز عەبادی شانازیی پێوەدەکات، هەروەها جێگەی سەرسورمانیشە کە بەرێز عەبادی ئەو هێرشە سەربازییەی، کە لە رۆژی 16/10/2017 بە پشتیوانی و بەشداربوونی حەشدی شەعبی دژ بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان کە هاووڵاتی عیراقن و ئەو تاوانانەی لە کەرکووک و دوورخورماتو و ناوچەکانی تر ئەنجامدراون، بە سەرکەوتن لە قەڵەمبدات و هاوشێوەی سەرکەوتنی دژی تیرۆریستان وەسفی بکات.
ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان ئەو لێدوانەی بەرێز حەیدەر عەبادی بە لێدوانی نا بەرپرسانە و هەڵەیەکی راشکاوانە دەزانین، چونکە دوورە لە یاسا و بەها و پرەنسیپەکانی هاووڵاتیبوون و پێچەوانەی خودی ماددەی (9)ی دەستووری هەمیشەیی عێراقیشە، کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئەم جۆرە کردەوە لەشکریانە دژی هاوڵاتییانی عێراق ئەنجامبدرێن و شەرعییەتیشیان پێنادات. ئەمەش پێشێلکردنێکی دیکەی زەقی دەستوورە، کە دەخرێتە سەر ئەو پێشێلکارییە زۆرانەی دەستوور کە لە لایەن حکومەتە دوای یەکەکانی عێراق ئەنجامدراون، لە وانەش جێبەجێنەکردنی مادەی (140) ی دەستوور و، هەر ئەم پێشێلکارییانەشبوون کە بۆنەتە هەرەشەو مەترسی بۆ پارچەبوونی عێراق و هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش ئەم هەلەیە بقۆزنەوە و رێژەیەکی زۆری خاکی عیراق داگیربکەن و جینۆساید و تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامبدەن.
دووبارە، داوا لە بەرێز عەبادی دەکەین کە هێزی لووژیک بگرێتەبەر و دەرگای گفتوگۆ و دانوستان بەرەوڕووی هەرێمی کوردستان دانەخات و رێگەش نەدات مەرامە سیاسییە تەسکەکان، هەژموونیان بە سەر ماف و ئیرادەی گەلانی عێراق و دەستوورەکەی هەبێت؛ چونکە زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی لە زمانی هەرەشە و بەکارهێنانی هێز، خودی هاووڵاتییانی عێراقن و ئەم جۆرە لێدوانانەی هاوشێوەی لێدوانی بەرێز عەبادی مەترسی و هەرەشەن لەسەر ئایندە عێراق کە وەک وڵاتێکی مەدەنی و دیموکراسی بمێنێتەوە، بەڵام دانوستان تاکە رێگەیە بۆ رزگاربوون لە لەمپەر و تەگەرەکان و گەیشتن بە چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکان.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان - عیراق
08-12-2017